“لەبەر ڕۆشناییی ڕۆحگەراییەوە”
“ڕۆژ هەڵەبجەیی” و “پێشەوا کاکەیی”
————
-١-
قرژاڵ، کە ئاو ماندووی دەکرد:
پاڵی دەنا بە نیوەڕۆ و،
لە عەسرێکی فێنکدا،
بە دوای تراویلکەدا دەگەڕا!.
—————————
قرژاڵ، نیوەڕۆیان دەعوەتی کیسەڵ بوو،
بەس هێندە بە خاووخلیچکی چێشتی حازر دەکرد:
دەبوو بە عەسر.
لە داخی گەرما:
قارچکی دەکردە کەپر!.
-٢-
سیسرکە، بە فڕینێکی شەلەوە:
دەگاتە قوژبنی دیوارەکان.
بێئاگا لە مرۆڤ،
هەموو دیوارەکانی بە ژەهر قیرتاو کردووە!.
—————————————
سیسرکە، دەبێت بگەڕێتەوە نێو حەقیقەتی خۆی،
لە پەیڤی نەشیاوی مرۆڤ دوور بکەوێتەوە.
مرۆڤ، وەها بە دوایدا بگەڕێت:
هیچ ئاوازێک لەو خۆشتر، نەچووبێتە گوێچکەیەوە!.
-۳-
گیا، ئەوەندە بە سەوزی زیکر و تەهلیلە دەکات:
تا، تای لێ دێت و، زەردهەڵدەگەڕێت.
دواتر، لەسەر بەرماڵی با:
شۆڕشی نوێژ بەرپا دەکات!.
—————————-
گیا، دوای تەواوبوونی زیکری، لە ژێر پێی مرۆڤ:
وەک دەروێشێک، خەنجەر هەڵناکێشێت و،
بیدات لە تەپڵی سەریی و،
لە بەرچاوی هەموواندا: خوێنی لێ بچۆڕێتەوە.
گیا، لە تاو پەلکێکی، کە زەردهەڵدەگەڕێت:
لە ژێر پێشدا، هەر سەرقاڵی نوورە!.
-٤-
قوتابخانەی بەرد، دەچێتەوە سەر شۆڕشی سپیی.
ئیدی هەموو ئاقڵەکان، لەوەوە:
فێری تێزێک دەبن،
ئەویش، ئەفسانەی بێدەنگیی!.
———————
بەرد، قوتابخانەیەکە: دەچێتەوە سەر شۆڕشی فیکری.
لە هێزی سوور نییە و، سپیخوازە*.
گەر ئەقڵ نەچێتە نێو دەستەوە:
حەز بە سەری کەس نکات، خوێنی لێ بچۆڕێتەوە!.
…………….
* سپیخواز: ئاشتیخواز
-٥-
ڕێوی، هەرچەندە فێڵباز بێت:
ناگاتە فێڵی مرۆڤەکان.
دان بۆ مریشکەکان ڕۆ دەکەن:
دواتر، جەللادن بۆیان!.
——————————
ڕێوی، بیانووی دەمی مرۆڤە:
بۆ فێڵکردن خوڵقابێت.
ئەو، لەبەر چەقەڵ سەری لێ شێواوە:
کە زۆر لە خۆی دەچێت!.
-٦-
پەپوولە، تەنیا وەرزێکی هەیە بۆ ژیان:
بۆنی هەموو گوڵێکی کرد و، عیشقی پێ نەکرد، بۆ خۆی.
دوا جار، لە حیکمەتی چرایەکدا:
بۆ عیشق بووە قوربانی!.
—————————–
پەپوولە هێندە دڵتەنگە، ناگاتە وەرزێکیش:
وەک پەککەوتەیەک، بەسەر چڵی نێرگزێکەوە، سەردەنێتەوە.
وەک خۆی نا، لە داخی ئەو شاعیرانەی، دەیخەنە نێو ڕستەیەکی شیعریی:
کە جگە لە دڵەڕاوکێ بۆ مەرگ، هیچ ترووسکایەکیش بۆ ژیان ناهێڵنەوە!.
-٧-
تابلۆی سەر دیوارەکە:
چیرۆکێکە لە ئەفسانە.
ورچێکە، لە نێو بەفردا گەمە دەکات:
مناڵێک، قاپێک لە پێکەنینی پێشکەش دەکات!.
—————————————-
ورچ، هێندە ناشیرین کراوە بە ڕێنووسی قەڵەویی:
ژن و پیاویش، هەمیشە ڕکابەرێتییانە لەسەر کزیی.
کەچی دونیای منداڵیی، ئەوەندە پاک و جوانە، کە ورچ دەبینێت:
دەڵێت: بە دەم چیرۆک خوێندنەوەوە، لە باوەشمدا دەخەوییت!.
-٨-
گورک، هەڕەشە لە گیا ناکات: کە سەوزایی حونجە دەکات.
مرۆڤ، برێک جار ئێرەییەکانی کۆ دەکاتەوە: تا لە ماڵی ئەو بێت.
مەگەر لە ماڵی گورگ و مرۆڤدا، چ شتێک هەیە:
گەر گۆشت لە نێوانیاندا، هاوبەش نەبێت!.
——————————————–
گورگ، لە ڕەونەقیی تیژی ددانەکانییەوە مەڕوانە: هێزت بەرێت.
بۆنی وەهاشی پێ مەبەخشە، کە بە گۆشتتەوە: ئێسقانیشت بهاڕێت.
تۆ کە ئێرەیی نابەیت بە ڕۆح و، بتەوێت ئەویش لەتەکتدا بخەوێت:
بە هێزی خۆتدا بچۆوە و، هێندەش بۆن مەکە: گورک قەڵس ببێت!.
-٩-
مرۆڤ چەند سەیرە، بە تەنز: مرواوی، دەدەنە بەر لێشاوی دەمارگیریی.
هەرچەندە بڕواتە قووڵایی پێڵاوەکانی گۆم و ڕووبار:
مەرحەمەکانی تەڕبوون ناناسێ.
مرۆڤ چەند سەیرە، تەنزەکانی دەسڕێتەوە:
بە دەستنووسی چەقۆیەک، پەیامی ئاشتەوایی بۆ دەنێرێ!.
—————————————————
مراوی، شیکاری چڵپاوخۆریی و، زێرابەکانی بۆ مەکەن؛
بارێك کە لە نێو زگتاندایە، بە قەبزیی بۆی ئاودیو دەکەن،
چ دەکەن، دوایی بۆ گۆشت، بە چەقۆ ئەنجن ئەنجنی دەکەن!.
-١٠-
لە کوچە و کۆڵانەکانی پشیلەوە:
دەچمەوە سەر دووڕیانی خۆشەویستیی و جوانی.
لە دەریای چاوەکانی پشیلەوە، کە مەلەوانەکان هاتنەوە،
وتیان: پشیلە خوویەکی نییە، بێ نمەکی.
ئەوە بیرچوونەوەی هزرە، بۆتە
گرێیەک لە سەنتەری سمێڵەکانی!.
———————————————
پشیلە، هەرچی خووی بێ نمەکی هەیە، وەها داویانەتە پاڵی:
بە ئاستەم لە ئێمە جودا بێت، کە سمێڵمان سپیی بووە بە ماستی.
کەچی ڕەچەڵەکی شێر و پڵنگ، دەچنەوە سەر جوانیی وی!.
٩ – ١٨/١٠/ ٢٠١٦
تێچنین// بەشی یەکەمی شیعرەکە: ڕۆژ هەڵەبجەیی، بەشی دووەمی شیعرەکە: پێشەوا کاکەیی