وتار

حەماسە و تراژدیا لە شێعری شەو و شەیتانی هێمن دا – قادر عەلیخا

گەر لە برسان و لە بەر بێ بەرگی ئێمڕۆ ڕەق هەڵێم

نۆکەری بێگان ناکەم تا لە سەر هەردم ئەمن
من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باکم نییە
لەت لەتم کەن بمکوژن، هێشتا دەڵێم کوردم ئەمن

لە نێو لاپەرەکانی دیرۆکی نەتەوەکەماندا، زۆرن ئەو ڕۆژە مێژووییانەمان،کە وەک ڕۆژە تاڵ و ناخۆشەکان نێودێر کراون و ئازارەکانیان بەردەوام دێنەوە سوێ و تەشەنە دەستێنن و کسپەکانیان، هەڵەسوون دێننەوەو باسیان لێ دەکرێ و ناکرێت، لە هیچ ڕۆژگار و سەر دەمێکدا پشت کوێ بخرێن و لەبیر بچنەوە. ئەو ڕۆژانە لە یادەوەری گەل دا، بێ بڕانەوە هەن و هەرگیزاو هەرگیز ناچنە ڕکەی فەرامۆشییەوە، تاڵاوەکانیان ئەوەندە ناخۆش و بەژانە، هەناو و گەوەکانی لەشی نەتەوەییان ئازار داوە وبرکەکانیان،هەر لە هەژان و کسپەدان.
هەرەسی ئەو ساتە وەخت و چرکەساتانە، ئەوەندە قورس و بەژان و تاقەت پڕووکێن بووە،کە ئەستووندەکی ژیانی هەموونەتەوەکەی بزاوتووە وقاپیەی ژیانی بەتەواوی لە گرێژنە بردووە و ئاسوودەیی لێ تاراندووە و بۆتە پەردەیەک لە داخ و خەم وبە سەر وڵات دا کێشراوە و چرای شادی و خۆشی لێ کووژاندوونەتەوە و تێمی شانۆیی ژیانی لێ گۆڕیون و تێکستی ئەم شانۆیەی، لە تەنز و شادی هیوادارییەوە، گۆڕیوە بۆ تراژدی و خەم و ماتەمینی و بێ هیوایی ودەنگی چەمەری و وایلۆک، جێی پێکەنینی گرتۆتەوە و دەسرەی شادی و چۆپی پێ فڕێ داون و کۆڵوانەو سۆرانی شینی لە دەست و کۆڵ کردوون. نێوی ئەم ڕۆژانە لە لاپەڕەکانی مێژووی گەل دا بە قەڵەمی سوور نووسراون و بەردەوامیش لە یادەوەرییەکانیاندا، بە فرمێسکی سوور پێشوازییان لێ دەکرێ و یادیان لێدەکرێتەوە.
یەکێک لەو سەر چاوە گرینگ و بەرزانەی خەمی ئەم ڕۆژانەی تۆمار و بە مێژووی کردووە و بە هەناسەی ئاگرین و دڵی بە برین وچاوی سوور و فرمێسکی ڕوون لاواندۆەتەوە و پیت و وشە و دێڕەکانی پێ داڕژاون، لە ئەدەبی کوردیدا شێعرە.
دوای لە ناچوونی کۆمارە ، کە بە دەیان خەم نامەو شینگێڕی بۆ نووسراوە و کەم شاعری داوی ئەو هەرەسە نەتەوەییە هەیە، دەستی بۆ خامە نەبردبێ و بە ئاهی دەروون و دڵی بە خوێنەوە، شێعرێکی بە باڵای ئەو ڕووگەی ئاواتەدا، هەڵنە کوتبێ و تێکەڵ بە کاروانی ئەو شینگێڕییە نەبووبێ.
یەکێک لە و شاعیرانەی، خەمی مەرگی کۆمار و پێشەواکەی هەڵیچزاندو ئێشی ئەم ژانانەی لە نێو شێعرەکانیدا دەرخست و ئەو کۆستە نەتەوەییەی کردە تێمی زۆرێک لە شێعرەکانی، مامۆستا هێمنی نەمرە. لە نێو لاپەڕەکانی دیوانە شێعری ئەم شاعیرە نەتەوەییەدا، زۆر ڕۆژ ومانگ و ساڵ و چرکەساتی ئەم نەتەوەی تێدا تۆمار کراوە، ئەگەر ئەو شێعرانەی بکەینە پێوانە، دەبێتە ئاوێنەی باڵا نوێنی ژینی مێژوویی کورد ـــ بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ـــ و بۆمان دەردەکەوێت، ڕێژی چەندە لە سەدی شادی و خۆشییە و چەندەی خەمە و ناخۆشی. دیارە پێشەوا هەستی بە مەزنی ئەم پیاوە ڕەزا سووکە کردوە بۆیە شانازی شاعری گەلی پێبەخشیوە. ئەگەر ڕۆژێک دڵی هێمن لە گەڵ دڵی گەلەکەی پڕ بووبێ لە گەرای شاد و شەپۆلی خۆشی وهیوا و کوتبێتی:
ڕۆژی چەژن و خۆشییە، تێپەڕ بوو ڕۆژی دەرد و خەم
هات شنەی ڕەحمەت بەجارێک ڕایڕفاند و بردی خەم
دێ لە هەر لایێکی قاقای پێکەنینی کیژ و کوڕ
دێ لە هەر سووچێکی نەغمەی ساز و تار و زیل و بەم.

ئەوە بەدەیان جار دەستی لە پەیژەی شادی بەر بووە و لە سەرێڕا کەوتۆتە خوارێ و بە سەر گابەردی ئازار و نەگبەتی و نەهامەتیدا کەوتووە و لە عەزرەتی کۆستی ناوادە و برینی نوێ و کوانی بەژان، سۆرانی شین کردووە و فرمێسکی سووری هەڵوەراندووە و ئەژنۆی خەمی لە ئامێز گرتوە وکوتوویەتی:
ڕووناک بیرێکی تا ئەمڕۆ
دەچووبەرەو ئاسۆگی ڕوون
ئێستا هیوای بە بوولێڵە
بۆ لە گەمارۆ ڕزگار بوون
**
بڵێسەی دا لوولەی چەکێک
تێک هەڵگلا لاوچاکی کورد
ئەفسەر یەک بە خۆی قیژاندی
«
بە پیش بە پیش گولولە خورد»
**
لە بن پەسیوان دەر پەڕین
هێزی ڕەشی ئەهریمەنی
دێرا بە خوێنی شەهیدێک
کوردستان مێرگ و چیمەنی
**
دیسان خوێنی قارەمانێک
نەخشاندی ڕێگای ڕزگاری
دیسان لاپەڕێکی ڕەشتر
کەوتە سەر مێژووی دۆرداری

یان لە شێعرێکی دیکەدا دەڵێ:

هەمیشە دەرد دەبینم، دەرد دەبینم
درۆی دوژمن، دەهۆی نامەردەبینم
مەگەر زەردایی ناکەن چاوەکانم
کە ڕەنگی نەوبەهاری زەرد دەبینم

بەسۆزی با کەسکڵێ دڵ گەشاوە
دەروون پڕ سۆز وفرمێسکم خوناوە
لە دووی لەیلا بە واوەیلا و شیون
دەڕۆم و پۆلی شین گێڕم بەدواوە

قەڵەمی هێمن لە بابەت خەمنامەو ئازار نامە نووسیندا، زۆر ئەکتیڤ بووە و بەرهەمی سکاڵاکردن و هاوار کردنە لە دەستی زۆرداری، ئەوەندە زۆرە کە ڕەنگی شینگێڕی لە نێو دیوانەکەیدا، ڕەنگێکی ڕەق و دیارە و ئەم شاعیرە جوانپەرەستە،بەدەستی غەدر ئەوەندە گەرووی ڕێک کوشراوە، نەیتوانیوە لایەنی جوانپەرەستی شێعرەکانی بە جوانی بۆ خوێنەرەکانی دەر ببڕێت، با کوتبێتیشی:
جوانپەرەستم جوانپەرەستم
بە دیداری جوانان مەستم
کە دەبێنم کیژێ تەڕپۆش
گشت خەمێ دەکەم فەرامۆش

ئەوە لایەنێکی زۆر کەمی لە شەپۆلەکانی جوانپەرەستی دێدایە و هەر لە شێعری «سووڕی دەوران» و « لەبیرم مەکە»دا دەری دەخات کە خۆی هیچ، پاڵەوانی چیرۆکە شێعرییەکانیشی، هەر نامراد و بە ئاکام نەگەیشتوون.کوڕە هونەرمەندەکەی «سووڕی دەوران» و ئاشقە ناکامەکەی »لەبیرم مەکە» بە دڵنیاییەوە بەشێکن لە هەناسە ساردی و دەروون تە زیوی هێمن و گەلەکەی، کە بە دەستی دەستانێکی نگریس و ڕەش، لەمپەریان بۆ ساز دەکرێ و ئاواتەکانیان لێ دەکەنە تۆزی دەم با،کوڕە هونەرمەندی سووڕی دەوران، کوت مت هێمنە، کۆمار کچەگراوەکەیەتی و بە غەدر لێکیان هەڵدەبڕن و لە ژیانی دڵ خوازیان بێبەش دەکەن. ئەو توێژی کۆمەڵایەتییەی کە دەبێتە هۆ و سەبەبی لە ناو چوونی کۆشکی ئەوینی کوڕە هۆنەرمەند،دەستیان دا دەستی یەکتری و هەرەسیان بە ژیانی پڕ لە ئەوین و خۆشەویستیان هێنا، هەر ئەوانیش بۆ لەناو چوونی کۆمار ئەکتیڤ بوون وجێ دەستیان لە لەناو بردن و هەرەس پێهێنانی کۆماردا، دیار و بەر چاووە.
هەر ئەوانەش بوونەتە هۆکار کە ئەو ئاشقانەش لەو دووشێعرەدا نامرادن، ئەگەر ئەوانە نا مراد و ڕەنج بەخەسار نەبوایەن، دەبوو لە هەستی زوڵاڵ و ڕاست بێژی هێمن بەشک بین و هەق مان بوو بڵێن: شێعرەکانی هێمن ئاوێنەی دەروونی نین ، بەڵکو تڕاژیدیای تاڵی مێژوویی گەلێکی دڵ بە سۆن . مێژووی نووسینی ئەو دوو شێعرەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی دوای لە ناو چوونی کۆماری کوردستان. « سووڕی دەوران» ۱/۲/۱۹۷۸
«
لەبیرم مەکە»۶/۱۰/ ۱۹۷۳یەکێک لەو شێعرانەیە کە چرکە ساتێکی تاڵ و شەوێکی سامناکی کردۆتە هەوێن وهێمن، هەواڵێکی تاڵی پێڕادەگەیێنێت ومێژوویەکی ڕەشی پێدەگێڕێتەوە شێعری «شەو و شەیتانە» لەم شێعرە تراژدیایەدا کە ئاوێنەیەکە لەو شەوە وەیشوومەیەی دەستی غەدری ئەهریمەن کە گەرووی ڕووناکی ڕێک دەکوشێو چرای هیوا وهەوێنی سەرفیرازی و دڵخۆشی کوردی کووژاندەوە و لە نێو برد.
هێمن مێژوویەک تۆمار دەکات و ئەم شێعرەی ئاوێنەیەکە ڕۆحی کەسەکانی دانیشتووی ئەم شار و دەڤەرە بە جوانی دەنوێنێ و وێنەیەکی ئەوەندە تاڵ و جەرگ بڕە کەم چاو توانای دیتنی ئەو دیمەنەی هەیە. لە نێو دێڕەکانی ئەم خەمنامەدا ، کسپەی دەروونی ئاشقانی ئازادی و فرمێسکی خوێناوی نامرادان و وایلۆکی دەروونی جەرگ سووتاوان و چەمەری و شینی بێوەژنان وگۆنای ڕندراوی خوشکانی کۆس کەوتوو، بە جوانی بەدی دەکرێت. ئەم شێعرە فیلمێکە، کە لە چوار پەردەی ترس و تراژدی و حەماسەو یەکگرتن، پێک هاتوە و هەر چوار پەردەکەش زۆر وەستایەنە داڕێژراوان وخوێنەر، سەرەڕای خوێندنەوەیان، هەست بە بێنینی کارێکتەرەکانی، کەپێشەوا و سروشتو خەڵکن، دەکات. وشەکان لەو چوار پەردەیەدا بە جوانی دەوری خۆیان دەگێڕن و شاعیر وەک دەرهێنەرێکی کارامە و شارەزا کایەیان پێدەکا و دەیانهێنێتەگۆ. لە دیمەنەکانی ئەوگرتە شێعریەدا، خودای شەڕ و دێوی دڕەندەوحەزیای حەوت سەر، دەور دەگێڕن و سەردەنێن بە سەری یەکترییەوە ودەست دەدەن بە دەستی یەکترییەوەوە و دەچن بەگژ، خواوەندی جوانی و ئاسوودەیی و بووکی ئازادی و قەڵافەتی، قەڵای ئەوینداراندا و هەرەسیان پێدێنن.

پەردەی یەکەم.ترس

لە پەردەی یەکەمی ئەم شێعرەدا، هێمن وێنە هەواڵێکمان پێنیشان دەدات، کە لەو وێنە هەواڵەدا، وردەوردە ئەستێرەکان یەک یەک تارای ڕەش بە خۆدادەن و بەرەو کەلێن و قوژبنان ڕادەخوشێن و مانگ دەبێتە بووکی تارا دزراو و دەشڵەژێ و ئاسمان، ڕەنگی قیل لە ڕوخساری دەنیشێت و چنگی دێوی بێدەنگی ئەوکی دەخنێ و شاری لە هەنا و خورۆشاودا، دەکاتە گۆڕستانی خامۆشان و باڵی ـــ با ـــ و لاقی ژیانی، تێدا کۆت و بەند دەکات.
چرای چاوی شار سۆڵەی نایەو. شەقامو کۆڵانەکانی پڕ دەبن لە، بۆنی مەرگ و کفن و چیڕە چیڕی کەڵپەی گورگان وهاوار و زیڕەی فریشتان دەبیسترێ و، چوار چرا پڕ دەبێ لە، سێبەری ئەو بێچووەشەیتانانەی کە بە دەنگی لاقەکانیان کۆرسی مردن لێدەدەن.

ئەستێرە یەک یەکڕاخوشین
ڕەش هەڵگەڕا ئاسمانی شین
هەورێک شۆڕابەی بەرداوە
دەڵێی لە قیریان وەرداوە
تاریکانە، شەوەزەنگە
وڵات بێ هەست و بێدەنگە
گۆڕستانی خامۆشە شار
تێیدا نەماوە زیندەوار
نە ڕادەژێ گەڵای دارێک
نە دێ هەستی پێی ڕێبوارێک
هەرچی کۆڵان و شەقامە
دەڵێی کاولاشی بەسامە
دنیا دەریای بێ شەپۆلە
لاو داماوە ، جێژوان چۆلە
پەردەی کۆشکان دادراوە
ڕۆچنەی کۆختانیش گیراوە
لە تالار و سەر سەرایان
بڕا ترووسکەی چرایان
لەم پەردەیەدا ڕەنگی ڕەش وەک، ڕەش هەڵگەڕانی ئاسمانی شین، قیر، تاریکان، شەوەزەنگ، بێدەنگی، گۆڕستانی خامۆش و کولاشی بەسام و دەریای بێ شەپۆل. هەموویان ئاماژەیەکن به زاڵ بوونی ترس و تۆقاندن.

پەردەی دووهەم. حەماسە

لەدوای ئەم بەشە لە شێعرەکە کە تژییە لەو وینانەی باس لە کەش و هەوای ماتنەمینی شار دەکەن و سەر دەکێشنە دەروونی دڵەکان و ماڵەکان و شەقامەکان وئازارەکان و داخەکان و خەمەکان دێننە سەر شانۆی ژیان. لێرەدایە دەنگی دلێرانەی پێشەوا دێکەڵ بە ڕستەکانی شێعری هێمن دەبن وبەگژ جەللادەکاندا دێنەوە و پەیامی مانەوە و بوون یان بە ڕوودا دەدەنەوە و چێوە خرتێی ئاگری خەبات دەدەنەوە و سووتەمەنی داوێنە سەری و گڕە مەشقەڵانی ژیانەوە سازدەکەن وهانی گەل دەدەنەوە، هەتا کۆڵ نەدەنوبە نسکۆیەک مل بە گلان نەدەن وخۆیان بۆ سەرشۆڕی شل نەکەن.هێزی گەلیش ئەو بەردەنگەن، هەر زوو بەدەنگی ئەو بانگدەرەوە دێن و لە ڵەل شەپۆلەکانی دەنگی ئەواندا، دەخورۆشێن ودەبنە شەپۆلوگردەلوولان و ئەگەر لە بەر بێدەرەتانی و بێپشتیوانی ناتوانن ڕاستەوخۆ بەربینگ بە زۆردار و داگیر کەران بگرنو تێی ڕابێن، ئەوە بە چاوی بە فرمێسکەوە دەچنە کۆڕی خەبات وکوورەی ژیانەوە نێڵ دەدەن ولە پەنای گڕە مشقەڵان و گرفە گرفی ئەو کوورە سوور هەڵگەڕاوەدا، نانی ڕاسان وژیانەوە گەرم دەگەنەوە و سەمەنی سەر هەڵدان دادەچێنن و چاوەڕێی شەماڵی وادە و گوڵەنەورۆزەی بەهاری ئاوات دەبن وژیان پڕ دەکەن لە تۆوی نەفەوتان ولە ژێر کەوی بەفر و تەزووی سیخواردا، چەکەرەی هەستانەوە دەردەکەن. لێرەوە هێمنی شاعری
گەل، دەبێتە زمان حاڵی پێشەواکەیو لە گەڵ ڕۆحیدا تێکەڵ دەبێ وهانی نەسرەوتن و نەوەستانی خەڵک دەدات. تاوێک دەبێتە هێمنی پێشمەرگە و تێکەڵ بە خەڵکی خورۆشاوی شار دەبێ وشینی بۆ دەگێڕێ و ماتەمینی بۆ دەگرێ و لە هەناوی پڕلە شین و شەپۆڕی خەڵکەوە، بۆ کۆمار و سەر کۆمارەکەی دەگری،جارێکیش لە دڵ و دەروونی پێشەواکەیەوە، بۆ خەڵک دەدوێ.
هێمن کە لە زمانی پێشەواشەوە دەدوێ، وەک پێشەوایە دێتە گۆو نەترسانە دەست لە سنگی مەرگەوە دەنێ و باوەڕ بە مانەوە لە وتەکانیدا شەپۆلان دەدەن وگڕپەو بڵێسەدەستێنن و بە دەنگی شێرانەوە دەدوێ.
لە پڕ دەنگێکی نێرانە
نرکەی کوڕانە و شێرانە
پەردەی بێدەنگی دادڕاند
خەواڵووی لە خەو ڕاپەڕاند
خەڵک هەمووی ئەو دەنگەی بیست
دەیکوت پێشەوای خۆشەویست:
کەمن مردم کورد نامرێ
دەس لە خەبات هەڵناگرێ.

لەم پەردەیەشدا، بە کەڵک وەرگرتن لە ڕستە و وشەگەلێکی وەک، دەنگی شێرانە، نرکەی کوڕانە، دادڕانی پەردەی بێدەنکی، لە خەو هەستانی خاواڵوو، خەبات . نەمردن. بەتایبەت وشەی پێشەوا، کە هەر بۆ خۆی سەمبولێکە، بۆ حەماسە و ئازایی و نەترسان، لایەنی حەماسەتی شێعرەکەی بردۆتە سەرێ و پەردە شێعریەکەی پێ قورس تر و دەوڵەمەند تر کردووە.

پەردەی سێهەم. تراژدی

کاتێکیش لە زمانی خەڵکەوە بۆ مەرگی پێشەوا دێتەگۆ، دەبێتە شەپۆلێک لە نەفرەت و تووڕەییو گڕکانێک لە ڕق و قین و کاروانێک لە خەم و پەژارە و ماتەمین.ئەگەر لێرەوە، چ دەقی شێعرەکە بکەیتە سەکۆیەک و،لەوێوە لە دەروونی شار بڕوانی و، چ لە سەر سەکۆی شار دابنیشی و چاو لە هەناوی شێعرەکەکەیت،وەک ئەوە وایە کە دوو ئاوێنە لە هەمبەری یەکتری دا ڕابگری، ئەوەی لە و دوو ئاوێنە دا بۆ دەیەمین کەڕەت و سەدەمین کەڕەت، چەند پاتە دەبێتەوە، وێنەیێکە لە خەم وماتەمینی. ئەو سیمایانەی لە نێو ئەم ئاوێنەدا دەبیندرێن ڕوخسار گەلێکی تووڕە و تووسن و خەمگەستن و کەسانێکی ئاڵۆزاو وشڵەژاون و بەیەکدادێن، لە هەموو چینو توێژ و ڕەگەزەکانی ئەو شارەی تێدا بەدی دەکرێ. کوڵوانە لە کۆڵ و سۆرانی لە قۆڵو گەنج و ژنو پیاوی وەک یەک لە کۆڕی شینو بیری تۆڵەدان.

هارووژا وەکوو پوورەی هەنگ
مەهاباد گۆڕخانەی بێدەنگ
لە دەور و بەری چوار چرا
هەزاران سەر لە قوڕ نرا
کام نازداری شۆخ و جوانە
دای لە خم لکی کۆڵوانە
لە چاوی کیژی مل بە کوێن
بە خوڕ دەهات فرمێسکی خوێن
شۆڕە لاو هاتنە کۆڕی شین
ئەویش سۆرانی کردن شین
لە پەردەی سێهەمیشدا بە هێنانە کایەی ئەوڕستانەی سۆزی خەمبارییان تێدایە توانیویەتی،سەنگی لایەنی تراژدییەکەی بەرێتە سەرێ. لە قوڕنانی سەر، شین کردنی کۆڵوانە، کیژی مل بە کوێن، فرمێسکی بە خوێن، کۆڕی شین، سۆرانی شین. کە هەموویان هەڵگری پەیامی خەم و وایلۆک و تراژیدین، لێرەشدا کورتی نەهێناوە و وەک ئەو بەشانەی دیکەی دەوری تەواوی دەوە بەو ڕستانە و ئەوانەی بە تەواوی هێناوەتە خزمەت شێعرەکە و لایەنی تراژدیاکەی ڕەنگین تر کردووە.

ئەم چوارپەردەی هێمن لەو شێعرەدا دەیخاتە ڕوو، کە تێکەڵێکن لە ترسو تراژدی و حەماسە و یەکگرتن. وەک ئەکتەرێکی کارامەی نێو ئەم شانۆیە، لە هەرچوار پەردەکەدا وەک چوار ئەکتەری جیاواز، بە جوانی دەور دەگێڕێ وتەمسیلی هەر چوار لایەنەکە دەکات. وەک چەمەری گێڕێک و وەک پێشەوایەکی نە ترس و ئازا دێتەگۆ و شێرانە دەنرکێنێ و وەک کۆترێک و شارێکی ترساو هەڵدەگورمێ و کوشکەدەکات و وەک گەلێکی بریندار دەخورۆشێ. لە دەرەوەش وەک دەرهێنەر و نووسەرێکی وریا، چاوی بە سەر هەموو لایەنەکانەوە هەیە وناهێڵێت هیچیان لە کورتی بدەن وکارەکەیان لەنگ و لاسەنگ بێت. حەماسەتی دەنگ هەڵبڕینی پێشەواو خورۆشانی خەڵکی شار. ئەوترسەی بەر لە شەهید بوونی پێشەوا باڵ بە سەر خەڵکی شاردا دەکێشێ و ئەوخەمەی دوای شەهید بونی سەر کۆمارکەیان، دەبێتە کۆڵوانە و سۆرانی و لە کۆڵ و قۆڵی ژنان و پیاوان دەهاڵێ و ئەو حەماسەی پاش چوونە سەر تەختی سێدارە، وەک ڕەمزی خەبات لە خۆی پێشانی دەدا، ئەو کاتەی وەک سەرکۆمارێک داوامان لێدەکات، بەرگری لەخاک و ئاو و بوونمان بکەین. هەر سێپەردەکە لە لایەن شاعیرەوە بە جوانی چندراون و هێندراونەتە بەر هەم،کاتێک خوێنەر ئەمانە لە لە پەنای یەکتری دا دەنێ و لێی دەڕوانی، کۆی کارەکە کارێکی بە تەواوی سەر کەوتووەو هەموو لایەنەکانی، ترس و تراژدی و حەماسەی، وەستایانە لە یەکتری موترەبە کراوە وخوێنەر لە گەڵ دەقێکی سەر کەوتوو بە پێز ڕوو بە ڕوو دەبێ. لە پەنای نێوەرۆک وپەیامی شێعرەکەدا، گەلێک وێنەی شاعیرانەو بەرزی لە سیمای شار، وەک پەردەی دادراوەی پەنجەرەکان و چۆڵ و هۆڵی شەقام و کۆڵانەکانی و ڕەنگی ڕەشی ئاسمان و سیمای خەڵکەکەی کێشاوەتەوە، ئەوانە لایەنی هونەری و جوانکاری شێعرەکە دەبەنە سەرێ و لەو کەشە دژوارەشدا نە چوونەتە ژێر کاریگەری کەشی مانای و تێمی تراژدیایی شێعرەکە ولەو ماتەمینی و خەمنامەیەشدا، شێعریەتی شێعرەکەی هەر پاراستووە و لەلایەنی جوانی هۆنەرییەوە بێبەشی نەکردووە.

لە چوار چرا چەند تارمایی
دێن و دەچن بە ئەسپایی
خێوی شەو و خودای شەڕن
بێچووە شەیتانی بەدفەڕن.

ئەمە وێنەیەکی شاعیرانەیە، تەمسیل و تەشبیهێکی تەواو هونەریانەیە ، لە عەینی حاڵدا هێمای ئەندێشەیێک و بێچمی دەسەڵات و دوڵپایێکی بەدفەڕی سەر شانی شارە ، کە هێمن لەو چرکەساتە سەختەی چوار چرای دەگرێ، کە لەو وێنەیەدا، خودای شەڕ و فریشتەی ئاشتی پێکەوە دەبیندرێن و چنگە خوێناوییەکانی خوداوەندی شەر، دەکەونە کارو ، ئەوکی فریشتەی ئاشتی و ئازادی ڕێک دەگوشن وهەناسەی لێدەبڕن.
پەردەی چوارەم، یەکگرتن

لە پەردەی چوارەمو کۆتاییدا، هێمن دێتەوە نێو شێعرە کە و وەک ئەکتەرێکی پشتەوەی شانۆ، تێکەڵ بە خەڵکەکەی دەبێ و یەک دەنگ و هاوئاهەنگ دەخورشێن وپەیمانی زیندو بوونی پێشەوا وگەلەکەیو خەباتەکەی نوێ دەکەنەوە وبەڵێنی نەوەستان وستار نەگرتن بەدایکی نیشتمان دەدەن، کە هەتا مافی ژیان نەستێنن وئامانجیەکەیان وەدی نە یێنن، نەدەست لە خەبات هەڵگرن و نە ڕێگای سەر کۆمارەکەیان بە بێ ڕێبوار بێڵنەوە و هاودەنگ لە گەڵیان دەڵێ:
شاد بە ئەی پێشەوای نەمر
هاتن ڕۆڵەی ئازاو خوێنگر
بۆ فیداکاری ئامادەن
ڕێگای ڕاستی تۆ بەر نادەن
پەڕووکی ڕق ئەستوورە کورد
لە سەر تۆڵەی تۆ سوورە کورد
کچ و کوڕ و ژن و پیاوی
دەکا خەباتی خوێناوی
تا مافی ڕەوای دەستێنێ
ئاواتی تۆ وەدی دێنێ
لە پەردەی چوارەمیشدا هەر وا سەر کەوتوانە هەنگاوی ناوە و بەو پەیامەی بۆ شاد بوونی ڕۆحی پێشەوای دەنێرێ، بە وەزمان هێنان و جووڵاندنی ئەو ڕەستەو وشانەی بۆنی یەکبوون و خۆ بەختکردنیان لێدێت وەک، ڕێگای ڕاستی و فیداکاری و خەباتی خوێناوی و پەڕۆکی ڕق ئەستوور و هاتنی ڕۆڵەی ئازا و خوێنگر. کە هەر وشەی «هاتن» مانای کۆ و یەک دەنگی دەگەیێنێ و ئاماژەیە بۆ دەست دانە دەستی یەک،هەم پەیامێک بۆ دژەکان و هەم پەیامێک بۆ ڕۆحی پێشەوا دەنێرێ و دەڵێ : نە ئێوە ئەی دوژمنان سەر کەوتون، نە جەنابت ئەێ پێشەوای مەزن لە نێو چووی.

لەم وتارەدا نەم ویستوە بە شوێن جوانکاری لە دنیای شێعری هێمن دا بگەڕێم، وەنەبێ لایەنی جوانی و هۆنەری لە شێعرەکانی هێمندا کەم بن. ئەوەی من لێرەدا بە شوێنییەوە بووموو سەرنجم داوەتێ، لایەنی نەتەوەیی شێعرەکانی ئەو بووە، کە بە سەر لایەنەکانی دیکەیدا زاڵە و ئەو مەبەستەش لای هێمن گرنترین لایەنەکانی بووە. ئەو وەک ڕێبوارێکی چالاکی ئەم ڕێگایە، هەتا دوا پشووی ڕێبواری ڕێگای ئەشق و ئازادی بوو، خۆیو قەڵەمەکەی تەرخان کرد بۆ مانەوە و نەتوانەوەی گەلەکەی. بێشک هێمن لە ژیانی سیاسی و کلتووری و ئەدەبی کورددا، گەلێک شوێن دانەر بووە و لە هەموو بوارەکاندا شوێن پەنجەی دیارە. لە بارەی ئەدەبییەوە شێعرەکانی، چ لە بابەت زمانییەوە و چ لە لایەن نێوە رۆکەوە، بۆ گەلێک شاعیری دوای خۆی، بووەتە هاندەر و گەلێک کەس بۆ بە هێمن بوون و لە ئەشقی ئەو چوونەتە بەرقاپێێەی بارەگای ئەدەب و دەستیان داوەتە قەڵەم و ڕێچکەی ئەویان گرتە بەر. زمانی ڕەوانی هێمن، بۆ گەلێک کەسی دیکە لە بوارەکانی تری ئەدەبیشدا بۆتە هاندەر و دەستی گرتوون. مامۆستا فەتاح ئەمیری ڕۆمان نووس یەکێک لەو کەسانەیە، زۆر جار بەڕێزەوە نێوی دێنێ و خۆی بە قەرزداری ئەو دەزانێ. هێمن بە هەست کردن بەو هەل و مەرجە مێژوویەی تێیدا دەژیا، لە پەنای جوانی ناسی و جوانی بێژیدا، شەڕی مانەوەی زمانیشی کردوە و پاراستنی زمانەکەی ئەوەندە بەلایەوە جێی بایەخ بووە کە تەواوی ژیانی ئەدەبی خۆی بۆ ئەو کارە تەرخان کردووە.
بێشک ئەگەر دوای سەیفی قازی کەسانێکی وەک هێمن و هەژار و بەدوای ئەوانیشدا ـــ لە بابەت کاری ئەدەبییەوە، نەک تەمەن ـــ کەسانێکی وەک، قانع و نووری و سەیدکامیل و هێدی و ڕاوچی سەریان هەڵنەدایە، بەرەی ئێستا بۆ دەیان و سەدان واتا و دەستە واژە، دادەمان و خەرمانی ئەدەبەکەمان لە کزی دادا و قەرەبوو کردنەوەشی، کارێکی چەتوون دەبوو.
هێمن لە بواری سیاسیشدا، گەلێک شوێندانەر بووە و نێوەرۆک و نەتەوە بوونی شێعرەکانی هەوێنی دەیان سروودی حەماسی بووە و هاندەر بوون بۆ گەرمی خەبات و ڕاسان و نەسرەوتن. ئێستاش شێعرەکانی بۆ کوورەی خەبات دەبنە سووتەمەنی و هێز و وزە، وەبەر گەل و خەباتگێڕانی دەدەن.
ئەم شاعیرە ڕۆح سووک و خوێن شیرینە، بەو کارانەی لەماوەی ژیانیدا بۆ نەتەوەکەی کردی بۆ هەتا هەتایە مانەوەی خۆیو نەتەوەکی دەستەبەر کردووە تێکەڵ بە ڕۆحی گەلەکەیەتی.
خۆم دەسووتێنم هەتا بەزمی خەڵک ڕۆشن بکەم
کێ لە ڕێی گەل دا وەک و شاعر دەسووتێ شەم نەبێ؟

سەر چەوە : ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا