شامی کرماشانی” شاعیری زامەکانی کۆمەڵگا – ئەرسەلان چەڵەبی
شاعیری خەڵک و زامەکانی کۆمەڵگا کێیە و چ سامانێکی سەرڕیژ لە خۆشەویستی مرۆڤ بۆ خۆی مسۆگر کردووە؟ هەر لە کۆنەوە تا ئێستا بۆ خەڵک و کۆمەڵگای گەوەری ئەدیبان و نووسەران سەلماوە کە زەمان و مێژوو زۆر وردبینە و بێ شەرم و شکۆ لە ڕووی راستییەکان و جوانییەکان بڕیاری لە سەر تاکێکی هونەرمەند داوە و بۆ هەمیشە لە ناو زەین و مێشکی مرۆڤایەتی و هەروەها مێژووی نەتەوەیەک هێشتوویەتەوە و کردوویەتی بە بەشێکی دانەبڕاو لە رۆح و جەستەی وڵاتێک. جا ئەگەر ئەو کەسە شاعیر بێ و لە هەموان گرینگتر کورد بێ و لە جوگڕافیای کوردستان ژیانی بە سەر بردبێ، ئەوە ئیتر دۆخەکە جیاوازتر و هەستیارترە.
کوردستان خاوەنی زمان و ئەدەبیاتێکی پاراو و زیندوویە و فرە زاراوەییش لە زمانی کوردیدا وێنەیەکی جوانمان لە هونەر و ئەدەبیاتی ئەو وڵاتە بۆ دێنێتە بەر چاو کە جوانترین رەنگەکان لەوێدا گونجاوە و بە شێوەیەکی سیحراوی و جوانیناسانە زەفەر دەباتە ناو رۆحمانەوە و هەست بە بەختەوەری دەکەین کە خاوەنی وەها ئەدەبیات و زمانێکی بەشکۆ و بەپێزین.
کاتێک باسی شانامەی کوردی دەکەین بیر و مێشکمان دەچێتەوە بەرەو ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەورامانەوە بگرە تا دەگاتە جافایەتی و دواتر کرماشان و ئیلام و لۆڕستان، ئەدەبی کوردی بە شێوەزارەکانی هەورامی،کەلهوڕی،لەکی و لۆڕی سامانێکی زۆر دەوڵەمەندی بۆ ئەدەبیات و زمانی نەتەوەی کورد مسۆگر کردووە و ئەو ناوچانە بەشێکی هەرەگرینگی مێژوویی و کلتووری کوردانە و شاعیر گوتەنی: “بە بێ ئەوان کوردستان دی چەست”؟ لەو سۆنگەیەوە لەو هەلە کەڵک وەردەگرین و دەبینە میوانی گەورە شاری کوردان، شارە جوانەکەی کرماشان و لەنگەر لە سەر شاعیرێکی مەزنی ئەو دەڤەرە دەگرین و بۆ چەند ساتێک تێکەڵ بە دونیای جوان و سێحراوی شیعرەکانی شاعیری گەورەی کورد “شامی کرماشانی” دەبین.
۲_
“شامی کرماشانی” شاعیری خەڵك و زامەکانی کۆمەڵگایە، شاعیری ساکاری و ساماڵی و رووناکایی دڵی ئەو دەڤەرەیە، شاعیرێک کە لە ڕواڵەت و مانای شیعرەکانیدا هەست بە راستی و جوانی و خەبات بە دژی تاریکی و ناعیداڵەتی دەکەی، شامی لە ڕیگەی شێعرەکانییەوە چۆتە ناو ناخی کۆمەڵگا و خەڵکەکەی و خەم و خەفەت و ئازاری خەڵک و وڵاتەکەی هەتا سەر ئێسقان هەست پێ کردووە و هیچ کات لە هیچ دۆخێکدا لە کۆمەڵگا و خەڵکەکەی جیا نەبووە، هەر ئەوەش وای کردووە کە وەها شاعیرێکی گەورە و بەنرخی لێ دەرچێ و ببێتە بەشیکی هەتاهەتایی مێژووی نەتەوەکەی.
شامی لە قوتابخانەی زمانی دایکی و هەروەها کلتوور و ئەدەبی رەسەنی نەتەوەکەی خۆی پێگەیشتووە، زمانی دایکی ئەو واتە “شێوەزاری کەلهوڕییە” کە شێوەزارێکی گرینگ و دەوڵەمەندی زمانی کوردییە، کاتێک شامی سەرڕیژ لە شیعر و جوانی و خەیاڵ رووبەڕووی زمانە شیرینەکەی دایکی خۆی دەبێتەوە، بە دڵنیاییەوە گەلێک شاکاری جوانی شیعری دەخولقێ و ئەدەبیات و زمانی نەتەوەکەی پێ دەوڵەمەند دەکا. شامی هەڵقوڵاو و هەڵکەوتووی جوگرافیایەکە کە تێیدا بار هاتووە و خۆی پێگەیاندووە.
۳_
“شاهموراد موشتاق وەتەن دووست” ناسراو بە “شامی کرماشانی” لە ساڵی ١٢٩٦ی هەتاوی لە شاری کرماشان چاوی بە دونیای روون هەڵێنا، خوداموراد باوکی و خاتوو فانووس دایکی بوو، شامی بە داخەوە لە تەمەنی چوار ساڵیدا لە بینایی چاو بێ بەش دەبێ و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە رووناکایی و جوانییەکانی ژیان دەکا. هەر لە سەرەتای مناڵیشەوە دایک و باوکی دەمرن و بە تەنیا جێی دەهێڵن. شامی کرماشانی هەر لە مێرمنداڵییەوە بە هێزی شان و پیلی خۆی بەخێو دەبێ و لە ناو سەختی و ناخۆشی ژیاندا خاراو دەبێ.
شامی تاک و تەنیا لە سەردەمی گەنجییەتی دا بە هاوکاری و پشتگیری گەورەپیاوەکانی کرماشان وەکوو “کۆچکردوو شمس العلما، ئاغا شمس الدین آل آقا” توانی لە گەڵ گەورە شاعیرانێک وەکوو خەیام، سەعدی و حافز ئاشنا بێ، هەر لە کۆڵان و دووکان و ناو بازاڕەکاندا کە ئەو کات خوێندنەوەی شیعری شاعیرانی ئەو دەڤەرە لەوێ باو بوو توانی زۆرتر لە گەڵ رۆحی شیعر و جوانییەکانی ئاشنا بێ و هەر ئەوەش بوو بە سەرەتایەک کە خۆی شیعر بهۆنێتەوە، زۆربەی شیعرەکانی شامیش بەشێک بوو لە کێشەکانی ناو کۆمەڵگا و بە شێوەیەکی نەپساوە شیعر و کۆمەڵگای بە یەکەوە گرێ دابوو.
شامی خۆی دەڵێ:
“لەو کاتەدا شیعری «مەلا ئەڵماس خان» و«غوڵامڕەزا لوڕ» و «سەید سەلاح» زۆر باو بوو منیش زۆرم حەز لێ دەکردن و جوانم گوێ بۆ دەگرتن. کەم کەم وام لێ هاتبوو له زۆر شوێنان ئەگەر لەتی ئەوەڵی شێعرەکەم دەبیست به زەوق باقی شێعرەکەم پێ دەزانی. به و بۆنەوه تێ گەیشتم که بۆ خۆشم دەتوانم شیعر بڵێم.“
شامی نەخوێندەوار و نابینا وەها تێکەڵ بە شیعر و زمان و ئەدەبیاتی نەتەوەکەی بوو کە گەیشتە قۆناغێکی شێلگیر و زۆر کاریگەر لە سەر شیعری کوردی، واتە شامی کرماشانی بە بناغەدانەری شیعری سادە و ساکار و لە هەمان کاتدا پڕناوەڕۆکی ئەو ناوچانە دادەنێن، واتە شامی بە شێوەیەکی زۆر هونەرمەندانە و شارەزایانە زمانی شیعری و زمانی ئاخاوتنی رۆژانەی خەڵکی تێکەڵ بە یەک کرد و گەلێک دەقی جوانی لێ خولقاند.
دۆخی ژیان و چارەنووسی شامی شاعیر وەهای کردووە کە کێشە کۆمەڵایەتییەکان هەموو زەین و مێشکی بتەنێتەوە و بە شێوەیەکی راشکاوانە ئێش و زام و رەنجی کۆمەڵگاکەی بێنێتە ناو شیعرەکانییەوە و زەفەر بەرێتە ناو هەموو کون و کەلێنێکی ژیان و کۆمەڵگا و نەتەوەکەی، شامی لە ئەوین و جوانی دوورەپەرێز نەبووە بەڵام بەردەوام بەشێکی زۆر لە شیعرەکانی تێکەڵ بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان بووە.
بەو هۆیەی کە شامی نەیتوانیوە ببینێ و هەروەها بخوێنێتەوە، ئەو بابەتە وای کردووە زۆرتر بیر بکاتەوە و هزر و بیری خۆی بەردەوام پەرە پێ بدا، شامی لە ژێر کاریگەری کەس دا نەبوو، جیهانی وەها دەدی کە خۆی لێی تێگەیشتبوو، لەو سۆنگەیەشەوە ئەو شێوە ڕوانینەی شامی گیانێکی تازەی وەبەر شیعرەکانی هێنابوو. کاتێک باسی مژارە سیاسییەکانی سەردەمی خۆی دەکات، لە ژێر کاریگەری ئەو ڕوانینە دایە.
۴_
مامۆستا عەبدوالڕەحمان شەڕەفکەندی ناوسراو بە “هەژار” شاعیر و وەرگێری ناسراوی کورد لە پێشەکی دیوانە شیعری “چەپە گوڵ”ی شامی دا کە بەهەوڵ و تێکۆشانی بەڕیز کاک ماجد رۆحانی کۆ کراوەتەوە دەنووسێ:
کۆمەڵه شێعری «شامی» کوردی کرماشانیم خوێندەوه. دەگەڵ هەر شێعرێکیدا بزەم دەهاته سەر لێوان و کزەم له جەرگەوه دەهات. زەردە خەندەم دەڵێیت به سەر گریان هەڵکێشراوه. خەم و مەینەت به بێژنگی گەپ و گاڵته دابێژراوه. هەناسەی سارد له دڵێکی گەرم و بەکوڵ هاتۆته دەر. ژەهراوی تاڵاوی ژیانی پڕ له ژانی چارەڕەشی کەیفی گەمه و تیز به دنیایه کردنی هاتۆته سەر.
ئەوی ڕاست بێ تا خوا حەز کا شێعرەکانی تەڕ و پاراون و له مرخێکی زۆر ڕەوان و لەبار و جوان خەبەر دەدەن. تەنیا عەیبێک که پیاو به چاو هەستی بکا کوردی بوون و کورد بوونی شاعیرەکەیه که به ناشوکری خوا نەبێ کوردی و کورد بون له بازاڕی دنیا پووڵه سووتاوێکیش ناژی و کەس ئاوڕی لێ ناداتەوه.
شامی سەرەڕای کورد بوونیش تەنیا چاوی لێ ڕوونوەوه له سەرەتای ژیانەوه له بینایی بەش بڕاوه. هەژارێکه هیچ ئاشتەبای خوا شک نابا. شامی هەر پێست و ئێستقانی داوەته بەر گرانایی باری ژیان و له تاریکی شەوە زەنگەی چارەڕەشی و دوورەبەشی دەستەکوته و پەلەقاژەی بژیو پەیدا کردنیەتی. ناوی ژیانی بەڕەحەتی و ئاسوودەیی جارجار له دەمی خەڵکەوه به گوێ گەیوه، بەڵام هێشتا نەیزانیوه شادی بەری چ دارێکه و لەوەڕی چ هەوارێکه.
واتا ئەگەر تاوانبارانی ئاسایی له زیندانێکدا دەگیرێن، شامی شاعیر له سێ زینداندا گیراوه؛ له گرتووخانەی بێ چاوی، له زندانی بێ نانیدا و له بەندیخانەی حەستەمی کوردزوانی و کوردڕەسەنی چوار پەلی شەتەک دراوه. قەڵەمی ئەژنۆی شکاوه، دەمی قسەی ئاخنراوه، دەرەتانی لێ بڕاوه، ئاسمانی دوور و زەوی سەخت به کام کەلێندا دەر کەوی؟ چۆن بتوانێ پەل ببزێوێ؟ چون دەنگ بڵند کا و هاوار کا؟ ئەوسا ئەگەر هاواری کرد، کێ تێی دەگا؟ یا کێ به هاواریەوه دێت؟ خۆ ئەگەر جاروبارەیێک دەرد و زووخاوی ژینی خۆی به چەند شێعرێک دەر بڕیوه، کەس نەبوو زوحمەت بکێشێ و بیخاته سەر قاقەز و له ناو نەچێ. ئەو چەند شێعر و هەڵبەستانەی لەم نامیلکەدا کۆوه بوون، هەر ئەوانەن که خۆی له بەری بوون و له بیری نەچووبوونەوه.
ئەگەر شامی سەر به گەلی کورد نەبوایه، ئەگەر هێنده بێ کەس و هەژار نەبوایه، ئەگەر له بەهرەی بینایی بەشی نەبایە، ئەگەر و ئەگەر و ئەگەر …….. –که به داخی گرانەوه هەزاران ئەگەر و خۆزیا هەرگیز هیچیان لێ شین نەبوه- لێم ڕوونه ناوبانگی شێعری له زۆر ئاقاران دەبیسرا.
۵_
شیعرەکانی شامی سەرڕێژە لە جوانکارییەکانی ئەدەبی و شیعری، چ لە باری رێزمانی و هەروەها دارشتنەوە و جەغزی وشەییەوە، شامی شاعیریکی هەستیار و وردبین بوو، هەموو جوانییەکانی تایبەت بە شیعری کلاسیکی کورد لە دەقەکانی دەبیندرا. لە پاش ساڵانیکی زۆر کە لە مەرگی شامی تێدەپەڕێ ئێستاش شیعرەکانی ماڵ بە ماڵ و کۆڵان بە کۆڵان بوونیان هەیە و بەردەوام لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبییەکان دەخوێندرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لە سەر دەکرێ.
بە داخەوە لە رۆژی دووهەمی مانگی سەرماوەزی ساڵی ۱۳۶۳ی هەتاوی “شامی” شاعیر و نابینا لە پاش نەخۆشییەکەی ئەستەم و درێژخایەن کۆچی دوایی کرد و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە کورد و کرماشان و شیعر و ئەدەبی نەتەوەکەی کرد. رەنگە شامی بە جەستە لە ناومان دا نەبی، بەڵام شیعرەکانی بەردەوام لە ناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان دا بوونیا هەیە و هەر ئەوەش وای کردووە کە شامی بەردەوام بە هزر و شیعرەکانی زیندووە و بەردەوام لە ناو مێشک و رۆحمان دا گەشەی دێت.
سەرچاوە:
_دیوانی چەپکە گوڵ _ شامی کرماشانی
سەرچەوە : ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان