هەڵبژاردەێ بەرپرسوتار

زمانی کوردی و شێوەزارەکانی

سەجاد جەھانفەرد “ژیار”

کورتەی باسەکە

ھەندێک زمانناسی سونەتی و کوردناسی مێژووناس، زمانی کوردییان لە ڕووی شێوەزارییەوە، بە شێوازی جیاواز لە یەکدی جوێ و کردۆتەوە دابەشیان کردووە. بەهۆی  شرۆڤە نەکردنی زمانی کوردی بە شێوەیەکی زانستی، هەر بۆیە ڕای جیاواز و دابەشکردنی جیاواز بۆ شێوەزارەکانی زمانی کوردی ئەنجام دراون.

 لەم توێژینەوەدا هەوڵ دراوە زمانی کوردی بە شێوەیەکی زانستی شرۆڤە و تاوتوێ بکرێت، دەیسەڵمێنین کە زمانی کوردی لە دوو لقی سەرەکی کورمانجی و گۆرانی پێک ھاتووە، کە ئەم دوو لقەش خاوەن شەش شێوەزاری سەرەکی و گەلێک بنزاری جیاوازن کە پەیکەرە و چوارچێوێکی نزیک بە یەکیان ھەیە. لە تەماشایەکی سەرپێی و نازانستیانە، ڕەنگە وەھا بیر بکرێتەوە کە ئەو شێوەزارانە ھەر یەکێکیان زمانێک بن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە کاتێک شرۆڤەی شێوەزارەکان دەکەی، لە بواری زانستی زمانناسییەوە، بەم ئاکامە دەگەییت کە زمانی کوردی، زمانێکی سەربەخۆیە و دوو لقی سەرەکی لە خۆ گرتووە.

    ئەم توێژینەوەیە، هەوڵێکی نووسەرە لە بواری دەنگسازی، دەزگای بڕگەیی، سینتاکسی زمانی. دابەشکردنی سەرەکی زمانی کوردی فرەتر بە گوێرەی لێکۆڵینەوە و نەزەریەی مەکەنزی، بلۆ و ئیشمیتە کە لە بواری دەنگسازی کاریان کردووە. نووسەر بە پێی لێکۆڵینەوەیەک کە دەربارەی شێوەزار و بنزارەکانی زمانی کوردی ئەنجامی داوە، تەنیا مێعیارگەلێکی لە بەرچاو گرتووە کە لە زانستی زمانناسیدا بۆ دابەشکردنی زمان و شیوەزارەکانی کەڵکی لێ وەردەگیردرێت و لە دابەشکردنی مێژوویی، جوگرافی، نەتەوەیی و کۆمەڵناسی .. و ھتد وازی ھێناوە.

پێشەکی          

کوردی زمانێکە کە لە ئێران، عێراق، تورکیە، سووریە و قەفقاز ئاخێوەری ھەیە و قسەی پێ دەکرێت. ئەو جوگرافیایەی کە لە نێوان ئەو وڵاتانەدا ھەڵکەوتووە، ناوی کوردستانە. زمانی کوردی و زارەکانی لە بنەماڵەی زمانە ئێرانییەکانن، کە بە هۆی کۆمەڵێک ھۆکارەوە کەمتر کاری زانستییان لەسەر کراوە. ھەر کەسێک بە شێوەیەک ناوی زار و شێوەزارە کوردییەکان دەبات. وەک ئاشکرایە زۆرێک لە زمانناسەکان، زمانی کوردی و شێوەزارەکانیان تاوتوێ و دابەش کردووە، بەڵام بە ھۆی نەبوونی بەڵگەی نووسراو و بە ھۆی نەبوونی شارەزاییان سەبارەت بە ھەموو شێوەزارەکانی ئەم زمانە، تا ئێستا بە شێوەیەکی زانستی، شێوەزارەکانی ئەم زمانە دابەش نەکراون. زمانناسەھاوچەرخەکانیشبەگوێرەیلێکۆڵینەوەپێشووەکان–کەیاکۆمەڵناسیانمێژوونووسبوونە–زمانیکوردییاندەستەبەندیکردووەوزۆرێکیترلەزمانناسەکوردوغەیریکوردەکانیئەمڕۆیشبێ‌ئەوەیخۆیانلێکۆڵینەوەیزانستییانھەبێت، قسەی رۆژھەڵاتناسەکانیان دووپات کردۆتەوە.

نووسەری ئەم توێژینەوەیە تەنیا پشتی بە بنەما زمانناسییەکان نەبەستووە، بەڵکو بۆ دابەشکردنی، تاوتوێ و ھەڵسەنگاندنی فۆلکلۆر و ئەدەبیاتی ھەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردی کردووە، کە تا ئەو جێگایەی کە توانیویەتی لە فۆلکلۆری ھەموو شێوەزارەکان بۆ دەستەبەندی ئەم زمانە کەڵکی وەرگرتووە. لە نێو ئەم توێژینەوەدا بە پێچەوانەی زمانناسە تەقلیدییەکان، پشت بە دەقی فۆلکلۆری زمانی کوردی بەستراوە کە ئەم بەشە لە ئەدەبیات، بە باشی بنچینەکانی زمانی کوردی پاراستووە.

زمانناسیی کوردی لە لایەن کوردناسەکانەوە

زۆرێک لە زمانناسەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە زمانی کوردی پاشماوەی زمانی مادییە. یەکێک لەو کەسانەی کاری لەسەر زمانی کوردی کردووە مینۆرسکییە کە وەھا دەبێژێ: “ھەموو زار و بنزارە بەجێماوەکانی زمانی کوردی لە زمانێکی کۆن و پڕھێز سەرچاوەیان گرتووە کە ئەوە زمانی مادییە. (مینورسکی، ۱۳۷۸)” زمانی کوردی یەکێک لە زمانەکانی باکووری رۆژئاوای ئێرانە کە بۆ چەند لقێک دابەش دەبێت. (ئیشمیت، ۱۳۸۳: ۵۴۱) زۆرێک لە لێکۆڵەران لە سەر ئەو باوەڕەن و لە ڕووی بەڵگە و مرۆڤناسی و جوگرافیا و تەنانەت لە ڕووی زمانەوە، زمانی کوردی پاشماوەی زمانی مادی و ئاڤێستاییە. (دیاکۆنوف، ۱۳۷۱). دیاکۆنۆف، لێکۆڵەری ئێرانناسی ڕووسیە، بە ھەڵسەنگاندن و ڕەوتی پێشکەوتنی زمانی و نەتەوەیی لە سەدەکانی نۆھەم تا حەوتەمی پێش زاینەوە لە ئێران و…ھتد بەم ئەنجامە دەگات کە زمانی کوردی لە زمانەکانی ئێرانی، ئەفغانی و بەلووچی پێک ھاتووە. زمانی کوردی، فارسی نییە و لە فارسییش جودایە و زمانێکی سەربەخۆیە و چوارچێوە و زارگەلی تایبەت بە خۆی ھەیە. (رەحیمی‌نژاد، ۱۳۸۹ لەگیڕانەوەیدیاکۆنۆف)، شێوەزارەکانی زمانی کوردی، وەکو ھەموو شێوەزارەکانی دیکەی ئێرانی، کەوتۆتە ژێر کاریگەری زمانی فارسی نوێوە، لەبەر ئەوەی کە زمانی فارسی نوێ، هەر لە سەرەتای ئیسلامەوە تاوەکو ئێستا تەنیا زمانی فەرمی و فەرھەنگی و گشتی، ھەموو ئێرانییان بووە.  ھیچ کام لە زارە ئێرانییەکان لەم کاریگەرییە بێبەش نەبوونە. (کەریمی‌دۆستان، ۱۳۸۰).

مەکەنزی لە دابەشکردنی زمانە ئێرانییەکان لە توێژینەوەکەی بە ناوی ” ئەسڵەکانیزمانیکوردی” دا،باسیدەستەیکوردیدەکات. ئەویەکەمجارباسیدەستەیکوردیدەکاتکەدەبێژێ: لەبەرچاوترینگۆڕانی “م” پێش‌ڤۆکاڵبۆ “ڤ” ھەروەھالەبڕێکشێوەزاری دی دەبێتە “و” .

کوردی

ئەڤێستایی

فارسی

ناڤ/ناو nav/w

نامەن namen

ھاڤین/ ھاوین hav/wîn

ھامنە hamine

دوو/ دڤdû/v

 دومەdume

کەڤان/ کەوانkev/wan

کمان keman

سەرچاوە: (مەکەنزی، ۲۰۰۶)[ii]

ھەروەھا بەپێی لێکۆڵینەوەی مەکەنزی و ژویس بلۆ لە کتێبەکەی ئیشمیت بە نێوی “رێنوێنی زمانە ئێرانییەکاندا”[iii] ئەو ئاماژەگەلێکی باشی بە گۆڕینی دەنگە کوردییەکان لە لقی کورمانجی کردووە.

“جیاوازی دەنگی –مێژوویی،زمانیکوردیلەگروپیباشووریرۆژئاواییزمانەکانیئێرانی (فارسی،لوڕیو … ھتد) جودادەکاتەوە. ئەمجیاوازییانەلەگۆڕانیپیتید(d ) لە گروپی باشووری رۆژئاوایی لە بەرانبەری ھاوتای خۆی لە دەستەی باکووری رۆژئاوایی دەبێ بە پیتی ز ( z ) وەکو لە فارسی: دان dan لە کوردی: زان zan، فارسی: داماد damad، کوردی: زاڤا، زاوا zawa/zava . ھەروەھا( z ) لە دەستەی باشووری رۆژئاوایی لە بەرانبەر ھاوتای خۆی  لە دەستەی باکووری رۆژئاوایی دەبێ بە ژ ( j )، بۆ نمونە لە فارسی: زی zî ، کوردی: ژی jî ، فارسی: زن zan کوردی: ژن jin، فارسی: روز ruz لە کوردی: ڕۆژ roj.  لە کوردی پیتی نێوان دەنگداری (م) دەبێتە (ڤ)ی خشۆکی یان (و) دوولێوی. خاڵێکی گرنگی دیکە کە تایبەتی زمانی کوردییە، گروپی şm، xmدەبێتە w/v، بۆ نمونە چشم çeşm ی فارسی، لە کوردی دەبێتە çaw/çav چاڤ، چاو ھەروەھا لە زمانی کوردی: چ ç کە تەقینەوەیی[iv]، خشۆکی[v]، مەڵاشویی[vi]، پووکییە[vii] لە سەرەتای کار(فعل) ی چوون çûn پاراستووە.(ئیشمیت،۱۳۸۳: ۵۴۴۴)”.

ئەم لێکۆڵینەوەی ئیشمیت، بەڵگەیەکە بۆ پەیوەندی شێوەزارەکانی زمانی کوردی لەگەڵ یەک، کە دواتر دێینەوە سەری.

زمانی کوردی و دابەشکردنی زارەکانی لە لایەن زمانناس و مێژووناسەکانی  کورد و غەیری کورد

زۆرێک لە مێژوو‌ناسوزمانناسەکان،زمانیکوردییانلەبواریدیالێکتییەوەبەشێوەیەکیجیاوازدابەشکردووە. یەکێکلەودیرۆکنووسەکوردانەشەرەفخانیبدلیسیبووەکەلەکتێبیشەرەفنامەداوەھادەنووسێت: ” کوردەکاندەبنەچواربەشەوە؛یەکەم: کورمانج،دووەم: لوڕ،سێیەم: کەڵھوڕ، چوارەم: گۆران”. (بدلیسی ۱۳۷۷) زۆر کەسی دیکە ھەیە لە ڕووی جوگرافیایی و کۆمەڵناسی و زمانناسی تەقلیدییەوە، زمانی کوردییان دابەش کردووە. یەکێک لەوانەی کە زمانی کوردی لە بواری کۆمەڵناسییەوە دابەش کردووە ئیزەدییە کە دەبێژێ زمانی کوردی دەبێتە دوو لقی سەرەکی کورمانجی و پەهلەوی”پەھڵەوانی”یەوە کە ئەو دوو لقەش لە نێو خۆیدا بە چەند لقی دیکەوە دابەش دەبن. (ئیزەدی، ۲۰۰۹).

لە بەر ئەوەی ئەم دابەشکردنانە بۆ زمانی کوردی لە لایەن دیرۆکناس و جوگرافیازانەکانەوە بووە، بۆیە ناکرێ بە دابەشکردنێکی زانستی زمانەوانی دابنرێت.یەکێکی تر لەو کێشانە ئەوە بووە کە لەو سەردەمە ھەموو شێوەزارە کوردییەکان کۆ نەکرا بوونەوە یان رۆژھەڵاتناسەکان یان نووسەری کوردی ئاگای لە ھەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردی نەبووە، ھەر ئەمە بووە بە ھۆی دابەشکردنێکی نازانستی.

بۆ نمونە ئێدمۆندز (۱۹۵۷) زمانی ھەموو خەڵکی ئیلام(پشتکۆ)ی بە لوڕی زانیوە. لە حاڵێکدا ڕاستەکەی ئەوەیە کە زمانی زۆربەی خەڵکی ئیلام کوردیی کەلهوڕییە و زارەکەیان سەر بە دیالێکتی باشوورە.

ئەم تێکەڵکردنە، کە ھەندێک لە لێکۆڵەران زمانی خەڵکی ئیلامیان بە لوڕ زانیوە، ڕەنگە ھۆکارەکەی، ئەوە بێت کە ئیلام بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە بواری دابەشکردنی جوگرافیاییەوە بەشێک لە لوڕستان بووە، هەر بۆیە شێوەزارەکەشیان بە بەشێک لە لوڕستان داناوە.(کەریمی‌دۆستان ۱۳۸۰ لە گێڕانەوەی ئەفشار). ڕەنگە ھۆکارێکی دیکەشی ئەوە بێت کە لە کاتی گواستنەوەی دەسەڵاتی والییەکانی لوڕستان بە ئیلام وەھا کێشەیەک ساز بووە و زۆرێک لە لێکۆڵەرانی ئەو کاتە ھەر بەو بۆنەوە کە والی ناوچەی ئیلام، لوڕ بووە، باوەڕیان ئەوە بووە کە حەتمەن خەڵکەکەشی لوڕن، لە حاڵێکدا تەنیا والییەکان لوڕ بوونە نەک خەڵکەکەی.

محەمەد ڕەزا بھادور کە تێزەکەی لەسەر  سینتاکسی زمانی کوردیی (قەسری شیرین)ە، زمانی کوردی بە دوو لقی رۆژھەڵاتی و رۆژئاوایی دابەش دەکات کە ھەورامی و زازاکی دەکەونە بەشی رۆژھەڵاتی و کورمانجی، سۆرانی و کرماشانی و لەک – یش دەکەونە بەشی رۆژئاوای(بھادور، ۱۳۹۰). ژویس بلۆ زمانی کوردی بە سێ دەستەی باکووری(کورمانجی)، ناوەندی(سۆرانی) و باشووری دابەش دەکات و ئەو بە پێی لێکۆڵینەوەی مەکەنزی، ھەورامی و زازاکی بە کوردی نازانێت.

فوئاد حەمەخورشید زمانی کوردی بۆ چوار دیالێکتی سەرەکی دابەش دەکات: کورمانجی باکووری، کورمانجی ناوەندی، کورمانجی باشووری و گۆرانی(حەمەخورشید، ۱۹۸۳). پەرھیزی لە کتێبی وەزنی شێعری کوردی ھەمان دەستەبەندی لە زمانی کوردی دەکات بەڵام ئەو لوڕی و بەختیاری لە دەستەی کورمانجی باشوور نانووسێ و لە نێو دەستەبەندییەکەی لە لوڕی ڕەسەن یان فەیلی ناو دەبات و لە لاپەڕەی ۳۲ ی ھەمان کتێبدا دەنووسێ لە بواری نەتەوەیی و قەومییەوە لوڕەکان خۆیان بە کورد نازانن، لێرەدا پێویستە جارێکی تر جەخت لە سەر ئەوە بکەمەوە کە لەھجەگەلێک بە ناوی کوردی خواروو کە ناومان بردووە کوردییە، نەک لوڕی (پەرھیزی۱۳۸۵).

 لێکۆڵەرانێک وەکو (ئیزەدی (۲۰۰۹)، نەبەز(۱۹۷۶)، حەسەنپوور(۱۹۹۸)[viii] ، مەکەنزی(۱۹۸۹)[ix]، حەمەخورشید(۱۹۸۳)[x]، رودیگر ئیشمیت(۱۳۸۳)، ژویس بلۆ(۱۳۸۳) [xi] دەبینین کە زۆربەیان لە کاتی دابەشکردنی زمانی کوردی، ئەم زمانە بە سێ لقی سەرەکی باکووری، ناوەندی، باشووری و ھەروەھا لقی چوارەم بە ناوی گۆرانی -زازاکی  یان ھەورامی ناو دەبەن. ھەرچەند مەکەنزی باوەڕی وایە کە گۆرانی(ھەورامی) ناکرێ لە لقەکانی زمانی کوردی بێتە ھەژمار. بەڵام ھەموویان لە ڕووی زمانناسییەوە بە سێ لقی ژووروو، ناوەڕاست و خواروو، بە ھەندێک جیاوازییەوە دەگەڵ یەکدا ھاودەنگ و ھاوباوەڕن.

ھەڵسەنگاندنی زمانی کوردی و شێوەزارەکانی لە ڕوانگەی نووسەرەوە

زۆرێک لەوانەی کە لە سەر زمانی کوردی کاریان کردووە، لە دابەشکردنی کرمانجی خواروو (کوردی خواروو – کەڵھوڕی) تا ڕادەیەک ھەڵەیان کردووە. بۆ نمونە چەند کەسێکیان، کورمانجی خواروو و لەکی و لوڕی بە شێوەزارێک داناوە لە حاڵێکدا لەکی دەکەوێتە سەر لقی گۆرانی و لوڕی شێوەزارێکی جوداییە. کە لە  خوارەوە زێدەتر تاوتوێی دەکەینەوە. ھەرچەند بێگومان لوڕەکان لە بواری مێژووییەوە بەشێک لە کورد بوونە.

لەو خاڵانەی کە لە ڕووی دەنگسازییەوە کورمانجی لە گۆرانی جودا دەکاتەوە:

لە زمانی کوردی دەستەی کورمانجی (m) نێوان دوو پیتی دەنگدار(مصوت) دەبێتە (w) یان (v). کە ھەموو لقەکانی کورمانجی لە وەھا یاسایەک پەیڕەوی دەکەن بەڵام کورمانجی خواروو(کەڵھوڕی) تا رادەیەک یەکدەنگ نییە. (ئیشمیت ۱۳۸۳)  ئەگەر ئەو یاسایەی مەکەنزی و بلۆ و ئیشمیتە لە بەر چاو بگرین دەبینین کە کوردی خواروو ھەر لە ھەمان یاسا پەیڕەوی دەکات و پیتی (m) نێوان دوو پیتی دنگدار دەکاتە (w). بۆ نمونە وشەی (زاماتەرzamater)ی ئاڤێستایی لە پەهلەوی دەبێتە (زاماzama) و لە دەستەی ھەورامی/ زازاکی/ لەکی ھیچ ناگۆڕیت بەڵام لە دەستەی کورمانجی جێگۆڕی (m) بە (w) یا (v) ھەیە وەکو لە کورمانجی ژووروو (زاڤاzava) کورمانجی ناوەراست –سۆرانی (زاواzawa) کورمانجی خواروو -کەڵھوڕی(زاواzawa). ھەڵبەت لە ھەندێک ناوچەشدا وەھا یاسایەک پەیڕەوی ناکرێت و ئەوەش یاسایەکی سروشتییە، چونکە لە زۆر زمان و شێوەزاری دیکەدا حاڵەتێکی لەم شێوەیە دەبێت.

بەڕێز رەحیمی‌نژادی – ش لە تێزەکەی خۆیدا هەمان باوەڕەی هەیە کە کوردی خواروو (کەڵھوڕی) لە ھەمان یاسا پەیرەوی دەکات و پیتی دەنگداری (مm) دەبێتە (وw). (رەحیمی‌نژاد، ۱۳۸۹)

ھەروەھا لە زۆرێک وشەی تردا ئەو یاسایە لە نێو دەستەی کورمانجیدا وەکو یەکن بۆ نمونە وشەی(کەمان، دامان، چەمان) کە لە کورمانجی ژووروو، سۆرانی و کەڵھوڕی دەبنە (کەوان، داوان، چەوان، چاڤان[xii]).

ئەوە بۆ ئیسپاتکردنی گۆڕینی / م/ ی نێوان دوو پیتی دەنگدار بوو لە زاری کورمانجی خواروو (کەڵھوڕی) بەڵام زۆر نمونە ھەیە بۆ دابەشکردنی زارەکانی زمانی کوردی و ھەروەھا ئیسپات کردنی دوو لقی کورمانجی و گۆرانی بە یەک زمان.

نمونەیەک کە تا ئێستە کەسێک لەسەری نەکۆڵیوەتەوە و زمانی کوردی لە فارسی جودا دەکاتەوە. (x/خ) پاش پیتی دەنگدار، لە زمانی فارسییە بەڵام زۆربەی ئەو وشانە لە کوردی کەوندا (ھ) بوونە و چوونەتە ناو زمانی فارسی و لەوێدا وەکوو زۆر وشەکانی تر دەزگای بڕگەیی زمانی فارسی کردویانە بە (خx)، بەڵام لە کوردی نوێدا ئەو (ھ)ە لە ناو ئەو وشانە نەماوە کە لە خوارەوە نموونەیان ھاتووە:

کردی قدیمی

فارسی

کردی نو

سۆھر sohr

سوخرsuxr/سرخsurx

سۆرsor/سوورsûr/سویرsür/سویەرser

 —-

بخشbexş

بەش beş                   

لۆھتloht

لختluxt

لوەت/لۆت/رووتlwet/lot/rût

 —-

 زخم zexm

زام zam

فرۆھتن  firohtin

فروختنfiruxten

فروتن/فرەتنfirutin/firetin

تۆھم tohm

تخمtuxm

تۆم/توەم tom/twem

دۆھت doht

دخت/دخترduxter

دۆت/دوەت dot/det

ئەم یاسایەی سەرەوە لە نێوان ھەموو شێوەزارە کوردییەکاندا وەکو یەکە.

  لە ھەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردی پیتی / د/ پێش لە پیتی دەنگدار یان دەسڕێتەوە یان دەگوڕێت دەبێ بە / ی/î  ێê

کورمانجی: کرنkirin، برنbirin، مرنmirin،

کەڵھوڕی[xiii]: زینێ/ زنیzînê/zinî، خویا/ خواxwiya/xwa، خوریان xwiryan

سۆرانی: خواxwa، فەنەکfenek، سنووقsinşûq و…

لە کاتێکدا لە فارسی دەبنە: کردنkerden، بردنburden. مردنmurden، زندەzinde، خداxuda، خوردە شدن xurdeshudenفندکfendek، صندوقsenduq و…

ھەر ئەم یاسایە کاریگەری لە سەر زۆرێک لە بنزارەکانی کەڵھوڕی داناوە و / د/ ی ڕابردوو و ڕانەبردووی بەردەوامی کارەکان بێژە ناکرێن وەکو (زانم، وت، کرد، خوەم، چم و…) لە کاتێکدا لە ھەندێک بنزاری ئەم شێوەزارە ئێستا ھەر وەکو کورمانجی سەروو (دزانم، دوت، دکرد، دخوەم، دچم و…) دەبێژن، ھەڵبەت لە ھەندێک ناوچەی کورمانجی باکووریش ئەم نیشانەیە دەسڕێتەوە.

زمانی کوردی و دەزگای دەنگسازی – بڕگەیی (Phonological system)

تەقریبەن زۆربەی زمانناسەکانی کورد کە لەسەر زمانی کوردی کاریان کردووە لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەزگای بڕگەیی ھەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردی وەکو یەکن. تا بە ئەمڕۆ زۆر کەس دەزگای بڕگەیی ئەم شێوەزارانەی نووسیویەتی کە ھەندێکیان دەبێژن شەش بڕگەیی ھەیە ھەندێکیش دەبێژن حەوتی ھەیە.

ھەرچەند ھەبوونی خوشەی بێدەنگ لە سەرەتایی بڕگەدا لە تایبەتمەندییەکانی زمانە ئێرانییەکانی باستان بووە, بەڵام ھیچ کام لە شێوەزارە ئێرانییەکانی نوێ کە شرۆڤە و تاوتوێ بوون وەکو (فارسی، لوڕی، تەبەری، قاينی و …) جگە لە کوردی ئەم تایبەتمەندییەیان نەپاراستووە. (کەریمی‌دۆستان،۱۳۸۷) هەرچەند شێوەزارە جیاوازەکانی کوردی ڕەنگە لە بواری ھەژمار و جۆری بێدەنگ و دەنگدارەوە لەگەڵ یەک جیاوازییان ھەبێت، بەڵام لە ئاستی بڕگە و شێوەی تێکەڵاوی دەنگەکان لەگەڵ یەک لە یەک چوارچێوەدا دەگونجێن. ھۆکاری ئەم ئیدعایەش ئەوەیە کە لە وتەی ئەو کەسانەی کە لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئێران خۆیانیان بە کورد دەزانن، شەش پێکهاتی بڕگەیی پێناسە کراوە(ھەمان سەرچاوە). چەند نمونەیەک لە سێ زاری کورمانجی سەروو، کورمانجی ناوەڕاست(سۆرانی) و کورمانجی خواروو (کەڵھوڕێ) لە خوارەوەدا ھاتووە: [xiv]

cv

دا da

دیdî،

سێ sê

cvc

ئاو aw

پەلpel

 لق liq

cvcc

ساردsard

ھەفتheft

سفتsift

ccv

خواxwa

کواkwa

چوە çwe

ccvc

چوارçwar

کیەرkyer

گیانgyan

ccvcc

خواردxward

کیەردkyerd

ھەروەھا زۆر کەسیش ھەیە کە بە گوێرەی ئەلفوبێی بڕگەکانی زمان دابەش دەکەن و لە شەش بڕگە فرەتر دەیانژمێرن وەکو ئەم نمونانەی خوارەوە:

cvccc : رۆیشت royşt ئەم بڕگەیە، کەڵباسی بەبڕگەیەک لە کوردی مەھاباد ناو دەبات بەڵام دەبێژێ ئەم بڕگەیە دەگمەنە. (کەڵباسی ۱۳۸۵) ھەڵبەت ئەگەر /ey/ لە وشەکانی (گەیشتgeyşt ، ھەیشت heyşt دەیشت deyşt) لە شێوەزاری کەڵھوڕی دەنگداری ئاویتار(دیفتانگ) نەبن، ئەو وشانەش دەتوانێ لە بڕگەی حەوتەم واتە cvccc بێنە ھەژمار، بەڵام زۆرێک لە زمانناسەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە (ey) دەنگداری ئاویتار (دیفتانگ) دێتە ھەژمار و واتا ئەم وشانە لە نێو ئەم بڕگەیە cvcc دەژمێردرێن.

 کامەران محەمەد ڕەحیمی دەزگایەکی ھیجایی تر لە زمانی کوردی ناو دەبات کە تەنیا نمونەیەکی لە زاری ئیلامی –کەڵھوڕیبۆیدێنێوەکووشەی “خوەیشک[xv]xweyşk” کە دەبێژێ دەزگای ھیجایی وەھایە: .ccvccc (محەمەدڕەحیمی ۱۳۸۵۵) بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ زانستی زمانناسی باسی دەکات ئەم وشەیەیە ھەر لە نێو بڕگەی ژمارە ۶ دەگونجێت واتە ئەمەیە (ccvcc) چونکە (ey) لە نێو ئەم وشەیەدا دەنگداری ئاویتار(دیفتانگ)ە.

بەڵام ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم شێوەزارانە لە ڕووی دەزگای بڕگەییەوە ھاوبەشن و لە چوارچێوەی زمانێک پەیڕەوی دەکەن.

تایبەتمەندییەکانی لقی کورمانجی

ھەرچەند کورمانجی و گۆرانی ڕیشەی زمانییان یەکێکە بەڵام ئێستە دوو لقی جودا لە یەک دێنە ھەژمارتن. بۆ سەڵماندنی ئەم نەزەریەش لە چەند یاسایەکی زمانناسی کەڵک وەردەگرین کە ئەو دوو لقە ھەر کامیان یاسایەکی جودا لە یەکیان ھەیە.

لە دەستەی گۆرانی بۆ کاری ڕابردوو و ڕانەبردووی بەردەوام لە / مە/ کەڵک وەردەگرن وەکو: مەکەم، مەچم، مەواچان، مەوارو و…

لە دەستەی کورمانجی: (دکەم/ دەکەم/ کەم، دچم، دەبێژن، دەبارێ و…)

بەپێی ئەو یاسایەی کە پێشتر ئاماژەی پێ کرا کە پێکهاتی زمانی کوردی دەگەڵ / د/ پێش بێدەنگ دەسڕێتەوە یان دەگۆڕێ لە نێو کارەکانی شێوەزاری سۆرانی و کەڵھوڕیش باش دیارییە. بۆ نمونە:

لە سۆرانی: (دەڕۆم(چم)، دەکەم/ ئەکەم. دەمزانی/ ئەمزانی و…)

لە باکووری کوردستان ھەندێک لە ئاخێوەرانی کورمانجی و ھەروەھا بەشێکی زۆر لە ئاخێوەرانی کەڵھوڕی پێشگری ڕابردوو و ڕانەبردووی بەردەوام دەسڕنەوە کە وا دەردەکەوێت کە ئەو کرمانجانەی کە دراوسێی زازاکان بوونە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەو شێوەزارە و ھەروەھا ئەو کەڵھور و سۆرانانەش کە دراوسێی ھەورامی بوونە لە ژێر کاریگەری ئەو زارە بوونە و ئەوانیش زۆرێک لە پێشگرەکانیان حەزف یان گۆڕاندووە. بۆ جەخت کردن لەسەر ئەم باسەش دەکرێ ئاماژە بە ئاخێوەرانی بنزارەکانی خوارووی ئەم شێوەزارە بدرێ وەکو بیجار، ئیلام، مێران، ئاودانان، دێھلوڕان و بەدرە بکرێت کە دوورتر لە ناوچەی ھەورامان بوونە و ئەم پێشگرەیان پاراستووە. بەڵام تەنانەت لە ناوچەی کرماشان بەرەو خانەقین کە ئەو پێشگرەیشیان سڕاوەتەوە ھێشتا لە نێو ھەندێک لە کارەکان نیشانەی پێشگری (د) ئەم کارە ماوەتەوە، وەکو:

دوینم (دەبینم) کە لە فارسیدا دەبێتە (می بینم).

لە زاری کورمانجی سەروو و کورمانجی خواروو(کەڵھوڕی) پێشگر / د/ لە یەک کاردا دەبێتە / ت/. بۆ نمونە (دێ) ی سۆرانی لە (د: پێشگری بەردەوام + ێـ: ستاگ) دروست بووە کە لە کورمانجی و کەڵھوڕی دەبێتە (تێ) کە (ت) گۆڕاوی / د/ بووە و لە نێو ھەموو سەرفەکانی ئەم کارە لەو یاسایە پەیڕەوی دەکات.[xvi]

ئەو جیاوازییەی کە لە نێوان دەستەی کورمانجی لەگەڵ شێوەزارەکانی ھەورامی و لەکی و ھەروەھا زمانی فارسی ھەیە لەسەر پێشگری نەفی ڕانەبردووی بەردەوامە.

لە ھەورامی و لەکی:(نمەکەم، نمەزانم، نمەچم…)

لە زمانی فارسی:(نمی‌کنم،نمی‌دانم،نمی‌روم…)

لە شێوەزاری کورمانجی سەروو، سۆرانی و کەڵھوڕی ئیدی لەم کارانەی کە نەفی بوونە لە پێشگری بەردەوام کەڵک وەرناگیردرێت. وەکو: ناکەم/ نیەکەم، نزانم/ نازانم/ نیەزانم، ناچم/ نیەچم و… لە حاڵێکدا لە کارەکانی ڕانەبردووی بەردەوام دەبنە (د(دە/ ئە) کەم، دزانم، دچم. ..  وھتد).

لە کوردیی گۆرانی کەمتر پیتەکان ئاڵوگۆڕیان بە سەردا ھاتووە و زۆرێک لە پیتەکان ھەر وەکو زمانی پەهلەوی بێژە دەکرێ کە چەند نمونەیەکیان وەکو / م/ ی نێوان دوو پیتی دەنگدار بوو کە پێشتر باسی لەسەر کرا، بەڵام پیتێکی تر کە تایبەتە و لە دەستەی کورمانجی دەگۆڕێت ئەوەش / گ/یە.

بۆ نمونە لە پەهلەوی و گۆرانی: ریشگ، نامەگ، مردگ، کردگە، ھاتگە،

فارسی نوێ: نامە name، مردە  morde، کردە karde، آمدە amade

کورمانجی: ….، نامە، مری، کریە، ھاتیە

کەڵھوڕی:  نامە، مردێ، کردێیە/ کردیە، ھاتێیە/ ھاتیە[xvii]

سۆرانی: ….، نامە، مردوو، کردووە، ھاتووە

ھەڵبەت لە بنزاری ئەردەڵانی سەر بە شێوەزاری سۆرانی و لە ئیلامی سەر بە کورمانجی خواروو ئەم پیتە ناگوڕێ، بەڵام لە شارەکانی گەیلانی‌غەرب،شابادوخانەقینھێشتاھەردووشێوەی (ریشگ/ ریشێ،مردگ/ مردێ،کردگە،کردێیە،ھاتگە/ ھاتێیە) بێژەدەکەنکەھۆکارەکەشیسنووریھاوبەشیشێوەزاریھەورامیوئەدەبیاتیفەرمیگۆرانیلەوناوچانەبووە.

لە ناوچوونی ئێرگەتیڤ لە کرمانجی سەروو و خواروو (کەڵھوڕی)

 لە بڕێک لە زارەکانی کورمانجی ئێرگەتیڤ لە ناو چووە و ئەم رووداوە بە دوو شێوە بووە.

لە ناوچەکانی کە زمانی تورکی کاریگەریی لەسەریان بووە، کارەکانی تێپەڕ لە ڕابردوودا وەکو زەمانگەلی تر بە گوێرەی کارا(فاعل) دەگوترێت. بۆ نمونە، لە جێگای ڕستەی”Min xwest ez te nas bikim.” لە “Ez xwestim te nas bikim.” کەڵک وەردەگیردریت. ھەروەھا لە جێگەی “Min nan xwar.”، لە “Ez nan xwarim.” کەڵک وەردەگیرێت. ھەروەھا سڕینەوەی ئەم ئێرگەتیڤە لە ھەرێمی کوردستان زۆر لە بەر چاو نییە و لە بڕێک لە ناوچەکانی “ئامەد” بەباشی دیارە. بەڵام شێوەی دیکەی لە ناوچوونی ئێرگرتیڤ ھەیە کە لە سەرانسەری کوردستان دیارییە و لە زۆرێک لە زارەکانی کورمانجیدا ھەیە(Samî Tan, 2011)

ئێرگەتیڤی کورمانجی شکاوە واتە تەنیا لە زەمانەکانی ڕابردوو ئێرگەتیڤ ھەیە. ئێرگەتیڤی کورمانجی ھەم پێناسەی کار و ھەمیش جێناوی دەیگۆڕێت(ھەرئەو سەرچاوە) شێوەزاری کورمانجی خواروو(کەڵھوڕی) لەم یاسایە جیا نەبووە و جگە لە ھەندێک خاڵدا ئێرگەتیڤی خۆی لە دەس داوە یا ھەر جگە لە زەمانی ڕابردوو ئێرگەتیڤی نەبووە. بەڵام شێوەزارەکانی سۆرانی، ھەورامی و لەکی ئێرگەتیڤیان ھەیە.

ڕەنگە ھۆی نەبوونی ئێرگەتیڤ لە کورمانجی خواروودا نزیکایەتی ئەم شێوەزارە لەگەڵ کورمانجی سەروو بێت، چونکە زۆرێک لە لێکۆڵەران لەسەر ئەو باوەڕەن کە کوردەکانی کەڵھوڕ لە باکووری کوردستانەوە ھاتوونە بەرەو ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و خانەقین.

تایبەتمەندییەکانی لقی گۆرانی و شێوەزارەکانی ھەورامی – زازاکی و لەکی لە لقی گۆرانی لە ڕووی ڕێزمانەوە بە تایبەت پێشگری / مە/ ی بەردەوام کە تایبەتی ئەم لقەیە لە نێو شێوەزار و بنزارەکانیدا ھەندێ وەک یەک نین. لە ناوچەکانی (ھەورامانی تەخت، مەریوان، ھەجیج، نەوسوود، نەودشە، ھانەگەرمڵە) کە بە بنزاری (ھەورامی تەخت) ناوی دەبرێت / مە/ م/ ی ڕانەبردووی بەردەوام بێژە ناکەن بۆ نمونە لە ھەورامی لھۆن وا دەبێژن: موەرۆ، مەکەرۆ، مواچۆ بەڵام ھەورامی تەخت دەیکەنە (وەرۆ، کەرۆ، واچۆ). ئەم یاسایە لە شێوەزاری زازاکیش وەھایە جێبەجێ دەبێت و ئاخێوەرانی ئەم شێوەزارەش ئەم پێشگرە دەسڕنەوە، بەڵام لە شێوەزاری لەکی بێژە دەبێت وەکو(مەکەم، مەچم، نمەھەرم، نمەزانم).

جیاوازییەکی تر لەھجەی (لھۆن) لەگەڵ (تەخت)دا، لە کارەکانە بۆ نمونە (است)ی فارسی لە لھۆن دەبێتە / ەنە/ وەکو:(یانە و ئێمە زەریفەن/ زەریفەنە) لە تەخت دەبێتە / ا/ وەکو:(یانا و ئیمە زەریفا).

شێوەزاری لەکی لە ڕووی دایرەی وشە و ماناناسییەوە لە شێوەزاری کەڵھوڕی نزیکە، بەڵام لە ڕووی فۆنۆلۆجییەوە دەکەوێتە سەر دەستەی گۆرانی و ھەروەھا بەشێكی سەرەکی ئەم شێوەزارە ئێرگەتیڤی ھەیە کە لە ڕووی ڕێزمانەوە لە کەڵھوڕی جودا دەبێتەوە.

لەبەر ئەوەی ژیانی لەکەکان بە شێوەی ئێڵ و عەشیرەتە بەڵام ئەم ئێڵ و عەشیرەتانە لە بواری زمانییەوە ئەوەندە جیاوازییان نییە و تەنیا جیاوازییان لەھجەی نێوان ئێڵ و ناوچەکانە ئەوەش کاریگەری جوگرافیایی بووە.  بۆ نمونە لەکەکانی شاری کوهدەشت، بروجەرد، نەھاوەند بە هۆی نزیکایەتییان لە جوگرافیای لوڕستانەوە پیتی / ان an/ و /ئام am/ ی کە لە لەکی ناوەندی لە ناو و کارەکان ھەیە، بێژە ناکەن و ھەر وەکو لوڕەکان دەیکەنە / ۆ/ و / ۆن/. بە گشتی ئەو لەکانەی کە دراوسێی جوگرافیای لوڕەکانن لە فۆنیمەکانیان لەو شێوەزارە نزیک بووەتەوە. وەکو: / لوڕستان، تەیران، جام، کام/ دەبنە / لوڕسۆ، تەیرۆ، جۆم، کۆم/

لەکی بە گشتی دەبێتە سێ بنزار:

 ۱٫ناوەندی(کاکەوەنی) ۲٫ کودەشتی–ئەلشتری ۳٫ ھەرسینی(بنزاریلاوەکی).

ئەو ئێڵ و ھۆزانەی کە کۆچبەرن و لە ناوەندی لەکستاندا دەژین ھەندێک لە کارەکانییان ئیرگەتیڤن و لەکییەکەیان پاراوترە. بنزاری دووەم لەکیێکە کە نزیکی جوگرافیای لوڕستانە کە ئەم بنزارە لە ڕووی فۆنۆلۆژییەوە لە لوڕی نزیکە بەڵام لە ڕووی رێزمانەوە ھەر وەکو لەکی ناوەندییە، بەڵام بنزاری سێیەم لەکەکانی شاری ھەرسین و دەوروبەری سەحنەن کە ساڵەھایە نیشتەجێن و بنزارەکەیان لە ڕووی ڕێزمانییەوە وەکو زاری کەڵھوڕییە کە ڕەنگە ژیانی یەکجێنشینی و شاری کرماشان کاریگەریی لە سەر ئەو بنزارە دانابێت بۆ نموونە ئەم لەھجە وەکوو لەھجەی لاوەکی و نێوان لەکی و کرماشانی دێتە ھەژمار. لە لەکی ھەرسینی خوشەی کانسنانت (xw) ھەیە کە وەکوو دەستەی کرمانجی ھاتووەتە دەورەی نوێی زمانی کوردی بەڵام لە لەکی کوودەشتی و ئەلشتری ھەر بە شێوەی(huw / hw ) ماونەتەوە.

نمونەی رێزمانی سێ‌بنزارلەشێوەزاریلەکیدا:

ئێڵ و عەشیرەتەکانی لەک کاکەوەنی، جەڵاڵوەندی، ھۆزمانەوەنی و… کە دەبنە لەکی ناوەندی: نانم ھوارد، چەت کرد، پات شکانم

کوودەشتی و ئەلشتر: نۆنم ھوارد، چەت کرد، پات شکۆنم.

ھەرسینی لاوەکی: نان خواردم، چە کردی، پام شکانی

لە نێو لێکۆڵینەوەی کە لە سەر شێوەزاری لەکی کرا. دوو لقی ناوەندی و کوودەشتی فرەتر لە چوارچێوەی لەکییان پاراستووە بەڵام لقی ھەرسینی لە بواری رێزمانییەوە دەکەوێتە سەر کەڵھوڕی.

نمونەیەک لە پێکھاتەی کۆنی زمانی کوردی لە دوو زاری کورمانجی سەروو و کەڵھوڕیدا

لە کورمانجی سەروودا، لە کاری (ھاتە) زۆر کەڵک وەردەگیردرێت کە یەکێک لە نیشانەکانی کۆن بوونی کورمانجییە کە ھێشتا لە نێو زاری کەڵھوڕیدا ئەو پێکهاتەی پارێزراوە، بۆ نمونە:

لە کورمانجی سەروو: ھاتە وەشاندن، ھاتە چاپ، ھات نڤیساندن و…ھتد

لە کەڵھوڕی: ھاتە گوما، ھاتە چاپ، ھاتە کەڵ، ھاتە گۆشما و…ھتد

لەبەر دراوسێ بوونی دوو شێوەزاری کەڵھوڕی و ھەورامی، زاری کەڵھوڕی ھەندێک پێکهاتەی خۆی لە ھەورامی وەرگرتووە بۆ نمونە ھەمان کاری “ھات” لە ھەورامی وەھا سەرف ناکرێت. جاروباریش دەبینین کاریگەری ھەورامی لە سەر ئەم زارە وەھای کردووە کە بێجگە لە پێکهاتەی خۆی، پێکهاتەی ھەورامییش بێتە نێو ئەم زارە؛ بۆ نمونە جگە لە “ھاتە گوما، ھاتە چاپ، ھاتە گووشما” وەھاش دەگوترێت “گوم بوی، چاپ بوی، ئەژنەفتم” کە ڕەنگە وەھا بێت کە ئەم ساختاری دواییەی کاریگەری ھەورامی لە سەر ئەم زارە بوو بێت. یان ئەگەر فۆنیمی “و” کە لە پەهلەوی و ھەورامی لە بەر چاوە و لە کورمانجی سەروو و سۆرانیش دەبێتە “ب”، بەڵام بە پێچەوانەوە لە زاری کەڵھوڕی و بنزاری کورمانجی خوراسان و بنزاری ئەردەڵانی سەر بە شێوەزاری سۆرانی تا رادەیەک کەمتر ئەو گۆڕانە ڕووی داوە، نەک ھەر نەگۆڕا بێت بەڵکوو کەمتر بۆ نمونە: “واران، وە، وەھار، وەفر، وەرف وەرخ(وەرک) و…” لە کورمانجی سەروو و سۆرانی دەبنە “باران، بە بھار/ بەھار، بەفر، بەرف، بەرخ و…” ھەروەھا لە زمانی فارسیش ئەو “و”ە دەگۆڕێت و دەبێتە “ب” بەڵام لە کەڵھوڕی لە ھەندێ وشەدا پێکهاتە کۆنەکەی پاراستووە و لە ھەندێکیش گۆڕانییان بە سەردا ھاتووە وەکو: “واران/ باران، وە، بھار، وەفر وەرک،  و…” بەڵام “ب”ی پاش پیتی دەنگدار لە کەڵھوڕی، کورمانجی خوراسان و ئەردەڵانی چ کوردی بێت و چ غەیری کورد دەبنە “و” وەکو: نەبوو، دەبارێ، نەبر، نەبرد، خەبەر و…” دەبنە “نەو/ نەوی، دوارێ/ ئەوارێ/ وارێ، نەور، نەورد، خەوەر و…” کە ئەمانە وەک یەک نین،  نابن بە بەڵگە بۆ دابەشکردنی زاری کوردی، چونکە ھەمان پیتی “و” پەهلەوی لە فارسی نوێشدا دەبێتە “ب”. ھەروەھا لە شێوەزارەکانی کرمانجی ژووروو و ناوەڕاستیشدا ھەرچەند (ئاڤ/ ئاو) دەبێژن لە حاڵێکدا لە فارسی دەبێتە (آب) بەڵام لە زۆربەی وشەکاندا ھەر وەکو زمانی فارسی ئەم پیتە دەگۆڕن.

ھەروەھا ئەم نزیک بوونە لە دوو زاری کەلھوڕی و لەکیشدا ھەیە. شەست – ھەفتا لەسەدی وشەکانی ئەم دوو زارە وەکو یەکن. ھەروەھا لە ئەدەبیاتی فۆلکۆریش زۆر نزیکن لە یەک. بەڵام ئەو شتەی کە زانستییە و ئەو دوو زارە لە یەک جودا دەکاتەوە، جیاوازی دەنگی و ڕێزمانییە.

نمونە و ھەڵسەنگاندنی ڕستە لە ھەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردیدا

شێوەزارەکانی زمانی کوردی کە بنچینەی ھەموویان لەسەر یەک زمانە، بەڵام بە درێژایی مێژوو بە ھۆکارگەلێکی زۆرەوە وەکو دابەشبوونی جوگرافیای سیاسی، نەبوونی زمانی فەرمی، بەربڵاوی جوگرافیایی و…ھتد؛ تا ڕادەیەک لە یەک دوور بوونەتەوە. ئەمڕۆیش ئەو شێوەزارانە ھەر کامیان بە گوێرەی کەش و ھەوا و جوگرافیای تایبەتی خۆیانەوە گۆڕانکارییان بە سەردا ھاتووە و ھەروەھاش بە پێی پێکهاتە و دەزگای بڕگەییەوە دەستیان بە دروستکردنی وشەگەلێکی تازە بە شێوەی فۆلکلۆر کردووە.

لە شێوەزارەکانی زمانی کوردیدا لە بەر ئەو ھۆکارانەی کە لە سەرەوە باسیان کرا لە بواری ڕێزمان و ڕستەبەندیدا جیاوازییان ھەیە، بەڵام لە بواری پەیکەرەی زمانییەوە بە گشتی ھاوبەشن کە نمونەی چەند ڕستە لە ھەموو شێوەزارەکانی ئەم زمانەدا دێنینەوە.

کورمانجی:

۱) عەلی ئاڤ ڤەدخوار ۲) زانا ژ مالێ دەرکەت ۳) گاڤا ئەز ژ خەوێ رابووم من دیت کو باران تێ/ دبارە ۴) ل دەما ڤەگەرانێ چاڤێ من پێ کەت ۵) ھەرە مالێ ھەیا باڤێ تە ڤەدگەرە/ تێ ۶) وەرن ئەم ب ھەڤرە بچن باژاری/ باژێر ۷) من ل دەرڤە نان خوار.

کەڵھوڕی:

۱)عەلی لەپسای ئاو خوارد ۲) زانا لە ماڵ ھاتە دەر(دەرکەفت) ۳) دەمێگ لە خەوا ھاتم(ھەڵسام) دیم ک واران وارێ(دوارێ) ۴) لە وەخت ئەو ھاتن چەوم کەفتە لێ ۵) بچوو ئەڕا ماڵ تا باوگد(ت) تێدەو ۶) بان بچیمن ئەڕا شار ۷) من لە دەرەو(دەیشت) نان خواردم

سۆرانی:

۱) عەلی ئاوی دەخواردەوە ۲) زانا لە ماڵ ھاتە دەر ۳) کاتێک کە لە خەودا ھەستام دیتم کە باران دەبارێ ۴) لە کاتی گەڕانەوە چاوم پێیان کەوت ۵) بڕۆ بۆ ماڵ تا باوکت دێتەوە ۶) بێن بڕۆین(بچین) بۆ شار ۷) من لە دەرەوە نانم خوارد

ھەورامی:

۱) عەلی گەرەکش بێ ئاوی بوەرۆ ۲) زانا یانەنە ئەومە بەر ۳) وەختێ وە وەر مەنە ھۆرزان دیم واران مەوارۆ ۴) وەختێوە ھۆرگیڵانێوە چەمم پەنەش کەوت ۵) لۆوەوە پەی یانەی تا تاتەت مەیوا ۶) بەیدەی بلمێ پەی شاری ۷٫ وێم جە بەرەو نانم وارد[xviii]

زازاکی:

۱)عەلی ئاوا وەرد ۲) زانا کەیە[xix] را ڤەژیا ۳) گاما کە ما ھەون را وارشتێ، ما دی کە ڤاران ڤارەنۆ ۴) دەما ئاگێراییشی/ئاگێرایەنە دە چمێ م ب ئەی کەوت ۵) شۆ کەیە، ھەیا/ ھەتا/ ھەتانی کە پییێ/باوێ. باوکیێ/ بابییێ تۆ ئاگێرەنۆ ۶۶) بێرێ/ بێرین ما پییا شێری/ شەیری باژار/ شارستان ۷) م تەبەر دە نان وەرد[xx]

لەکی:

۱) عەلی داشتێ ئاوە مەھواردێ ۲) زانا ئەێ/ ڤە ماڵ ھەتە دەرێر ۳) ڤەختێ ئەێ خەو ھێز گرتم دیم ڤارانە مەوارێ ۴) ھەنێ ھەتما چەمم کەتێ ئەونە ۵) بچەڕا(بچوەڕا) ماڵ تا باوەتە مایا ۶) بوورن بچیم ئەڕا شار ۷) ڤە درا نانم ھوارد/ ھواردێیە.

لە نێو ئەم چەند نمونە زاری لەکی لە دەستەی گۆرانی، نزیکایەتیی لەگەڵ کورمانجی و کەڵھوڕیدا ھەیە. بەڵام لەبواری دەنگسازییەوە لەگەڵ ھەورامی و زازاکی ھاوبەشە و لە بواری سینتاکسیشەوە لەگەڵ ھەورامیدا و تارادەیەکیش لەگەڵ سۆرانیدا ھاوبەشە.

ھۆکارگەلی جیابوونەی شێوەزارە کوردیەکان لە یەکدی

یەکێک لەو ھۆکارانەی کە بەڕێز سارایی بەم شێوەیە لەبارەیانەوە دەدوێ: کوردەکان کەمتر بە شێوەی یەکجێنشینی ژیاون و ئەمەش بووە بە ھۆی ئەوەی کە زمانی کوردی و تایبەتمەندییە فەرھەنگییەکانیان جیاواز و رەنگاوڕەنگ بن. (سارایی ۱۳۹۱) لە ڕابردوویەکی دوورەوە ھەر کام لە شێوەزارە کوردییەکان بەرەو گۆڕانکارییەکی جیاواز و جودا لە یەک رۆیشتوونە، ئەم گۆڕانکاری و بڵاوەخوازییە بوو بە ھۆی دوورکەوتنەوەی ئەو شێوەزارانەی زمانی کوردی. ھەروەھا یەکێکی دیکە لەو ھۆکارانە ئەوە بووە کە ھیچ کاتێک ئاخێوەرانی ئەم زمانە دەسەڵاتێکیان نەبووە. (رەحیمی‌نژاد ۱۳۸۹) نوئیل دەبێژێ کە بەربڵاوی خێڵەکانی کورد و جوداییان لە یەکدی بووە بە ھۆی نەبوونی ئەدەبیاتێکی ھاوبەش، بووە بە ھۆی ئەوەی کە زمانی کوردی ھاوچەرخ بە چەند شێوەزار دابەش ببێت کە ھەر کام لەوانە تایبەتمەندییەکی خۆیان ھەیە بەڵام بەسەر ئەوەشەوە دەتوانین بێژین کە ھەموویان لە یەک زمان و لە یەک سەرچاوەن. (حەمەخورشید۱۹۸۳، لە گێڕانەوەی نوئیل[xxi])ھەڵبەت نەبوونی دەسەڵاتی نووسین بەم زمانە، شاخاویبوون وڵاتەکە و دووربوونی پانتای جوگرافیای کوردستان … وھتد لە ھۆکارگەلێکی دیکەی زۆری و هەمەچەشنی شێوەزارەکانە.

دابەشکردنی زارەکانی زمانی کوردی لە ڕوانگەی نووسەرەوە

بەپێی ئەم لێکۆڵینەوە وا دیار دەبێت کە زمانی کوردی لە بنەڕەتدا بە دوو لقی سەرەکی کورمانجی و گۆرانی[xxii]–زازاکیدابەشدەبێت،لقیکورمانجیخۆیسێشێوەزاریکورمانجیسەروو،ناوەڕاست(سۆرانی) وخواروو(کەڵھوڕی)یھەیە

دەستەی کورمانجی: خۆی دەبێتە سێ‌شێوەزاریژووروو،ناوەڕاست (سۆرانی) وخواروو(کەڵھوڕی):

کورمانجی ژوورووو بنزارەکانی: (کورمانجی، بادینی، بایەزیدی، بۆتانی، هەکاری، شەمزینانی و…) ھەموو شارەکانی کوردستانی تورکییە جگە لە شارە زازاکی نیشینەکان، هەموو کوردستانی سووریا، لە ئێرانیش: لە ورمێ، ماکۆ، سەلماس، خۆی، هەورەها کوردەکانی خوراسان و لە عێراقیش دھۆک، زاخۆ، موسڵ، ئامێدی…بەم شێوەزارە دەدوێن.

کورمانجی ناوەڕاست(سۆرانی) و بنزارەکانی: (سۆرانی، موکریانی، بابانی، ئەردەڵانی(سنەیی)، سەقزی، پشدەری، ھەولێری، جافی و…).

ئاخێوەرانی لە کوردستانی عێراق: سلێمانی، ھەولێر، کەرکووک، کۆیە، شەقڵاوە، قەڵادزێ، سۆران، چەمچەماڵ، کەلار.. لە کوردستانی ئێران: سنە، مەھاباد، بۆکان، سەقز، بانە، پیرانشار، شنۆ، دیواندەرە، قوروە، بەشێک لە مەریوان و کامیاران.

کورمانجی خواروو(کەڵهوڕی[۱])  و بنزارەکانی” گیڵانی(ئەیوانی و شابادی)، کرماشانی، خانەقینی، ئیلامی[۲]، گەرۆسی(بیجاڕی)، گاوارەیی(گۆران)، کولیایی، سنجاوی و خزڵی، بەیرەیی، کوردەلی، کرنی).

 ئاخێوەرانی ئەم شێوەزارە لە کوردستانی ئێران: کرماشان، ئیلام، بیجاڕ، ئیسڵام‌ئاباد،گیڵانغەرب،قەسریشیرین،سەرپێڵ‌زەھاو،سونقوروکولیایی،ئەسەدئاباد،کرنوگاوارە،کەنگەوەر،

سەحنە،ئەیوان،شیروان،چەرداوڕ(چەرداوڵ)،سراوڵە،مێھران،ئاودانان،بەدرە،دێھلوڕان،ساڵەح‌ئاباد،مەڵکشای،بەشێکلەشارەکانیکامیارانوقوروەولەباشووری کوردستانیش خانەقین، مەندەلی، بەدرە، جەسان، جەلەولا، زوڕباتییە، و فەیلییەکانی بەغدا و زۆرێکی تر لە پارێزگاکانی شیراز و قەزوێنی ئێران لە سەردەمەکانی سەفەویی و زەندییە پەخش و بڵاو بوونە[۳])

یەکێک تر لەو یاسایانەی کە بنزاری خزڵی، سنجاوی و فەیلی[xxiii] لە ھەورامی و لەکی جودا دەکاتەوە، نەبوونی ئێرگەتیڤی ئەم بنزارانەیە وەھایە کە دەکەونە سەر شێوەزاری کرمانجی خواروو(کەلھوڕی) چونکە لە ڕووی ڕێزمانەوە ئەم شێوەزارە یەکێکە و تەنانەت لە بواری دایرەی وشەکانیشەوە جگە لە بێژەی ھەندێک لە وشەکان ھیچ جیاوازیێکیان نییە. ئەم چەند ناوچانە کە ئاخێوەریان زۆریش نییە، دراوسێی شێوەزاری لەکین. شاری ئیلام لە بەر ئەوەی کە دەسەڵاتی والییەکانی لوڕیش لە سەریاندا زاڵ بووە، لەبەر ئەوە تا ڕادەیەکی کەم لە ژێر کاریگەری دەنگسازی ئەو شێوەزارە بوونە.

دەستەی گۆرانی

ھەورامی: لەھۆنی، تەختی، شەبەکی، کاکەیی، کەنوولەیی، زەردەیی[xxiv]، گەورەجووی[xxv]

ئاخێوەرانی ئەم شێوەزارە لە کوردستانی ئێران: پاوە و مەریوان، نەوسوود، نووشە، گوندی کەنۆلە لە کولیایی و دوو گوندی زەردە و گەورەجوو لە دالاھۆ و لە عێراق بیارە و تەوێڵە بەشێک لە هەڵەبجە و بەشێک لە کەرکووک کە بە کاکەیی زیاتر ناسراون و لە خێڵی زەنگەنەن و لە موسڵیش شەبەکەکان.

بەڵام لە نێو ئەم بنزارانە، گەورەجوویی تەواو وەک هەورامی نییە و دەکرێ بە شێوەزاری نێوان ھەورامی و کەڵھوڕی دابنرێت.

زازاکی: کردکی، کرمانجکی، دملکی

ئاخێوەرانی ئەم شێوەزارە: دێرسیم، ئەرزەرۆم، ئەرزەنجان، بەشێک لە ئامەد و….

لەکی[xxvi]: ناوەندی(کاکەوەنی)، کوودەشتی، ھەرسینی[xxvii]. شێوەزاری لەکی لە ھەر ناوچەیەک بە ھۆز و عەشیرەتەکانییەوە دەناسن.

ئاخێوەرانی ئەم شێوەزارە: دڵفان(نوورئاباد) کوودەشت، ئەڵشتر، بەشێک لە خوڕماوا، بەشێک لە بروجرد، بەشێک لە نەھاوەند، ھلێران و بەشێکی بچووک لە ئاودانان لە پارێزگای ئیلام و لە پاریزگای کرماشان، شاری ھەرسین و بەشێکی بچووک لە کەنگەوەر و دەوروبەری سەحنە لە خۆ دەگرێت.

بەپێی دابەشکردنێک کە لە سەرەوە کرا، تا ڕادەیەک دەردەکەوێت کە کام شێوەزارە و کام بنزارە. بەڵام شێوەزاری لوڕی کە زۆرێک لە لێکۆڵەران بە شێوەزارێک لە زمانی کوردی ناوی دەبەن، لە ڕووی زانستییەوە بێت ئەم زارە تەنیا لە باری دەزگای بڕگەییەوە[xxviii] دەکەوێتە سەر زمانی کوردی و بە گشتی لە هەموو بوارەکانی دی لە زانستی زمانی، لەگەڵ زمانی کوردیدا هاوچەشن نییە. هەڵبەت مەبەستی من لوڕی پارێزگای لوڕستانە؛ چونکە بەڕاستی زمانەکەیان بە گشتی ئاسمیلە بووە. سەرجەم لوڕەکان ھەرچەند لە بواری کولتوور و فەرھەنگییەوە ھەر وەکو کوردەکانن بەڵام خۆیان بە کورد نازانن.

بە بڕوای مێژوونووسی ناوداری کورد شەرەفخانی بەدلیسی و مێژوونووسەکانی غەیری کوردیش وەکو مەسعوودی، ئیبن قەتیبە، تەبەری، راولینسۆن، ریچ و… لوڕەکان لە پێشدا کورد بوونە. لە گێڕانەوەی (پەرھیزی، ۱۳۸۵)  ھەڵبەت ئەمە لە بواری مێژووییە نەک زمانناسی. بەڵام لوڕەکانی بەختیاری زێدەتر لە زمانی کوردی نزیک و لە پەیکەری زمانی فارسی تا رادەیەک جودان. بەڕای نووسەر دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی زانستی مەیدانی و زمانی لە سەر لوڕەکانی بەختیاری بکرێت، چونکە نابێت هەر بە گۆترە ئەو شێوەزارە بخەینە سەر زمانی کوردیی خواروو یان هەر شێوەزارێکی دیکەی کوردییەوە.

ئەنجامی باسەکە

زمانی کوردی بە گوێرەی زانستی دەنگسازی و سینتاکس بە شەش شێوەزار دابەش دەبێت.

ھەروەھا بە پێی ئەم لێکۆڵینەوە کە لە سەر شێوەزارە کوردییەکان کرا دەردەکەوێت کە شێوەزارەکانی زمانی کوردی لە بڕێک بوارەوە بە ئەندازەی زمان جوداییان ھەیە لە ھەندێک جاریش دوو شێوەزار لە دوو لقی جودای کورمانجی و گۆرانی، ئەوەندە نزیکایەتیان ھەیە کە مرۆڤ ھەست ناکات کە ئەو دوو شێوەزارە سەر بە دوو لقی جودان.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی کە لە سەر زمانی کوردی  کرا ئەنجامەکەی ئەوەیە کە ئەو شێوەزارانەی کە دراوسێن لە ڕووی وشە و فۆنیم و سینتاکسیشەوە کاریگەریان لە سەر یەک داناوە و تێکەڵاویێکی زۆریان تێدا دەبینرێت.

بە گوێرەی ھەڵسەنگاندنی شێوەزارەکان کە لە سەرەوە کرا، بۆمان دەرکەوت کە دوو شێوەزاری ھەورامی –زازاکیلەدەستەیگۆرانیلەگەڵزمانیکوردینوێداھەندێکلەیەکناچن، ھەروەھا زۆرێک لە زمانناسەکان دەستەی گۆرانی –زازاکی جودالەزمانیکوردیدەزانن،بەڵامبەگوێرەیئەملێکۆڵینەوەڕوونوئاشکرایەکەشێوەزارەکانیئەملقەلەکۆنترینشێوەزارەکانیزمانیکوردیدێنەھەژمارلەبەرئەوەیەکەئەمدەستەیەکەمترئاڵوگۆڕیبەسەرداھاتووە و نوێ نەبووەتەوە و ئێستەش دەستەی کورمانج تا رادەیەک لەگەڵ ئەم دەستەی کۆنە دوور بووەتەوە. بەڵام شێوەزاری لەکی لەو دوو شێوەزارەی تر لەگەڵ دەستەی کورمانجیدا ھاوبەشیی زۆرترە و نزیکایەتیی ھەیە.

بە گوێرەی ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی بنەڕەتی زمانی کوردی، ئێستە دەتوانرێت جیاوازیی دابەشکردنی زمانەوانی لەگەڵ دابەشکردنی جوگرافیایی، مێژوویی، کۆمەڵناسی و تەنانەت دابەشکردنە  تەقلیدییەکانی دی  کە تا ئەم دواییە باو بوو، ڕوون ببێتەوە. لە نمونە بەرچاوەکانی جیاوازی لەم توێژینەوەدا کە جیاوازییەکان ڕوون دەکاتەوە دەتوانرێت ئاماژە بە لقی گۆرانی بکرێت کە دەبێتە سێ زارەوە دوو زاریان لە نێوان کەڵھوڕ و سۆران لە باشوور و رۆژھەڵاتی کوردستاندا ھەڵکەوتوون و شێوەزاری زازاکی(دملەکی)یش لە باکووری کوردستان لە نێوان شێوەزاری کورمانجیدا ھەڵکەوتووە کە ھیچ کام لەو سێ زاری ھەورامی، زازاکی و لەکییە، سنوورێکی ھاوبەشی جوگرافیایی خۆیانیان پێکەوە نییە، بەڵام جوگرافیایان دەکەوێتە نێو جوگرافیای زارەکانی دەستەی کورمانجی کە ھەر ئەو شێوەی پێکەوە ژیانی ئەم شێوەزارانە وەھای کردووە کە ئەو کەسەی زمانی کوردی بە باشی نەزانێ ناتوانێت لە یەکیان جودا بکاتەوە و لە ڕووی زمانەوانییەوە دابەشیان بکات. تا ڕادەیەک ھەڵسەنگاندن و دابەشکردنیان بۆ زمانناسێک کە زمانی کوردی بە باشی نەزانێت سەختە بتوانێت بە شێوەیەکی سەدلەسەدی بڕیاری دابەشکردنیان بدات.

Index  (پەیوەست) پاشەکی

ئەوەی کە لە ھەڵسەنگاندن و شرۆڤەی زمانی کوردی بە شێوەیەکی زانستی بە ئەنجام دەگەین، کوردیی خوراسانی لە کورمانجیی سەروو، ئەردەڵانی لە کورمانجیی ناوەڕاست، و سنجاوی –خزڵیوتارادەیەککرنیشلەکورمانجییخواروودالەگەڵئەوشێوەزارانەیکەئەمانەدەچنەڕیزیانەوەتاڕادەیەکلەیەک ناچن. واتەکورمانجییخوراسانی،ئەردەڵانیوسنجاوی

خزڵی،خۆیانئیلمانیشێوەزاریانھەیەبەڵاملەبەردەسەڵاتیشێوەزارەسەرەکییەکان،ئیدیئەمانەناتواننببنەشێوەزاریسەرەکیوئەدەبیاتیسەرەکیشێوەزارەکانیانقبووڵکردووە.

بە ھۆی درێژبوونەوەی توێژینەوەکە بۆ هەموو بنزارەکان نمونەی دەق نەهێنراوەتەوە و ھەڵسەنگاندنیان بۆ نەکراوە.

ماڵپــەڕی هسارە ناتوانێت راستی ئەم وتارە لە بواری زمانوانی پشتڕاست بکاتەوە 

پەراوێزەکان:


[۱]. ئەم شێوەزارە لە کوردستانی باشوور و عێراق بە (فەیلی)یش نای دەبەن.

[۲]. ماوەیەکی دوور و درێژ والییەکانی لوڕستان دەسەڵاتداری شاری ئیلام بوونە، تا رادەیەک کاریگەریان لە سەر واجی بن‌زاری ئیلامی داناوە تا ئەو رادەی تەنیا خودی شاری ئیلام /م/ نێوان دوو دەنگدار ناکەنە /و/ بەڵام کاتێک لە ئیلام رادەبووری و دەچیت بەرەو باشووری رۆژھەڵاتی کوردستان واتە شارەکانی مێھران، بەدرە و ئاودانان دەبینری کە ئەوان ئەو واجەیان ھەر وەکوو ھەموو کرمانجەکان دەگوڕن، ھەرچەند دراوسێی جوگرافیای لوڕەکانیشن.

[۳]. نووسەر لە وتارێکی تر لە ژێر ناوی (کرمانجی خواروو – کەڵھوڕی) بە تیر و تەسەلی  باسی بن‌زارەکانی ئەم شێوەزارەی کردووە کە ھێشتا چاپ نەبووە.



[i]. لەبەر ئەوەی کە تا بە ئێستە کەمتر لە سەر شێوەزاری کرمانجی خواروو (کەڵھوڕی) کار کراوە یان کەسانگەلێک کە باسیان لە سەر ئەم زارە کردووە، ئاگایێکی باشیان نەبووە و سەرچاوەیەکی ئەوتویان لە بەر دەست نەبووە، زۆرێکیان لە بواری دابەشکردنەوە توشی ھەڵە بوونە. بەم بۆنەشەوە نووسەر تێکۆشاوە کە زمانی کوردی بە ھەموو شێوەزارەکانییەوە تاوتوێ بکات، بەڵام فرەتر تیشکی خستووەتە سەر زاری کەڵھوڕی و لە نێو تابلۆیەکەشی تەنیا شەش شێوەزارەکە راسم کراوە و ئیدی بن‌زاری ھیچ کامی تری شیوەزارەکان بێجگە لە کەڵھوڕی رەسم نەکراوە.

[ii]. ئەمە رێکەوتی سالێ وەرگێڕانەکەیە نەک نووسینی دەقە سەرەکییەکەی.

[iii]. راھنمای زبان ھای ایرانی، ویراستار رودیگر اشمیت، ترجمەی فارسی حسن رضائی باغ بیدی.

[iv]. plosive

[v]. fricative

[vi]. palater

[vii]. coronal

[viii]. لە گێڕانەوەی: رەحیمی‌نژاد ۱۳۸۹

[ix]. لە گیڕانەوەی فتاحی ۱۳۹۰

[x]. وەرگێڕانی دکتور سەعید خزری، جەعفەر خزری(۱۳۸۹)

[xi]. لە  گێڕانەوەی ئیشمیت.

[xii].ھەڵبەت (م/m) پاش پیتی دەنگداری (ا/ a) و (ە/e ) لە دەستەی ھەورامی و لەکیش ھیچ ناگوڕێ بۆ نموونە: (نام، چەم، کەیکم، گامڵکی، خام) بەڵام لە کوردی کەڵھوڕی دەبنە (ناو، چەو، کەیکو، گاوڵکی، خاو و…)

[xiii]. لە زۆربەی کارەکانی زاری کەلھوڕی کە بە /د/یەوە دەست پێدەکات لە کاتی نەفی کردندا ھەموویان دەگۆڕن بە /ی/ وەکوو: (دار، دیم، دڕیا، داشت…) لە نەفی کردندا وەھایان پێ دێ : (نەیار، نەیم، نەیڕیا، نەیاشت و…) لە کاتێکدا لە چەند ناوچەیەک لەم زارە ھەر ئەو ساختارەی پاراستووە و وەھانە (نەدار، نەدیم، نەدڕیا، نەداشت…).

[xiv]. لە بەر ئەوەی سەرچاوەیەکی زانستی لە سەر زارەکانی ھەورامی و زازاکی دەستی نووسەر نەکەوتووە، نووسەریش ناچار بووە بۆ ھیجابەندی لە وشەی ئەو شێوەزارانە کەڵک وەرنەگرێت.

[xv]. مەبەست لە بێژەی (خوەیشکxweyşk  )ـە چونکە لە ھەندێک ناوچەش بە شێوەی xweyşik بێژە دەکرێت.

[xvi]. لە کوردی کەڵھوڕی کارەکانی (تیاتم: تھاتم: دھاتم = می آمدم)(تیەرزێ/تێرزێ: ئەژێ= می ارزد) بە گوێرەی ئەم یاسایەیە.

[xvii]. لە ھەندێک لە ناوچەکانی سەر بە زاری کرمانجی خواروو تەنانەت وشە یاساییەکانیش کە /گ/ی تێیان دایە دەیگۆڕن وەکوو (سەگ، گورگ، کەڵگا…) دەبێتە (سەێ، گورێ، کەڵێیا).

[xviii]. نموونەی ھەر ئەو ڕستانە لە نێو زاری گەورەجووی:  ۱)عەلی گەرەکش بێ ئاوش مووە ۲) زانا ئەژ کە ھامە بەر ۳) ………….. ۴) ئەژ وەخت ھامەنیشوا چەمم کەتە وەن ۵) بشوو ئەڕا کە تا باوکەت مایوا ۶) بایەوا بشام ئەڕا شار ۷) من ئەژ دەرەو نانم وە

[xix]. Keyeماڵ، لە گوندی گەورەجوو لە کرماشان کە بە زاری ھەورامی دەدوێن بە ماڵ ھەر وەکوو زازاکان (کە/ کەیە) دەبێژن .

[xx]. 1) Elî/Elîyî awe werdêne. 2) Zana keye ra vejîya. 3) Gama ke ma hewn ra wariştê, ma dî ke varan vareno. 4) Dema agêrayîşî/agêrayene de çimê mi bi ey kewt. 5) Şo keye, heya/heta/hetanî ke pîyê/bawê/bawkê/babîyê to agêreno. 6) Bêrê/bêrîn ma pîya şêrî/şeyrî bajar/şaristan 7) Mi teber de nan werd.

[xxi]. Noel, major, 1919, Note on the Kurdish situation

[xxii]. ھەرچەند فرەتر گۆرانی شێوازێکە لە زمانی کوردی نەک شێوەزار بەڵام لەبەر ئەوەی کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە ھەورامی و زازاکییان لە نێو دەستەی گۆرانی داناوە، منیش ھەر لە ھەمان ناوی “گۆرانی” بۆ ئەو لقە کەڵکم وەرگرتووە.

[xxiii]. ھەڵبەت بەشێک لە فەیلی، سەنجاوی و خزڵی وەھا دەدوێن و ئەودوایان (م) نێوان دوو دەنگدا دەکەنە (و).

[xxiv]. زەردە: گوندێکە لە باکووری رۆژئاوای رێژاو لە پارێزگای کرماشان کە بە زاری ھەورامی دەدوێن.

[xxv]. گەورەجووی گەورە یان مرادبەیگ و گەورەجووی قشڵاق دوو گوندن لە ناوچەی داڵاھۆ سەر بە پارێزگای کرماشان کە بە زاری ھەورامی قسان دەکەن کە لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە بە زمانی “دەفتەری” ناوی لێ دەبەن چونکە زارەکەیان لەگەڵ زاری دەفتەرەکانی ئایینی یاریدا نزیکە.

[xxvi]. ئەو ھۆزانەی کە لە ناوچە لەکنشینەکان دەژین: کاکاوەن، بەیرانوەن، ھۆزمانەوەن، جاڵەوەن، ئێڤەتیوەن، گەڕاوەن، پایرەوەن، باڵەوەن، میروەگ(میرڤەگ)، کولیوەن، بێژنەوەن، چاواری،  نوورالی، سەرفیروزئاوا، تورکاشەوەن، ھەمەیوەن، زووڵە، بەشێک لە جومیر،کووشکی، دوو ھۆزێکی دیکە لە ناوچەی لوڕستان دایە کە بە دوو زاری لەکی و لوڕی دەدوێن (سەگوەن، چەقەڵوەن)”زانیاری بەشێک عەشیرەتی لەکستان بھرۆز عەزیزی  داوە بە نووسەر).

[xxvii]. ئەو سێ بنزارەی لەکییە وەکوو مۆدێڵ پێناسە بوونە دەگەینا زۆر شار و ناوچەی لەکنشین تر ھەیە کە وەکوو ئەو سێ بنزارە دەدوێن.

[xxviii]. Phonological system

سه‌رچاوه‌کان:

١- اشمیت، رودیگر (ویراستار)(۱۳۸۳) راھنمای زبانھای ایرانی (ترجمەی حسن رضایی باغ بیدی با ھمکاران)، جلد دوم، تھران: انتشارات ققنوس.

٢- بدلیسی، شرف خان بن شمس الدین (۱۳۷۷) شرفنامە (تاریخ مفصل کردستان) بە اھتمام ولادیمیر ویلیامینف زرنوف. تھران: انتشارات اساطیر.                                                  ووو

٣- بهادر،محمدرضا (۱۳۹۰) نحوکردیقصریبرمبنایدستورزایشی.پایاننامهکارشناسیارشدزبانشناسی،دانشگاهرازیکرمانشاه‌.

٤- پرھیزی، عبدالخالق (۱۳۸۵) وزن شعر کردی، نشر: تھران، کتاب زمان

٥- دیاکونوف ایگور میخائیلوویچ، تاریخ ماد، چاپ نھم، ترجمە کریم کشاورز، تھران: انتشارات علمی فرھنگی.

٦- رحیمی نژاد، امین (۱۳۸۹) نظام واجی گویش کلهری از زبان کردی در چارچوب نظریەی بهینگی(پایان‌نامە). دانشگاە پیام نور تھران.

٧- سارایی، ظاھر (۱۳۹۱)چاپ سوم، دیوان غلام‌رضاخان ارکوازی. ایلام: انتشارات زانا.

٨- فتاحی، مھدی (۱۳۹۰) فرایندھای صرفی – واجی در کردی کلھری، (پایاننامە برای دریافت درجە کارشناسی ارشد در رشتە زبان شناسی ھمگانی). تھران: دانشگاە علامە طباطبایی.

٩- کالباسی، ایران (۱۳۸۵) گویش کردی مھابادی. پژوھشگاە علوم انسانی و مطالعات فرھنگی چاپ دوم.

١٠- کریمی‌دوستان، غلام حسین (۱۳۸۰) کردی ایلامی، گویش بدرە، انتشارات دانشگاھ کردستان – سنندج.

١١- محمد خورشید، فواد(۱۹۸۳)، زبان کردی و پراکندگی لھجەھای آن، ترجمە دکتر سعید خضری و جعفر خضری(۱۳۸۹). نشر پانیز.

١٢- نەبەز، جەماڵ (۱۹۷۶) زمانی یەکگرتووی کوردی، ئەڵمانیا، بامبورگ (مجمع ملی دانشجویان کرد اروپا).

١٣- ھمزەای، محمدرضا (فریبرز) (۱۳۸۵) جامعەشناسی ھویت گروھی و قومی در ایران، انتشارات دانشگاە رازی کرمانشاە.

۱۴- Tan ,Samî,(۲۰۱۱) Rêzimana Kurmancî, çapemenî Gün Matbaacılık, enistîtuta kurdî estenbol

ئینگلیزی:

۱۵- Izadi Mehrdad R, 2009, The Kurds, A concise handbook, Taylor & Francis,  Chapter 6

وتار و رۆژنامە:

١٦- كريمي دوستان، غلامحسين (۱۳۸۷) ساختمان هجا در زبان كردی. مجلە: فردوسی شمارە ۴۰٫

١٧- محمدرحیمی، کامران (۱۳۸۵) دستگاە واجی کردی ایلامی – فیلی، مجلە : زمانەوان، تھران انستیتو کورد شمارە ۳٫

۱۸- D.N. Mackenzie(2006) koka zimanê kurdî. Wergeran: newzad hirorî. Stockholm. www.nefel.com

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

برای امنیت ، استفاده از سرویس ریکپچای گوگل الزامی است که منوط به خط مشی رازداری و شرایط استفاده گوگل است.

دکمه بازگشت به بالا