ناساندنی کتێبیادداشت

کتێبێك… شایستەی خوێندنەوەیه – نووسینی: پێشڕه‌و ئه‌حمه‌د فایەق

کتێبێك… شایستەی خوێندنەوەیه

بۆ یەکەمجارە لە ماوەیەکی درێژدا کتێبێکی شیعریی چاپ بکرێت و لە یەک کاتدا دەق و لیکۆڵینەوەی لە خۆگرتبێت، وێڕای بابەتی تیۆریی دەربارەی تەکنیکی شیعرو بابەتگەلێکی دی لەمەڕ کێشەکانی جیهانی شیعری مۆدێرنی کوردی ..هەروا ختوکەدانی هزری خوینەر بە دەرگا واڵاکردن لەسەر هەندێك بابەتی مێژوویی و زانستی و هزریی و فەلسەفی و گرێدانیان بە ئەدەبەوە.
پەڕتوکی ‘ ئەزموونێکی جیاوازی شیعر’ لە قەوارەی ٢٢٤ لاپەڕەدا ١٩ دەق و ٥ لێکۆڵینەوەی لە خۆگرتووە، لەگەڵ چەندان وتەی جۆراوجۆری پەیوەندیدار بە واقیع و کێشەکانی شیعری کوردی. نەك تەنیا جیاکاریی ئەم کتێبە لەم خاڵانەدایە، بەڵکو دەقەکان وەكو زمان و بابەت و ستایڵ و تەکنیك تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بەوەی شاعیر لەم دەقانەیدا کە مێژووی نووسینیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٢٠١٢ تا ٢٠١٧ کەم تا زۆر ئەم شێوازو تەکنیکانەی تیادا پەیڕەو کردووە:
*  بەکارهێنانی زمانی ناڕاستەوخۆو هێمادار و هونەریی لە دەربڕیندا.
*  ڕەچاوکردنی فرە ڕەهەندی و نووسینی دەقی کراوە.
*  خودی شاعیر بزرە لە ناو دەقەکانداو زۆر بە ئەستەم دەبینرێتەوە، گەر دیاریش بێت ئەوا خودێکی گشتی و مەوزوعییە.
*  کارکردن لەسەر پانتایی جیهانيبوون و ڕەهەندەکانی مرۆڤایەتی.
*  تازەگەریی و جیاوازیی وەكو داهێنانێکی ڕەسەن ئاودراو بە زمانی ڕاستگۆی ناخ، کە دەبێتە سەرچاوەی ئیلهامی خوێنەران.
*  جارانێکیش لێسەندنەوەی سیفاتەکانی مرۆڤ و بەخشینی بە ڕووەك و ئاژەڵان و بێگیانەکان، یان بە پێچەوانەوە.. وەك ستایڵێکی ناوازەو مەبەستدار.
*  ئەمەو وێڕای مانا و دنیابینیە قوڵ و فەلسەفییەکانی ناو شیعرەکان … و زۆر خاڵی سەرنجڕاکێشی تر..
نه‌جات حه‌میدی ره‌خنه‌نووس، لێکۆڵینەوەیەکی نوێی لە دنیای رەخنەی کوردیدا لەسەر جۆرەکانی فۆرمی شیعری هاوچەرخ دەکات و تیۆری بونیاتی شاراوەی دەق لەمبارەوە پراکتیزە دەکات و ٤ جۆر فۆرمی جیاوازی شیعریی لەشیعرەکانی سۆران محەمەد دا کەشف دەکات، تیایدا دەڵێت:
” به‌داخه‌وه‌ له‌كولتوورو ئه‌ده‌ب و نووسينى كورديدا تاكو ئێستا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی گرنگ سه‌باره‌ت به‌ شێوه‌ له‌ شيعردا نه‌نووسراوه‌…”
”  ئەو لە گەڕانێكى بەردەوام و لەسەرخؤدايە بۆ دؤزينەوەى شێوەيەك لە داڕشتنى جياواز بؤ مانا، بەڵام ئەو سيفەتە زمانەوانيەى كە زاڵە لە نێو شيعرەكانيدا جوانكاريى زمانەوانيە لە چوارچێوەى شێوەیەكى جياواز لەشيعردا كە ئەمەش خەسڵەتێكى ديارى ناو شيعرەكانيةتى “.
جێی ئاماژەیە کە شاعیر پێشتر ٤ پەڕتوکی شیعریی تری چاپکردوون، کە تەنیا یەکێکیان بە کوردی بووە بە ناوی (مردن لە ئاوێنەکانا- ٢٠٠٤)، بەڵام هیچیان وەك ئەم پەڕتوکە لەم ٣ تێکەڵە جۆراوجۆرە پێكنەهاتوون، گریمانی ئەوەی هەیە شاعیر ویستبێتی شیعری مۆدێرن و هاوچەرخ بە خوێنەرانی کورد ئاشت بکاتەوە، نهێنی دەقە ئاڵۆزەکان ئاشکرا بکات، بە پشت بەستن بە هەموو باکراوندە ئەزموونیی تیۆری و پراکتیکییەکانی خۆی کە لە دنیای واقیع و نووسیندا هەی بوون.
نەك هەر ئەوانەی شیعر دەنووسن جێی بایەخە ئەم پەڕتوکە بخوێننەوە، بەڵکو خوێنەرانی شیعری هاوچەرخ و ئەکادیمیستەکان پێویستە ئاگاداری ناوەڕۆکی ئەم پەڕتوکە بن، کە ڕاستەوخۆ بەرکەوتنی تێدا هەست پێ دەکرێت لە نێوان شیعرو ژیان و خوێنەران و شاعیرانی هاوچەرخدا.
جگە لەم چینانەش، بەڵکو چینەکانی تری کۆمەڵگاش پێویستە ئاوڕێکی جدی لێبدەنەوە… جا بۆ ئەوەی بە چاوێکی جیاوازترەوە بڕوانینە ژیان، لانی کەم ڕۆژانە پێویستمان بە خوێندنەوەی پڕ ڕامانی شیعرێکی هاوچەرخ هەیە، تاکو بە تەنیا تێڕوانینەکانی خۆمان لە خشتەمان نەبات، وەك ئەحمەدی مەلا لە جێیەکدا دەنووسێت:
“بۆ ئەوەی سەیری جیهان بکەی بە چاوێکی تر
ئەو جیهانەی بۆ نەوەکانی دیکەی جێدەهێڵی،
پێش نووستن
هەموو شەوێ لاپەڕەیەک لە شیعری هاوچەرخ بخوێنەوە
بۆ ئەوەی کاتێ لە خەو هەڵسای
لە کاتی ڕیشتاشیندا هەندە سەیری قۆزیی خۆت نەکەی
تا بیر بکەیتەوە
ئەی پیاوی سیاسیی…”
ئەم هاندانەی ئەحمەدی مەلا ڕەنگە زۆر واقیعیی بێت، لە کاتێکدا سەرۆکی فەرەنسا (ئیمانۆیل ماکرۆن) دەبینین موتابەعەی نوێترین ڕۆمانی جیهانی و فەرەنسی دەکات و لەسەفەرەکانیشیدا دەیانخوێنێتەوە، ئەی بۆ ئێمە داببڕێین لە سەرچاوەکانی هۆشیاری و خۆ نوێکردنەوە؟
ئەگەر رەخنەنووس عەبدوڵلا تاهیر بەرزنجی پیرۆزبایی خۆی لەم پرۆژەکتێبە بکات و بڵێت ” زۆر پێمخۆشبوو، سەرنجى ڕاكێشــام، پرۆژەیەكى جوانه..
خۆزگه كاتم ئەبو بەشــداريمبكردايه. حەزناكەم به ئاسانى خۆم لەو جــــۆره پرۆژانه بدەم. پيرۆزبايى .. شـــــــتێكى جوان و نـــوێ دەردەچێت ” ئەوا ئارام سدیق ئەسەفی خۆی دەردەبڕێت لە دیدگای خاکێتی و لەخۆبوردوییەوە کە ناتوانێت بەشداری ئەم پرۆژە کتێبە بێت و دەڵێت” بەداخەوە من ناتوانم بەشدار بم لەم پرۆژەیەدا.. من خۆم لە ئاستی ئەوە نابینم کە پێشەکی بۆ هیچ شاعیرێک بنووسم… بێگومان ئەمە پەیوەندی بە خۆ بچووکبینینەوە نییە”..
شاعیر لە شیعرەکاندا فەزایەکی پڕ جادوویی سەیر بۆ خوێنەران دروست دەکات و هەرواش پەیوەستیان دەکاتەوە بە مەعریفەو بەها جوانەکان، ڕایاندەپسکێنێت و کەسایەتی ونی ناخمان پێ دەناسێنێتەوە، ئاشنامان دەکاتەوە بە سروشت و دەوروبەرو مرۆڤایەتی … بە زمانێکی قوڵ لەگەڵمان ڕادەمێنێت تا لە خۆمان و دەوروبەرو رابردوو و داهاتوومان بیر بکەینەوە، ئیتر لە شوێنێکدا جێمان دێڵێت کە داوای زیاتر دەکەین و نایبینینەوە، بۆیە دەبێت خوێنەریش لێرەوە ببێتە کەسێکی کاراو بەشداربێت لە تەواوکردن و نووسینەوەی دەقەکان.
بۆ ئەوەی چیدی شەهاب زەنگەنەی شاعیرو هونەرمەند بێدەنگ لەناو تەمدا بزر نەبێت لە قرچەی هاوینێکی ئابدا، ئەوا دانا عەسکەری ستەمدیدە کە خەمی نەك شارێك، بەڵکو میللەتێکی داوە بەشانیداو لەگەڵ ئەنیشتایندا دەیەوێت لە نهێنی زەمەن تێبگات و پێکهاتە زانستییەکانی هەڵبوەشێنێت، بۆیە گفتوگۆی بیردۆزی ڕێژەیی لەگەڵ دەکات، تاکو کات لە شوێنی خۆیدا رابگرێت و چیدی مرۆڤەکان نەکوژرێن و خۆشیان نەکوژن.. ئەمە لە شیعری (ناکات)دا درك پێدەکرێت.
لە لایەکی ترەوە و هەر لەم پەڕتوکەدا شاعیری ناوداری فرەنسی (جین نیکۆلاس ئارسەر ڕامبۆ ١٨٥٤-١٨٩١) سەفەرەکانی خۆی دەست پێدەکاتەوەو دەچێتەوە بۆ یەمەنی تەنراو بەتاعون و جەنگ و لەوێش بە گەرمی پێشوازی لێدەکرێت، وەك چۆن نایەوێت میکرۆبە مشەخۆرەکانی ناو دارستانەکەی شارلفێڵ پێستی بخۆن و لەگەڵ خۆیاندا بینێژن، هەرواش حەزناکات زوو بە تاعون ماڵئاوایی بکاتەوە، بۆیە بەسەر شەپۆلە زێڕینەکانی دەریای سووردا دەفڕێت و لە بازرگانەکانی قاوە دەگەڕێت کە سەردەمێکی درێژە نەیبینون، ئەو عاشقی خۆری بیابانێکە خەمەکانی بتوێنێتەوەو وردو خاشیان بکات، دوای ئەوەی یاخی بوو و هەڵهات کە بۆی دەرکەوت چیدی شیعر ناتوانێت جیهان بگۆڕێت. ئەمەش لە شیعری (ڕامبۆی یاخی)دا دەخوێنیتەوە.
لە دەقێکی تردا نهێنی زیاتری کەسایەتی (ڕێنوار)ی ‘تۆ مەچۆ بۆ شەڕ’ی ناو خەونەکانی ماردین ئیبراهیم دەکەوێتەوە بەر تیشکی مەعریفەو دێتەوە مەیدان و پێمان دەڵێت بۆچی ڕێنوار لەسەر ئەو هەورانە نایەتە خوار؟ پێمان دەڵێت بۆچی شاڕڵ بۆدلێر نایەوێت پێ بەسەر گەڵا زەردو وەریوەکانی پارکە ڕۆمانسییەکاندا بنێت؟ بۆچی ئەم گەڵایانە کۆ بکەینەوەو بینێرین بۆ خومخانەچییەکان؟ ئەی نهێنی نوقڵی کورسینەعناکانی ناو گیرفانی کۆتەکەی شاعیری کرواتی ‘ میلۆراد کریستانۆڤیچ’ چییە کە هەمیشە یاوەری بوو، ئەو لە کوێ چاوی بۆ دنیای پڕ ناسۆر هەڵهێناو لە کوێش دوا زەردەخەنەی کرد بۆ ژیان؟ ئەمەش لە شیعری (لە کرۆنۆسەوە) دەخوێنیەوە.
بۆ ئەوەی ڕوو بکەینەوە سروشتی تۆراو، لەوێشەوە بگەڕێینەوە ناو خودی ڕاستەقینەی خۆمان و پێچوپەناکانی زیاتر کەشف بکەین، تا ڕێگایەکی نوێی ژیان لەبەردەمماندا بکرێتەوە، ئەوا شاعیر بەم گوتەیە دوا لاپەڕەکانی ئەم پەڕتوکە بە چێژە پێوە دەدات و رووی خامەکەی دەکاتە هەموو خوێنەران بێ جیاوازیی و دەڵێت:
” خوێنەری هێژا ! گەر نەفامیی و نەزانیی دووانەیی(موڕەککەب)، چاوچنۆکیی، شەڕەنگێزیی، بەرژەوەندیخوازیی و بێوەفایـی مرۆڤەکان نیگەرانیان کردیت، لە سپێدەیەکی بولێڵدا کە هێشتا هەناسەی پاکی گژو گیاکان لەسەر توێژاڵی خاكی دەربەندو گردۆڵکەکان قەتماغەی بەستووە؛ ئەم کتێبە وەدەستەوە بگرەو لەو کەڵەمێرووە ڕابمێنە کە پەنجەی خۆرێکی نەرم وەئاگای هێناوەتەوەو لاشەی گەڵایەکی وشکی داوە بەشانیداو بزانە بۆ کوێی دەبات؟ تۆش لەگەڵ بۆنی سروشتدا ئاوێزانی دونیای شاردراوەو ئاماژەکانی پشت وشەی شیعرە سرکەکان بە ، ئومێد بکە.. ڕەنگە خودی ڕاستەقینەی ناخت بۆ بدۆزێتەوەو ڕێگایەکی نوێشت نیشانبدات – بزانە بۆ کوێت دەبات؟”.

 

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

برای امنیت ، استفاده از سرویس ریکپچای گوگل الزامی است که منوط به خط مشی رازداری و شرایط استفاده گوگل است.

دکمه بازگشت به بالا