شێعرنوو

عەورەتی تەنیایی – سروە مەجیدی

عەورەتی تەنیایی
—————–

گەڵا
گەڵا
بە باڵای ئەم شارە
بەڵا
ئەبارێ
هیچ ڕووبارێ ئەم جەستە ژان‌ڕێژە نابا
کوا خوا؟
ژین لە ژانا ئەژاکێ
لەم بەرەژانەدا ناوەرزتر پاییزێ
سەر ئەکا بە خانووەکانا
بەرۆکی پڕە لە درزی زەرد
من بەژنێکم بە ژانا ژین
پێکەنینم لە جەنگی بێدەنگیا بەجێ‌هێشت
حەزەکانم لە کاولیا ڕێست
من ئیدی ناگەڕێمەوە بۆ عەورەتی خۆم
من ڕووت لەم ئاوێنە شکاوەدا نابمەوە
من پەنجەرەیەکم نیە شپرزی ئەم خیابانە بنووسێتەوە
خوا ساڵە لە هووژەی ئەم مەرگاوەدا
تاریکی ئەپێوم
من لە بێدەنگیە شەق‌بردووەکانما
لە نائومێدییە پیرەکانما
بە لای هەڵمی ساردی ئەم زەرداوەدا
لە تەنیشت خەوە وەرینەکانما
فوو …
فوو بە لێڵی مەلوولییەکانا ئەکەم.
بە کۆ ژانی هەر نیگایەکەوە تەم
بە شینی چنراوی ئایندەوە خەم
بە دیار گەڕانەوەی هەورە ئاوسەکان
نەکا بە غەریبی ئەم شارە داکەن …
بە پەنجە ئیفلیجەکانی گومانەوە
شەوپۆشی عیشاکانی شیعر
بۆ شەهامەتی شکست‌خواردووی شەتڵەکان ئەهۆنمەوە.
ئەتوانم بە دەم قاقای مەرگەوە
چارشێو بە سەری ئەم تەمەنە بەم
ئەتوانم هەڕەشە لە مناڵییەکانی خۆشەویستی بکەم
با لە کایەی کرماندنی سێو
لەم بازاڕەدا
بۆ غوربەتی مەغریبی تەنیایی شان دابەم
لە کۆڵانە تەڵخەکان
هەتا خەندەکانی وێرانی
لە لەپی مردندا بمشارنەوە
بمشارنەوە من مردوویەکی زیندووم
بەرلەوەی ڕۆژنامەکان
جگەرەیەک داگیرسێنن بۆ ڕۆیا وەریوەکانی ئەم شارە
بە دەنگێکی پرتەقاڵی
دۆڕاندنی ئارەزووەکان
لە پێستی لیخنی سەبووری هەڕاج کەین؛
با هێڵە سوورەکان سەر نەنێن بەسینگی شووشەییمانەوە
چاو لە مەرگەساتی هەڵواسراومان داخەین
بە سروودێکی‌ترەوە بچینەوە سەر فەسڵی ئاسوودەیی.

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

برای امنیت ، استفاده از سرویس ریکپچای گوگل الزامی است که منوط به خط مشی رازداری و شرایط استفاده گوگل است.

دکمه بازگشت به بالا