یادداشت

زایەڵەی ژنان لەشارێکی سووردا – سروە مەجیدی

هسارە: نووڕسنێگ وە کتاو “زایەڵەی شارێکی سوور” وە قەڵەم شاناز جەوانشیر

ژنان بە داکۆکیکردن لە سەر بنەمای بنەماڵە و ئەو ئەرکانەی کە بۆیان دابین کراوە بەردەوام لە ژێر گوشارگەلێکی سەختدان. ئەو ئەرکانە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بۆ ژنان دیاری کراون.ژنان بەردەوام لەژێر سەرکوتکارییە کۆمەڵگایی و سیاسیەکاندا بوون و هەن.لەم شارەش ژنان بە هەموو ڕەگ و ئێسقانیانەوە هەستیان کردووە و دەزانن پیاوان بڕیاردەدەن بۆ بوون و نەبوونیان.هەرچەند ژنان بە درێژایی مێژوو لە بەرەجۆربەجۆرەکانی ژیاندا ڕۆڵێکی تایبەت و گرنگیان لەکۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا بووە بەڵام بە بێ ئازادی تەواو ناتوانن پێگەی شیاوی خۆیان هەڵبژێرن و ناچارگوێڕایەڵی پیاوانن و لە بازنەیەکی بەتاڵدا ژیانێ پڕ لە زۆڵم و نابەرابەری دووپات دەکەنەوە. ژنان لەم شارەدا بەردەوام خەریکی شەڕێکی جەرگبڕن،شەڕ لە گەڵ کۆمەڵگا و نەریتێک کە بەردەوام دەڵێیت:ئەی ژن بوونت جگە لە زگ وزا و دامرکاندنی شاوەتی پیاو سوودێکی نیە.

لە کۆمەڵە چیرۆکی” زایەڵەی شارێکی سوور” نووسینی شانازجەوانشیر زۆرتر تیشک خراوەتە سەر هەستە ژنانەکان و لایەنە شاراوەکانی دەروونی ژنان. شاناز بە هەناسەیەکی ژنانەوە گێڕانەوەی تێکەڵ بە نەریتەکان کردووە و بە کەڵک وەرگرتن لە کەشوهەوای بوێرانەی چیرۆکی سەردەم، توانیویە چوارچێوە سواو و داڕزیوەکان بگۆڕێ و سەربوردەی ژنانێک کە بەردەوام بەربەستگەلێ جیاواز و هەمەچەشنیان لە بەردەمدایە و هێز و دەسەڵاتی زاڵ ناهێڵێ نق بکەن و دەرد وئازاری خۆیان ببێژن،بگێڕێتەوە. لەم زایەڵە دەنگی ژنە خامۆش کراوەکان ئاخنراوە بە ڕەنج و داهاتوویەکی ترسناک و ناڕوون. سەدایەک کەڕووی ڕەهای پیاوسالاری لەم کۆمەڵگا ئاشکراتر دەکات وهەموو ئەو ماف و حەقانەی لە ژن زەوت کراوە لە ژێر ڕکێفی نێرینەدا دەردێنێ وبە “کۆڵانی بنبەست”دا لە ناخی دڵەوە بە مەرگی بڤەکان دڵخۆشمان دەکات و بە زمانێکی ژنانە دەڵێت:”ئەو کچەت نەدیوە هەرتای تۆیە،بزانە چەندە عاقڵە وستەی لێوە نایەت” ئەمە ئێشێکی بێبڕانەوەیە لە ژیانی ئەو کچانەی کەخەتەنە کراون و دەکرێن،ئەمانە خەون نین، ڕاستیە پێچ و قەمچدارەکانی ژیانی ژنن،تەنانەت چێژی سێکسیان لێ زەوت دەکرێ. ئەم چیرۆکە هونەرییانە بێگومان بەدیهێنانی جیهانێکی تازەن.ڕووداوەکان چیرۆکی ژنانێکن کە ناوێرن باس لە کێشە و گرفتەکانی خۆیان بکەن.ژنانێ کە دڵەڕاوکێ و نائەمنی تەواوی ژیانیانی گەمارۆ داوە،کەسێتی و پاڵەوانگەلێ کە پێوەندییان لەگەڵ واقێعی عەینیدا زۆر نێزیک و بەرچاوە.

چۆکدادانی ژنان لە هەمبەر کولتوور و ئاییندا لە کۆنەوە هەتا ئەمڕۆبەدی دەکرێ ئەگەر ژنان لە بڕێک قۆناخی مێژووییدا پێشکەوتوون لە ڕیزی خەبات و شەڕدا بوون و بە هیچ کلۆجێک بە واتای بەرزبوونی ئاست و ڕێزی ژنان نەبووە و سێبەری چەقبەستووی پیاوان بە سەر هەست و بوونی ژنان تۆخ ودیارە.کاتێ دەمی حەوا دەبەستن و ناهێڵن وستەی لێوە بێت،ئەو دەم داخستنە لەلایەن باوک و براکانی حەواوە، ناهێڵێ بە دروستی باسی دەسدرێژییەکەی لە سەرخۆی بکات،لێرەدا باسی کچێکی بوێر وئازا ئەکرێ کە بە بێ ئیزنی باوک و برا ناتوانێ ڕاستیەکان ببێژێت،چیرۆکێ لێوڕێژ لە پارادۆکسی پاکی و ناپاکی “حەوا بە سنوورەکانەوە” بێجگە لەوەی دەسدرێژی کراوەتە سەری،بڕیار ئەدەن لە سەر هەست و بوونی و دەیبەنە سەر سنووری تاریکی وتەنیایی، وەک بوونەوەرێکی نامۆوپیس بەجێ دەهێڵن،ئەیژیتا تەنیا کاتێ تاوان، تاوانە کە ژنێک کردبێتی،ئەمە ئەوە دەچەسپێنێ کە دیکتاتۆریەتی لە ڕادەبەدەری پیاوان، ژنان لە ژیانێکی ڕەوا و ئینسانی دوور دەخەنەوە وناچاریان دەکات لە هەمبەر مافە ڕەواکانیاندا وەک تاکێکی شکستخواردوو بدرێنە قەڵەم و فزە نەکەن. لە چیرۆکی”زەوی سەخت و ئاسمان دوور” تراژیدیای کوشتن وبڕین ،تەفروتووناکردن بەردەوامە،نووسەر دەمانباتە ناخی بەسەرهاتی زۆرێک لە ژنان ،دایکان، خوشکانی ئەم سەردەمە کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بە شوێن کوژراوە نادیارەکانیانا دەگەڕێین. ئەم چیرۆک گەلە لە بنەڕەتەوە ئەو گوشار و زەختە لەڕادەبەدەرانەی کە ژنان بە گشتیی بە هۆی لە ناوچوون و کوژرانی منداڵ و برا و باوک و کەسوکاریانەوە دەیچێژن و ئێسک و پروسکی ئازیزانی خۆیان بۆ ماوەیەکی کورت دەبیننەوە. “پەنجە کرمتێدراوەکانی براکەم بە دەستەکانمەوە هاتبوو:سیامەند”

نووسەر جیهانی واقێع کە لێوانلێوە لە خەم و شەڵاڵی خوێن ونایەکسانیە بۆمان وێنا دەکات،شاناز توانیویە ڕۆبچێتە ناخی کەسێتی و پاڵەوانەکان و ڕواڵەتێکی ئەدەبی جوانمان لە دەردوئازاری ژنانمان  بۆ دەربخات،ژنانێک کە دەمامکی ناحەزی شاردنەوە ناشرینەکانی دەسەڵات لادەبەن و گوزارشت لە مرۆ لە کۆمەڵگایەک دەکەن وەک ئەوەی ڕۆسۆ” لە وتارێکدا لەبارەی نایەکسانیەوە دەیکا ومرۆڤی مودێڕن بە پەیکەرێک بەراورد دەکات کە تێپەڕینی زەمەن ،شەپۆلەکانی دەریا و تۆفان واسیمایان شێواندووە کە چیتر جیاوازی وەک نموونەیەک لە گەڵ دێوێکی دڕندانە نییە.”هیوادارم گرنگیی ئەدەب و بایەخەکانی بۆژیان و چۆنیەتییە هەتاهەتاییەکانی هانمان بدات زۆرتر و بەقووڵی بخوێنینەوە.

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا