شعر نو

پارچە شێعرێگ وە بوونەێ ۲۷ مین ساڵیاد ئەنفاڵ

 

خه‌و نه‌بوون، کیژۆڵه‌ خه‌و نه‌بوون

ئه‌وه‌ ڕه‌زبوون و ه ئه‌مردن

ئه‌وه‌ ئاو بوون و ئه‌مردن

ئه‌وه‌ به‌رد بوون و شل ئه‌بوون

ئه‌وه‌گۆم بوون و ڕه‌ق ئه‌بوون

خه‌و نه‌بوون، کیژۆڵه‌ خه‌و نه‌بوون

ئه‌وه‌ ده‌ستی سه‌رگوزوشته‌و

خه‌یاڵ نه‌بوو، کیژۆڵه‌که‌م

ئه‌وه‌ ده‌ستی نیوه‌ی دنیاو نیوه‌ی ده‌وڵه‌ت و

قانوون بوو که‌ ئه‌هات و

تۆی ئه‌خسته‌ زیلێکه‌وه‌و

دوور ئه‌یبردی

ئه‌وه‌ نیوه‌ی بلیمه‌تی و نیوه‌ی عه‌قڵ و

نیوه‌ی زانای جیهانێ بوو

به‌یه‌که‌وه‌…له‌گه‌ڵ”مونته‌سیر بیللادا

(با)ی بۆ گه‌نیان بۆ هه‌ڵکردی.

خه‌و نه‌بوون، کیژۆڵه‌ خه‌و نه‌بوون

کڵۆ خه‌ڵووزه‌ سارده‌که‌

ئه‌وه‌ مه‌مکێکی دایکت بوو

تۆپه‌ڵه‌ سوورو گه‌رمه‌که‌

ئه‌وه‌ ده‌ماغی باوکت بوو

خه‌و نه‌بوون، کیژۆڵه‌ خه‌و نه‌بوون

ئه‌وه‌ی کارژۆڵه‌که‌ی تۆی خوارد

ئه‌وه‌ی مراویه‌که‌ی دزیت

ئه‌وه‌ی مامزه‌که‌ی بردی

ئه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌ی کۆشتی

گورگ نه‌بوون،کیژۆڵه‌، گورگ نه‌بوون

ئه‌وه‌ حیکایه‌ت نه‌بوون بۆتبکه‌م

شیعر نه‌بوون بۆت ڕێکبخه‌م

ئه‌وه‌ ده‌واڵی مێژوو بوون..

ئه‌وه‌ وه‌قاس و سه‌عد بوون

لای خه‌لیفه‌وه‌ هاتبوون!

خه‌و نه‌بوون، کیژۆڵه‌ خه‌و نه‌بوون

وه‌کوو پڕچ و زه‌رده‌خه‌نه‌که ‌و گواره‌کانت

حه‌قیقه‌ت بوون!

خه‌و نه‌بوون، هه‌رگیز خه‌و نه‌بوون….

ئه‌ی به‌ چاوی خۆت نه‌تبینی:

گوڵه‌کان چۆن له‌ ترساندا ڕایان ئه‌کرد

بنچکه‌کان هه‌ڵ ئه‌هاتن

ئه‌ی به‌ چاوی خۆت نه‌تبینی:

‌‌که‌روێشک خۆی ئه‌کرد به‌ په‌یکه‌ر!

هه‌تاو خۆی ئه‌کرد به‌ سێبه‌ر!

ئه‌ی به‌گوێی خۆت گوێت لێ نه‌بوو

له‌و ئێواره‌ به‌سامه‌دا

سه‌گه‌که‌مان که‌وته‌ قسه‌و

به‌ڵام مه‌رد بوو

وتی چی ئه‌که‌ن بابیکه‌ن

به‌ڵام من نابم به‌ به‌عسی!

خه‌و ن نه‌بوو، کیژۆڵه‌که‌م خه‌ون نه‌بوو

ئه‌ی هه‌رله‌به‌ر ده‌متا نه‌بوو

له‌ دوای ناشتنی هه‌ڵه‌بجه‌

ئه‌ستێره‌یه‌کی مرۆڤ دۆست

هاته‌ هه‌یوان

قه‌یرێ له‌گه‌ڵماندا گریاو

ئینجا ڕۆیشته‌وه‌بۆ ئاسمان

خه‌ون نه‌بوو، کیژۆڵه‌که‌م،‌ خه‌ون نه‌بوو.

لە کومەڵە شێعر ‘گوڕستان چراکان – ماموستاێ نەمر شێرکو بێکەس

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

این سایت از اکیسمت برای کاهش هرزنامه استفاده می کند. بیاموزید که چگونه اطلاعات دیدگاه های شما پردازش می‌شوند.

دکمه بازگشت به بالا