کچێ لە دایک ئەبێت.. – ژیکاڵ مەریوانی
لە مێژووی چەن هەزار ساڵەدا
کچێ لە دایک ئەبێت
کراسێ لە ڕەنگی بەهار
گوڵەکانی
گوڵووکی دار گێڵاسێ
لەچکێ
لەئاورێشم
لە سەرئەکات…
چی پیشۆک لە خەیاڵی شاعرانەی
شێعر نووستبوون
دانە دانە
وەک ملوانکە لە ملیەکات..
کە لە دایک بوو
گوڵزار بەبیری هاتەوە
باوبۆران
سەرماو کڕێوە
چلۆن گوڵیان هەڵپڕووسقاند
جووتیارێ هات
پێش ئاوابوونی خۆرەتاو
دەشتێ هیوای
بەجێگای چاند،..
بۆیەکم جار
خوا
مووسیقای پێکەنینی چرۆت بۆئەژەنێ
شاعرنەما
لە شێعری کۆن وتازەدا
بەنەورۆز ناوت نەهێنێ
بە پێناسەیەکی خەیاڵی
کاوە وزووحاک
نەورۆز بڕا بە باڵای نیشتمانم
ئێستە وەک ڕێزە خاڵێ وایت
ناتدۆزمەوە
بەڵام
خۆشم ئەویت هەر وەک گیانم
کە تیشکی خۆر
لە بەندی ئاسمان ڕزگار کرا
وەک میتراکان
حەزم بە جوانی ڕووخسارتە
لە بەر ئەوە
ناوت دێنم بە مێهرەگان
تاکو هێمات
تەنیا
ماسی تەنگیلەی خەیاڵی من نەبێت
لە ڕۆژێکی نوێ
وەکوو ئەمڕو
ئەتگەڕێنمەوە بۆ دەریا..
بەڵام ئەمجارەیان
شێعری تەڕی باراناوی
بە باڵات ئەهۆنمەوە
بێ خەیاڵی کێش وعەرووز
بە ئازادی
لە ناوەڕۆکی جوانیت
ئەخوێنمەوە….