فڕین بە نێو جوگرافیای جیهاندا، بە زمانێکی شیعریی – نووسینی: هۆشەنگ قادر

۱- له خانۆچکه‌که‌ی ماڵێ پووره خونچێمه‌وه، بۆ که‌لاوه‌که‌ی سه‌عیدییان. /ده‌قێکی واڵا./
۲- ئەفریقانامه و زه‌میننامه، به تامی شیعر.
۳- ئه‌مریکانامه، به تامی شیعر /ڕۆمانه شیعر- قه‌سیده./
پڕۆژه‌ی هه‌ر سێ کتێب، بۆ به‌ڕێز: پێشه‌وا کاکه‌یی.
ئه‌زموونی یه‌که‌می پێشه‌وا، موژده‌ی سه‌رکه‌وتنی ئه‌ده‌بێکی جیاواز، به تام و نهکههیهکی جیاوازه‌وه، ئه‌زموونێک که پێشتر زۆرێک له ئێمه، به مانا ڕه‌هه‌ندییه‌که‌ی په‌ییمان پێ نه‌بردووه، هه‌ڵبه‌ته ڕه‌گ و لقێکی پڕ به ئیلهامهوە، له ده‌قی واڵای شێرکۆ بێکهسهوهیە، به نموونه.
سه‌فه‌رێکی خه‌یاڵیی، به بۆن و به‌رامه و، به هه‌وا و نه‌سیمی پشده‌ره‌وه، بۆ ئه‌و په‌ڕی جیهان، بۆ سه‌رزه‌مینی دوور؛ دوور له ده‌ستی ئینسانی ڕۆژهه‌ڵاتیی، سه‌فه‌رێک له کانگەی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ ناو نه‌ته‌وه‌ی جیاواز و قه‌بیله و خێلی جیاواز، هەروەها، بۆ ناو کو‌لتوور و ته‌قالیدی جیاواز و زمانی جیاواز، دابونه‌ریه‌تی جیاواز و کۆمه‌ڵگە و بیری جیاواز، بۆ ناو ئینسانی هه‌مه جۆر له ڕه‌نگ و ڕووخساری جیاواز، بڕینی چه‌ندان کیشوه‌ر، بڕینی هه‌زاران فرسه‌خ، هه‌ڵبه‌ته له ڕێگای سه‌فه‌ره‌که‌ی پێشه‌وا، شاخ و ده‌ریا و چه‌ندان هه‌رێم و هه‌رێمی تر، که هه‌مووی واڵایه له به‌رده‌م خه‌یاڵی پێشه‌وا.
بوونی ئه‌و جۆره سه‌فه‌رانه، هێشتا تام و له‌ززه‌تی خۆی هه‌یه. هه‌موو ئه‌و جێگایانه، به بیابانی گه‌رم و پانوپۆڕ و فراوانه‌وه، به لوتکه‌ی شاخی به‌رز و به فرینه‌وه، به شوێنی ساردوسۆڵهوه، به ناو چه‌ندین دۆڵ و گرد و هه‌وراز و نشێو و ته‌لانه‌وه، به ناو چه‌ندین دارستانی چڕوپڕه‌وه، به ناو چه‌ندین کانی و کانیاو و ڕووباره‌وه، که هیچیان هاوشێوه‌ی ئه‌وی تر ناکه‌ن… چش له ته‌کنه‌لۆجیا، که ده‌ڵێت: جیهان گوندێکی بچوکه و، وا له نێو ده‌ستت دایه؛ جیهان هێشتا گه‌وره‌یی خۆی له ده‌ست نه‌داوه…
سه‌فه‌ره‌که‌ی کاکه‌یی:
هاوشێوه‌ی سه‌فه‌ره خه‌یاڵییه‌که‌ی “دانتی،” له کۆمیدیای ئیلاهیدا، سه‌فه‌رێک بۆ ناو ئه‌و شوێنه‌ی که دانتی خۆی مه‌به‌ستی بووه، هه‌ڵبه‌ته به ئیلهامی سه‌فه‌ره‌که‌ی پێغه‌مبه‌ری موسڵمانان بۆ سه‌ر ئاسمانی دوور.
چیرۆکی ئه‌و دایکه‌ی که به دوای کوڕه تاقانه‌که‌یدا ده‌گه‌ڕێت. بیرم ده‌که‌وێته‌وه که کوڕه گه‌نجه جوانه‌که‌ی دیل و ئه‌سیری سوپای پڕ زوڵمه‌تی ده‌ست ته‌یمووری له‌نگ که‌وتووه، که چۆن له ئیتاڵیا و فلۆره‌نساوه، پێ به پێ بڕینی هه‌زاران فرسه‌خ له‌سه‌ر ده‌ریا، له ناو بیابان و سه‌ر لوتکه‌ی شاخ، دواجار دایک و کوڕ، له سه‌ربازگه‌یه‌کی ناو سوپای ته‌ته‌ر به یه‌ک گه‌یشتنه‌وه. ته‌نانه‌ت له سه‌فه‌ره‌که‌ی دایکەدا، هه‌موو گیانه‌وه‌ره‌کان له به‌ر شکۆی ناوی دایک یارمه‌تی دایکیان دا، به گیانه‌وه‌ره دڕندهکانیشهوه، که چۆن هه‌موویان ده‌سته وه‌ستان بوون، له به‌ر وشه و مانای دایک، دواجار خودی ته‌یمووری له‌نگیش، سه‌ری بۆ ئه‌و دایکه دڵ پڕ له میهره‌بانییه دانه‌واند و، به‌ڕێزه و له ته‌ک خۆی به‌خێرهاتنی کرد. هه‌ر به‌م بۆنه‌شه‌وه، هه‌موو ئه‌و سه‌ر زه‌مینانه‌ی پێشه‌وا، سه‌فه‌ری بۆ ده‌کات، خه‌ڵکه‌که‌ی به تایبه‌تی شاعیران و داهێنه‌رانی به شه‌وق و زه‌وقه‌وه، به ڕیحابه‌تول سه‌دره‌وه پێشوازی له پێشه‌وا ده‌که‌ن، با کوڕه کوردی پشده‌ریش هه‌ر دڵ پێشاد بێت، سه‌فه‌رێک له پێناو موژده‌ی به‌خته‌وه‌ری و یه‌کترناسین، خۆزگه ڕۆژێک دادێت پشده‌ر و قه‌ڵادزێ موژده‌ی ده‌سته خوشک، به شارێکی ناوداری ئه‌مریکای لاتین به‌ده‌ست بهێنێ، “بۆینیس ئایریس، به نمونه؛” خۆ سروشتی پشده‌ریش ناخۆش نییه.
دیسان، کاکه‌یی: وه‌ک جوگرافیناسێک و ئهدهبناسێک، وه‌ک کابتنێکی شه‌بقه له‌سه‌ر، له شێوه‌ی پیاوێکی ئینگلیزی جوگرافیناس، پڕ به هه‌یبه‌ت و به ویقاڕه‌وه، ده‌یه‌وێت بست به بست، سه‌رزه‌مینی دوورودرێژی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتی دوور بناسێ.
هه‌ر وه‌ک گه‌شته‌که‌ی “ڕیچ و جیمیس کلۆدیۆس؛” ڕیچ، بۆ ناو قوڵاییی کانگەی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ خێله‌کانی بادیه‌ی ناو عه‌ره‌بوستان، له وێشه‌وه، بۆ ناو بابانی پڕ ئاوی سازگار، به کانیش دڵخۆش بوون. به هاتنی میسته‌ر ڕیچ، ئه‌وان ساحێبی که‌ره‌م و فهزهڵن، دیسان له وێشه‌وه، بۆ ناو ئیماڕەتی ئه‌رده‌لان و لای خانمه مهستوورەی، به‌ڵام مخابن ته‌مه‌ن ڕێگر بوو له به‌رده‌م گه‌شته‌که‌ی ڕێچ. خۆ گه‌شته‌که‌ی له پێشدان، ئه‌ویش خه‌یاڵ بوو، دواتر کردنی به ڕاستی.
سه‌فه‌ره‌که‌ی “ئه‌ندرێ مارلۆش،” کیشوه‌ربڕ بوو له ناو نه‌ته‌وه و وڵاتی جیاواز بوو.
سه‌فه‌ره‌که‌ی پێشه‌وا، جیاواز له هه‌موو سه‌فه‌ره خه‌یاڵییه‌کانی تری به‌ر له خۆی، له ناو ده‌قی کراوه و فکره‌ی نوێوه، فکره‌یه‌ک، “پێشه‌وا” زوو ده‌ستی بۆ برد، بۆ ئه‌فریقیای خاکی
ڕه‌ش و مرۆڤه لچ پانه‌کان و پێست ئه‌ستووره‌کان؛ ئه‌وانه‌ی که هێشتا خه‌باتیان له پێناو نان و ئازادیدایه.
بۆ سه‌رزه‌مینی ئه‌مریکای لاتینی پڕ له ڕه‌نگ و نه‌خشه‌ی جیاواز؛ مه‌گه‌ر “کریستۆفه‌ر کۆڵۆمبۆس”یش، له یه‌که‌م به‌رکه‌وتنی بۆ ئه‌مریکا، سه‌ری له‌و جوگرافیا پانوپۆڕه سووڕما، که تاکوو ئه‌و کات، قاچی ئینسانی مۆدێرنه‌ته‌ی نه‌چووبووه سه‌ر.
دواجار، “پێشه‌وا” له تێکستێکیدا ده‌ڵێت:-
“هێشتا ئێمه له بیابانێک ده‌ژین،
که غه‌ریبیمان به خۆڵ ده‌نووسین و،
هه‌ڵه‌ش به با ده‌سڕینه‌وه،
تاکوو ژیانمان تراویلکه بێت.”
ده‌ستخۆشی بۆ به‌ڕێزیان، به هیوای به‌رده‌وامی و سه‌رکه‌وتنی له کۆی پڕۆژه‌که‌یدا….