دسته‌بندی نشده

ڕێزنان لە ۲۰ هەڵبژاردەی دووهەمین مێهرەجانی شیعری کوردی “مناڵ و مەلووچگ” لە ئەیوان

مێهرەجانی شیعر و ئەدەبی کوردی “مناڵ و مەلووچگ” کە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە شاری ئەیوان بەڕێووەچوو دوای ناساندنی هەڵبژاردراوان کۆتایی بە چالاکییەکانی خۆی هێنا.

بە پێی هەواڵی هسارە بە گێڕانەوە لە  کوردپرێس ئەم مێهرەجانە بە هاوکاریی ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای ئیلام، کانوونی پەروەردە و ڕاهێنانی فیکریی منداڵان و میرمنداڵانی پارێزگا و چەند رێکخراوەی دیکە بەڕێوەچوو و دوای خەڵات کردن و ڕێزنان لە ۱۰ هەڵبژاردەی مێهرەجان و دیاری کردنی کەسانی شیاوی ڕێزنان، کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا.

مێهرەجانی “مناڵ و مەلووچگ” دەتوانێ ببێتە مێهرەجانێکی تایبەت

جێگری فەرهەنگی ئیدارەی گشتیی ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای ئیلام لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەو مێهرەجانە وتی: مێهرەجانی “مناڵ و مەلووچگ” بۆ دووهەمین جارە کە لە ئاستی پارێزگای ئیلام و شاری ئەیوان بەڕێوە دەچێت و لە ئێستاشدا بە سەرنج دان بە پێشوازیی بێ‌هاوتای شاعێران و بلیمەتان لەم مێهرەجانە، دەکرێ وەک مێهرەجانێکی تایبەتی هەڵی سەنگێنین.

عومران خۆدئامووز وتیشی: بە پێی ئەوەی کە بەردەنگی تایبەتی ئەم مێهرەجانە منداڵانن، مێهرەجانی “مناڵ و مەلووچگ” هاوکات لە گەڵ حەوتەی منداڵ و بە دروشمی “دنیا بە بزەی منداڵانەوە جوانە” دەستی بە کار کرد و هیوادارین لێوی منداڵانی وڵاتی ئێمە و تەواو منداڵانی جیهان ساتێک بێ بزە نەبێ.

ناوبراو زیادیشی کرد: پاش بانگهێشتنامەی ئەم مێهرەجانە زیاتر لە ۳۰۰ بەرهەم لە نزیک بە ۹۰ شاعێر بۆ دەبیرخانەی ئەم مێهرەجانە بەڕێ کرا و ئەم ژمارە بەرهەمە لە خۆیدا جێی هیوا و دڵخۆشییە بۆ بەردەوام بوونی مێهرەجانی “مناڵ و مەلووچگ” لەم پارێزگایە بە شێوەی ساڵانە.

زۆرترین هەڵبژاردە لە کرماشان، ئیلام و کوردستان

بە پێی بەیاننامەی لیژنەی داوەرانی ئەم مێهرەجانە چوار هونەرمەند لە پارێزگای کرماشان، سێ کەس لە ئیلام و سێ کەس لە پارێزگای کوردستان وەک هەڵبژاردراوانی سەرەکی مێهرەجانی شیعر و ئەدەبی کوردی “مناڵ و مەلووچگ” دیاری کران.

بەمشێوە حەمزە کەرەمی، فەریدوون میر ئەحمەدی، کیومەرس بەڵەدە و ئیسلام شاهمورادی لە کرماشان، مەیسەم خورانی، سومەیە مێهری و نوورئەدین ئازادی لە ئیلام و لەیلا وەزیری، عەبدوڵڕەحمان فەهیمی و سۆران حسێنی لە کوردستان هەڵبژاردراوانی ئەم خولە لە مێهرەجانی “مناڵ و مەلووچگ” بوون.

هەروەها ئاژوان ڕازیانی، موجتەبا کارخاهی، ئەبووزەر کورد پوور، ئیبراهیم حافز نژاد، میلاد ئەمانوڵڵاهی، پەریسا ناسری، جەلال کەمەری، فاتمە نامی و جەمشید وەیسی بە پێی بەیاننامەی لیژنەی داوەران شیاوی ڕێزنان دیاری کران.

ڕەزا مەوزوونی، عەدنان بەرزنجی، محەمەد ڕەزا رۆستەم پوور و سەید ئارمان حسێنی داوەریی ئەم مێهرەجانەیان لە ئەستۆ بوو کە پاش لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی زیاتر لە ۳۰۰ بەرهەم لە ۹۰ شاعێر، ئەنجامی داوەرییان بە شێوەی سەرەوە ڕاگەیاند.

هەروەها لە پەراویزی ئەم خولە لە مێهرەجانی شیعر و ئەدەبی کوردی “مناڵ و مەلووچگ”، ڕەزا مەوز‌وونی وەک پێشەنگ و بنیاتنەری شیعری کوردیی منداڵان لە پارێزگای کرماشان بە هۆی ڕۆڵی بەرچاوی لە دامەزران و گەشەدان بە شیعر و ئەدەبی منداڵان ڕێزی لێنرا.

شیاوی ئاماژەیە کە مێهرەجانی “مناڵ و مەلووچگ” لە دووهەمین ساڵی بەڕێوەچوونی لە شاری ئەیوان میوانداری هونەرمەندانی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان، لورستان، هەمەدان و ئازەربایجانی رۆژئاوا بوو.

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

برای امنیت ، استفاده از سرویس ریکپچای گوگل الزامی است که منوط به خط مشی رازداری و شرایط استفاده گوگل است.

دکمه بازگشت به بالا