“گەڕانەوەی زەمەن و جێگۆڕکێی زەمین” – “پێشەوا کاکەیی”
گەر زەمەن بگەڕێتەوە زەوی دەوەستێنم/
بەرلەوەی بکەومە شیکاری مانگ و ئەستێرە/
ڕاڤەی گەردوون دەکەم/
خودا لە شوێنی خۆیدا دەهێڵمەوە/
نیشانەی سەرسوڕمان لادەبەم و پرسیار دادەنێم/
عەتارد و زوهرە وەك خۆی دەهێڵمەوە/
زەوی هەڵدەگرم و دەیشارمەوە/
مرۆڤ هێندە قێزەونی کردووە/
ئایەتی سپی تێدا ڕەش کردووە/
چیدی گاڵتە بە مەریخ ناکەم/
بە قومێ ئاو تاسوقی بشکێنم/
موشتەری بە گەوەرەیی خۆی ناهێڵمەوە و هەندێ ئەستێرەی لە سەرشان لادەبەم/
کەمێك دایدەتاشم و چڕی ئاوی بۆ زیاد دەکەم/
بە زوحەل دەڵێم: بەسە دووڕوویی و خۆ جوانکردن لەبەر ترێفەی مانگدا/
کە تیشکی هەتاو ناپڕژێت بەسەرتدا/
ئۆرانۆس هەر لە خۆوەوە بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە/
بێئەوەی تەنیا نێزەکێك ڕاخزێت و بە ئاگای بێنێتەوە/
نیپتۆن بێدەنگ دەوەستێت/
وەك ئەوەی هەر نێوی نەبێت/
ئاخ چی بکەم لە دەنگی پلۆتۆ/
لە نووزەنووزی ئەستێرە/
کە چاوی دەکەوێت بە تۆ/
نا چۆن هیچ ناکرێت/
ناشکرێت بە تووڕەیی بچیتە جێی پلۆتۆ/
ئاخر دانان لە دوای وی/ وا دەردەکەویت کە بچووکتری/
نا بیرمە زەمینم هەڵگرت و شاردمەوە/
زەمین هێندە پیسە… گوناهە بەکاری بێنمەوە/
نا تۆ هەڵدەگرم و دەتخەمەوە جێی زەوییەوە/
هەم تۆ بە دەوری خۆتدا دەخولێیتەوە بۆ تەواوبوونی مەقسودی دڵ/
هەم مینش بە دەوری تۆدا دەسووڕێمەوە… تا تۆ دەهێنمەوە جێی دڵ