“نەفەسی هەورەکان” – حەمیدە بینەندە

باوشی کرد بە سەمای پەردەکەدا و ئەم لاو ئەولای پەنجەرەکەی ماچ کرد.

نا بۆ ئەوەی ڕووناکی و تیشک ئەبەخشێ بە هزر و هەناوی، بۆ ئەوەی تەنیا لەم سەمایەدا ئەیوێرا نهێنییەکانی مێشکی بێ ترس بدرکێنێ…

پاڵی دەدا بە ناسکی و بێ کێشی پەردەکەوە و داڵۆسکەی هەورەکان دەبوو.

هەناسەی باراناوی هەورەکان، چیمەنی گیانی پیت و وشە و ڕستەکانی هەناوی دەحەساندەوە و دەمبۆڵە و ناونیتکەکانی کوێستانی سەردڵی دەشۆردەوە…

هاوسەری پیشی دەخواردەوە و دایدەخوڕی بەسەر کتێبەکانیا: مەردم ژنی هەیە و منیش…ئاااااااخ!!!

– لە دەست خوام بڕی، سەیریکە، ئێژی گەریلایە. تەنیا دەمەو قۆپانێکی کەمە!

نازانم بۆچ کوێراییم داهات و ئەو هەمووە جیاوازییەم نەبینی؟

هیچ فەن و فێڵێک کاری لێ ناکا. تەنانەت کۆڵانەکانیی مناڵییش نایبات بە پیرایی مەکرێکی ژنانەوە!

چ داماو نەحەساوەم من.

خۆت بێژە گەلاوێژ!

تاوانی من چییە؟

نەرم و نیانی بە میوانییش بە لاتا نەهاتووە.

ئااااخ… ئاخر بێژە: هەڵوا بۆ نەرمی، بۆ گەرمی، بۆ چەوری!

وەڵاااا نازانم بۆ چیی؟

لووس و لەبەر دڵانی؟

نەوەڵاااا

فێڵ زان و تەڵەکە بازی؟

نەبیلااااا.

بۆنی سمڵ و مێخەکەکەت، دەمباتەوە لای سینگی قوپاو و مەمکە چرچەکانی دایە گەورەم.

مۆڕی دەبردەوە لە وێنە تاکەکەسیی و ئەو مێخەک و سمڵانەی کە گەلاوێژی بە سینگی دیوارەکەوە دەدواند.

– ڕقم لەهەرچی مێخەکە و سمڵە. بۆنی

نەحەساوەیی دایکم و سەرکۆنەیی باوکمی پێوە دیارە.

پەردەکە دەیڕوانییە کۆڵانێکی تەسک و شی لێداو. لەبەر چاو چنۆکی  پەنجەرە مێزەرە بەسەرەکانی دەور و بەر، چاوی گەڕەک بەڕووی مانگ و خۆردا هەڵنەدەهات!

پەردە و کۆڵان،

لە ماتڵی گازێ لە خۆر پشتاوپشت ڕاکشابوو.

گەلاوێژ، بیری لە لای گوڵدانەکاندا چاندبوو و پەنجە باریک و ئاوسەکانی لە کۆ کردنەوەی تووی گوڵەکاندا جێمابوو.

کەس نەیدەزانی هەموو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، چاوی بەسەر توو چنینی گەلاوێژەوە نووقاندووە و تەمێکی تەسک بیرەوەرییە هاوبەشەکانی گەلاوێژ و زاگرۆسی لە ئامێز گرتووە و کاریان کێشاویەتە دەڕوونناسی و شیکاری مێشک و هەڵدانەوەی عوقدە سەر کوتکراوەکان…

– ڕاوێژکاری چی!؟

گەوجێکی وەک خۆی بوو.

هەرچی وتم:

وەڵاااا ژن ئەبێ لووس و بەڕۆژ بێت نەک خوێنەوار و شەیدای بۆنی کتێب!

ئەو هەر بە مەنەکەی خۆی ئەیپێوا و گوێی بۆ قسەکانی من لینج بوو…

بتبڕم بۆ سەر و شکڵت.

بۆنی کاغەز و وشە ئەدا.

بۆنی دێڕ و کتێب!

تۆ ڕقت لە جگەرە و چەرخە، منیش کتێب و نووسین!

 هیچ هیچکاممان. بەڵام نا، خوا یار بێ کتێبەکان ئەکەم بە کڵ بۆت و بەم چەرخە گڕت تێ بەر ئەدەم: هەرواکە تۆ بە خوێندنەوە و پشت کردن لە من، ئاگرم تێ بەر ئەدەی.

سەیریکە!

هەمیسان کتێب! نان و کتێب ئەخۆین!

خۆ ماڵ نییە، قەبرستانی کتێبە!

گەلاوێژ چاوی کردەوە، سەری قورس بوو و تامێکی تاڵ زاری دەپێوا.

پەنجەکانی بەدووی تووی گوڵەکاندا لاڵ داکەوتبوو، دەنگێکی وەڕەزکەر لە مێشکیدا دەخولایەوە.

-کتێب… کتێب…

ناو شانی خووسی ئاو و هارەق ببوو و نەیدەزانی کوێنەی ئێشێ!

دڵی بۆ زاگرۆس و کتێبەکانی دەسووتا. ئەوان هیچ تاوانێکیان نەبوو.

تاوان لە مێشک و ئەندێشەی ئەمدا بوو، درگای دڵی بۆ تێنووسەکەی دەکردەوە و سکاڵا نەوتراوەکانی بۆ ڕەوایەت دەکرد؛ ڕەوایەتی تۆزقاڵی ڕازیانەی دڵ ئێشە لە ژیان، پرووشێک لە نەباتی خەندەی زاگرۆس، تۆزێ زەڕە شیرینی شێعرەکانی « ئیمیل دیکینسۆن» و حەقیقەت و بوێری کەلامی« سیلڤیا پلاس»

کەوچکێ لە…، ئیتر نەیوێرا هیچ بڵێ …

زەردەیەکی کاڵ بردیەوە.

– ئەمزانی حەزت لە پەردەی حەریرە!

ناهەقت نییە، مانگەشەو لە پشت ئەم حەریرەوە نەرم و هێورتر دیارە، وەک خۆت کە دوورە پەرێزی.

گەلاوێژ، مەلافەکەی کێشا بە سەر خۆیا و شریتی ڕۆژانی مناڵی و شەولەبانی ترسە زەرد و سوورەکانی تا دوا هێڵی گیرۆدەیی لە چوارخانەی کراسێکی پیاوانەدا ڕشاند بە خانەی فەرامۆشی و تەنیاییەکانیدا و لە پەلەقاژێی کێژۆڵەیەکی چاو گەشەدا  چێشتخانەکەی بەجێهێشت.

قۆڵ لەقۆڵی باویکە و گەمەی بادا، کوێستان و زاگرۆسی خولیاکانی بە دیوەخانی دڵیەوە نووساند.

کۆڵان و گەڵا، لەسەر شایەتحاڵی باویلکە و سەمای پەنجە ڕووشێنەرەکانی با، شانیان لە شانی دیوارەکە خشاند و هەر پەنجەرە بوو لە ئامێزی ئاسماندا، گەلاوێژ و پەردەی هەڵدەوەراند…

هاوبەشکردن:

بۆچوونێک دابنێ

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *