بۆقە برژاوەکان – ئاسۆ جەودەت لە شنۆ
” وەرەشەماڵ وەرە / وەرە شەماڵ وەرە / مایەی ژیانم/ ئاواتی گیانم ئامان/ مایەی ژیانم/ ئاواتی گیانم/ هێدی هێدی هێدی/ وەرە دەستم وەرە/ دڵ شکەستم وەرە”
سەرت داپۆشە کچێ بابت هات ..
ڕەها خەریک بوو لە کۆنتڕۆڵی تلویزیۆنەکە دەگەڕا وهاوکات لێچکەکەشی لەملیەوە بە سەری داداو قژەکانی پێ داپۆشی ،
کوا کچێ دوو باڵەنجان بێنە ، چایەکیش تێ کە بزانم ، پسسام پسسام هە کووووو،قاچەکانی
ڕادەکێشێت و وەک دوولکەی ڕێزینی منداڵان لە باڵ یێکیان دەبات..
بە دڵەڕاوکێیەکی کەمەوە چایەک تێدەکات ، تڵتەی نێو ئیستکانەکە لە دەمی چادانەکەوە خۆی فڕێ دەداتە دەشت، وەک ماسییەکی کە لەئاو هێنابیانە دەر ئۆقرەی نیە وهەرسووڕان دەدات
ئەنگوستیلەکەی کە دەقامکی دا سووڕاوە ڕاستی دەکاتەوەو نەقیمەکەی دەهێنێتە لای پشتی دەستی و ڕاماو دەست دەداتە قەندێکی ودەزاری دەهاوێ و قوڕڕڕ فڕی دەکات ..
حەک بە قوڕڕت بی ئەرێ وەڵا نازانی بابت چاوەڕێیە ، ماندووە لە وێڕا بە پێیان هاتووتەوە کوتم بۆ خۆت تێکە یا بۆ بابت ؟
ڕووی وەردەسووڕێنێت و بەبزەیەکی خۆشی ژنانەوە ڕوو دەکاتە سەعید و دەخوشێت هەتا دەگاتە پاڵی، چۆکی بەچۆکی سەعیدەوە دەنووسێنێت، خەرێک شێلان و مشت و مڕی دەبێت
بە قوربانی پیاوی خۆم دەبم چرای ماڵەکەم..
بە بێ دەنگییەوە چایەکە دەخاتە پێش باوکی، هاوکاتیش دەستێکی بە سینگ و بەرۆکییەوە گرتووە… ئاخر جاڕێکیان بیستبووی، لە مەلاژنی جیرانیانی گوێ لێ ببو کە نابێت کچ لە کن بابی سەری ڕووت بکات ..سینگ و بەرۆکی نابێت ئاوەڵا بێت و جلوبەرگێکی ئەوتۆش دەبەر نەکات کە پیاو وەجووڵە بخات، تەنانەت لە لای باب و براکەشی …
بە مۆڕەیەکی ژنانە تێدەگات کە نابێت لەوێ بمێنێتەوەو دەبێت بڕواتەوە بۆ ژوورەکەی خۆی
دێ دێت ، دێ دێت
قامکی ناسک و کچانەی بە هێمای جوارگۆشە بە سەر تەلەفوونە لەمسیەکەی دا دەکێشێت
” بە سێدارەی لێوەکانتا هه ڵمواسەو بمدە لە خاچ
بە ڵکوو تاسەی دڵم بشكێ و لێوم پڕبێ لە وردە ماچ “
هەستاوە لەوێ ڕا هاتووە مەسەلەن بۆ مەسلەتێ ، ڕدێن سپی هێناون، کەی خودای هێناون هەر نایێڵێ یێکیان قسان بکا … ئەمیش جوانو قاڵچاغ وەدیوی دەرێم نان ..
لەسەرەخۆ بێ ئەوەی ئەوان ئاگادار ببنەوە دەرگاکە دادەخات و دەخزێتە سەر زەوی کە مافوورەیەکی سووری لەسەر ڕاخراوە، کتێبەکە دادەنێتە سەر چاوی بەجۆرێک کە باڵەکانی کتێبەکە بەرەو ئاسمان نین، بەرەو لێژن .
ئەرێ وەڵا خوشکۆڵێ،جا چۆن ژن دەبی لە ڕووی مێردەکەی وەرسووڕێ،ژنیان ژن کوتوە پیاویان پیاو،دەنگی لەسەر هەڵینابوو بە گوڕەگوڕی ئەو ژنەی وەخەبەر هاتوومە بە خودای
وەڵا جا حەیا نەماوە باجە ناهید ، ئەرێ ڕەها چ دەکا ؟
وەڵا هەر خەریک دەرس و کۆنکووڕەکەیتی ..
نزیکی لای ماڵە خۆیان لەوبەری شەقامەکەوە بۆ لای مزگەوتەکە بەڕێوەن، پردێک لە نێوان
ئەو دوو نیشانەیە، مزگەوت و ئەو بەری شەقام ..
باجە ناهید،چارشێوەکەت ڕاست کەوە ماموستا خەریکە وەدەر دەکەوی لە مزگەوتێ
وەرە وەرە وەرە وەرە هۆۆۆۆپ، بە دەندە بەک لەحەساری مزگەوت وەدەر دەکەوێت و
بێ ئەوەی سرنجی ڕابکێشرێ بۆ لای ناهیدو سەفیا دەی کاتە دەندە یێک و تیژ تێدەپەڕێت
سەرچاوم بە خێر بێی، چاوت لێ بوو باجە سەفیا چەن بە حەیا وحەدەبە هەر سەری هەڵنەهێنا / ئەدی ، لەخۆڕا نیە ئەو شارە ڕووی دەو مزگەوتەی کردووە بابم ..
(خداوند زنان را اینگونە زیبا و ظریف و مطیع آفریدە کە مایەی آرامش مردان باشند و آگاه باشند کە “باید ” همیشە و در همە حال “پشت سر” برادران ، شوهران و پسران خود باشند، در همەی عرصەها حضور فعال داشتە باشند “البتە” با رعایت حجاب کە برایش مصونیت است نە محدودیت ) ..
چرای تەلەفوونەکە هەڵ دەبێت و دەکوژێتەوە، سرنجی ڕەها بۆخۆی ڕادەکێشێت، لەسەرزگ ڕاکشاوە دێتە سەر پشت ئو لاقەکانی هەتا ئەژنۆی کۆ دەکاتەوە، ئەلۆ گیانە :
سبەی دێیە کتابخانەی، خۆت ساز و باز دەکەی ، کارم پێتە باش؟
ئەخە سبەی.. بااش؟ ئەخە بابم … دەڵێم باش؟
تفێکی قووت دەداتەوە و کەمێک نیگەرانە و بێدەنگە.. ئەلۆۆۆۆ باش؟ باشە باش ماڵتە
دووت دووت دووت دووت
.. (تا آنجا کە اگر آنها راضی بە انجام کاری از جانب شما نباشند بر شما واجب است کە از انجام آن امر خودداری کنید مگر شرک بە .. ) ..
شەق کتێبەکەی دا دەخات و دەچێتە بەر ئاوێنە ڕادەوەستێت و دەست بە قژەکانی دادێنێت شانەیان دەکات، دەیان هێنیت و دەیان بات، بە کێشێکی کە لە مێژ بوو لە پشت ئاوێنەکە فڕێ درابوو دەیان بەستێت و لە ئاوێنەکە دەکشێتە دواوە هەتا جوانتر خۆی بە دی بکات ..
ڕەها ڕۆڵە؟ ڕەها / بەڵێ دایە
دا وەرە ئەو شتانەم لێ وەرگرە ڕۆڵە، ئەوە نوێژە هیچیشم لێ نەناوە، ئەلحان بابت دێتەوە تووڕە دەبی، حەقیشیتی فەقیرەی ، ماندوە برسیتی
ئەرێ بۆ حەقیتی دایە ؟ ئەتووش ماندووی لە بەیانیوە دەبازاڕی دای ئەمیش ماندووم لە بەیانیوە لەسەر دەرسێم .. هەرچی بوو بابت ئاوا بابت ئاوا …
بێ دەنگ بە کچێ هەی چاو بەست،جێیەکی بابت تێی دا نەحەسێتەوە بە نەحلەت بی..دایە؟
بێ دەنگ بە چم پێ کوتی ئەوی بکە …
شیرن خێل چاو لە دایکی دەکات و لێوو لۆچی پێک دادەدا، بە سووکی ڕۆ دەبێتە زەمبیلەکە، کەچی کێشی زۆرە و ناچار دەبێت دەستەکەی دیکەشی دەکار بکات، دەی بات بۆ چێشتخانە
لە تەنیشت دیواری کتێبخانە، پەسیوێکی تەنگ کە سێبەرێکی کەمی ماوەو خۆی داوەتە بەر سێبەر ئو کاتژمێریش ١٢و٢٠دەقەیە، بە نووکی پێڵاوەکەی خەریک زیبکە بەردێکیە و کایەی دەگەڵ دەکات دەڵێی دەیهەوێ تۆڵەی خۆی لەوزیبکەبەردە بکاتەوە وەهای دەهێنێت ودەیبات ڕەنگە بیهەوێ وەک قژەکانی خۆی قژی ئەو زیبکە بەردەش بهۆنیتەوە ..
(ڕەنگە هەر هیچ نەبێ و ئەمن خەریکم لەخۆڕا شتەکەی زۆر گەورە دەکەم )زیبکە بەردێکەو خەریکە بە ورکە شەقان بۆ ئەم لاو ئەو لای دەبات ..
حەک بتخۆم ئەرێوەڵا هەەەەەی، چاو ئەو چاوانەی، ممموووااااچ چ چ/ کەسسافەتی بێشعوور
ڕەنگە دە دڵی خۆشی دای پێی خۆش بووبێ بە ڵام چوون خۆی بە هی ڕامین دەزانێت پێی ناخۆش بوو ..
کورەکورەکورە ئەوە چت کرد، ئەوە دۆستی رامینی بوو ڕەهایە نەتناسی؟جا خۆ بۆ هێنانێی نییە
بڕۆ با بڕۆین ، ئەلحان دێ ئابڕوومان دەبا
جێگاکەی دەگوێزێتەوە و دێتە بەر تاوەکە ، شەقێکی توند دە زیبکە بەردەکەی هەڵدەداو قژەکانی کە هێچ پیویستییان بە ڕاستەوپاستە کردنیش نییە، بە بەری دەستی دایان دەهێنێت
و دەیان خاتە بن مەغنە ڕەشەکەی ..
بە بە خانم کۆنکۆڕی ، یاڵااا
دەستی بۆ لای دەستی ڕەها دەهێنێت و چاوەڕێیە ڕەهاش دەستی دەگەڵ لێ بداتەوە ، ئەو ١ساڵ و ٤ مانگەی لە پلانێکی ١ چرکەیی دا بە پێش چاوی دادێت و ئەو شەوانەی کە بە دڵ پێی خۆش بووە ڕامینی لە باوەش بکات بەڵام نەبووە نەکراوە لەماڵ نەبووە پێی عەیب بووە بەفر زۆر بووە حەرز بەستوویەتی هەرچی بووە بووە ، ئێستا بڵێی دەستپێکی وەدی هاتنی
ئەو ئاواتە بن پۆلوو کراوانە نەبێت ؟بڵێی لەوە بە دواوە هەوای خۆش بێت و سەهۆڵ بەندان
و بەفرەکان بتوێنەوە ؟ بڵێی وەرزێک نەبێت بە پێچەوانەی پلانی ١چرکەیی ڕەها؟ ( نازانم )
لەناکاو دەستی دەخاتە دەستی ڕامین و دەڕۆن بۆ پشت پەسیوکە کە شۆڕەبیەکی ڕووت خەریک بانگهێشتیانە..
ڕامین دوو کوڕ قسەیان پێکوتم / وەرە بابڕۆین لێیان گەڕێ کوڕ هەروانە / دەستی دەخاتە
نێو قەدی ڕەهاوە/ ئەدی ناڕحەت نەبووی ؟/ کێ بوون ناسیتن ؟/ ئەو کوڕەی ئەوێ رۆژێ ..
کوڕە دە لێیان گەڕێ توخودا قەرارەکەمان خرا مەکە … دەی باشە ..
ئەرێ ێ ێ خوشکۆڵێ ڕامین لە ماڵە بێ ئەو حەرزەم برێک بۆ هەڵقەنی ماڵتە پەنیرەم پەستووتەوە دەڵێم با دە حەرزی نێم، بۆخۆم تاقەتم پێ ناشکێ، ناشوێرم بە سەعیدی بڵێم ..
باجە ناهید وەڵا ڕامین ئەوە لە پۆلیس بە عەلاوەی ١٠یە چووە پایان خدمەتەکەی بێنیتەوە
بەسەر حەرتک چاوم هەرهاتەوە پێی دەڵێم بێ، لەبەر هەیوانێ ڕا خولقی دەکات، دەفەرموو ژوورێ توخڵا/ کچێ سەد کارم هەیە،خودا چاکەت بۆ بکا،دەرگاکە دادەخات و لەژێر لێویەوە
“خودایە چ دەبوو کوڕێکیشت دابا بە من یان لە جیات ئەو کچەی ی ی .. هەر لێی گەرێ .. “
تاوی ئێوارێ دە چاوی چەقیوە، بە دەستی سایەبانێکی بۆ چاوی درووست کردووە، دامێنی
کراسەکەی خڕ دەکاتە وە، دەبن پشتێندەکەی دەنێت …
لەبەر هەمان ئاوێنە لە دیوەکەی خۆیەوە کە دەرگاکەشی ئاوەڵایە ڕاوەستاوەو دایک و بابیشی لە هاڵەکە دانیشتون، سەرو ملی بە کراس و لێچکەکەی دادەپۆشێت و بە دەنگێکی نیوە بڵیند (مەسەلەن دەبەرە خۆی دا) جۆرێک کە دایک وباوکی گوێیان لێ بێت :
حەکوو ماڵتە مێشوولە خواردیانم ئەوشۆ ، حەح ئەو جووشە چیە لیرەم هاتوه؟
لە ئاوێنەکە دەکشێتەوە تاکوو تەواو بەدی بکرێت بەڵام ئەم کشانەوەیە دەگەڵ ئەو کشانەوەیەی پێش جیاوازی هەیە ؟ ..( نازانم دەی لێی گەرێ ، لە کوێ بووین ، ئەها ) ..
چایەکی تازە دێمی مێروولە داری گێلاسی بێ ئەوەی پێی بڵێن بۆ بابی تێکردوو بۆخۆی بۆی برد و بێ وەرگرتنی مۆڕەی ژنانە زوو وەدەر کەوت ، هەر لە ڕێگاوە
دایە ئەگە بابم چای دیکەی ویست بۆخۆت بۆی ببە دەچمە زگ دەرسم ..
دەرگاکە دادەخات و ئەرخەیین دەبێت لە داخستنی و کلیلەکەشی دەنێتە بەری ، ئاوێنەیەکی بچووکی هەیە لە جانتاکەی دەری دێنێت و لە بەرامبەری دا دەست بە مل و سینگی دا دەخشێنێت و لەوەی کە ڕەش وشین هەڵگەڕاوە بزەیەکی ترش و شیرنی دێتێ ، لە ئاوێنەکە رادەمێنێ و حەق دەدا بە ئەو دوو کوڕەی خۆیان بە قوربانی چاوی کردبوو، ئاوێنەکەی دە نێوان دوو چۆکی دەنێت و بە قامک بە سەر برۆ ڕاکشاوەکانی دا دەکێشێت و چاو دادەگرێ
لە خۆی و گووپ هه ڵ دەدا و دەی تەقێنێ …
ڕامین گیان دایک بە قوربانت بی دوو پێمەڕەی دیکەم بۆ ئەلێرەدە تەواوە/ ئاای دەستخۆش
دەڵێم شەیتان ئەو ملەت بۆ ڕەش هەڵگەڕاوە؟ / وەڵااا باجە ناهید میشوولە زۆر بوونە ..
کوڕە مێشوولەی چی هەی شڵووغ .. جا چ بوو بە قوربان کوڕی خۆ لێت عەیب نییە ..
ڕەها لەژوورەکەی خۆیەوە گوێبیستی ئەو دیالۆگەی نێوان دایکی وڕامین دەبێت/ لێچکەکەی
توندتر دەکات و یەقە ئیسکییەکی کە شەوێ لە ترسان دەبەری کردبوو،ئاخر دایکی شەوانە
دەهات بزانی ڕەها لە وەتاغەکەی خۆیەتی.. جارەکیان هەر ئاوا گوێی لێ ببو بابی دەیگووت
شەوانە سەرێک لە ڕەهای بدە بزانە وانێک و شت نەبووە …. یەقەکەی ڕاست دەکاتەوە
ناهید .. ناهید ؟ کاک سەعید بە توڕەو تۆسنی لە حەساری خۆیان ڕاوەستاوە، زگی بە سەر پاتۆڵەکەی دا شۆڕ بوەتەوە ودوگمەی کراسەکەی شەڕیتی دەگەڵ کونی کراسەکە … هەر لە دووگمەی ئیسرار بۆ دەرپەڕین و هەر لە کونەی ئینکار ..
چ بوە سەعید گیان بۆ وا تووڕەی ؟ ئەوە چییە پێتە ؟ / ئەو کچە کوا ؟
لە وەتاغەکەی خۆیتی لە بەیانیوە وەدەر نەکەوتووە / چ بووە ؟
بانگی کە با بێ کارنامە جوانەکەی وەرگریتەوە ، هەر مەجازیش نەبووە / بریا کوڕ بای ڕۆڵە
ئاوەتا وەک ئەو کوڕە شێتەی سەفیای جیرانمان هەر سەربازیت کردبا ژنەکم لێ قایم دەکردی .
ڕەها دیسان لە ژورەکەی خۆیەوە گوێ بیستی ئەم قسانە دەبێت بەڵام ئەمجارە بانگیان کردووە، بەردەنگێکی واقیعییە نەک بۆخۆی گوێی هەڵخستبێت یان بە هەڵکەوت گوێ بیست
بێت، ئاوێنە بچووکەکە لە جانتاکەی دەردەهێنێ ودە نێوان دوو چۆکی دەنێت،کێشی قژەکانی
دەکاتەوە ، بە مقەستی دایکی کە جاروو بارە خەیاتی پێ دەکرد و هەمو جارێش کە ڕەها یارمەتی دەدا ، دەی گووت ئیشەڵا بەو مقەستەی کراسی بووکێنیت بۆ ببڕم ڕۆڵە .. قژەکانی هەڵدەپاچێت و ڕوو لە ئاوێنەکە ئەمجارە چاو داناگرێت و گووپ هەڵدا ، بە ڵکوو هەردووک چاوی لەسەر یێک دادەنێت ….
” وەرەشەماڵ وەرە / وەرە شەماڵ وەرە / مایەی ژیانم/ ئاواتی گیانم ئامان/ مایەی ژیانم/ ئاواتی گیانم/ هێدی هێدی هێدی/ وەرە دەستم وەرە/ دڵ شکەستم وەرە”
بە بەری دەستی دوو دڵۆپ فرمێسکی تەڕ کە لە گۆشەی چاویەوە دێتە خوار،دەسڕێتەوەو کۆنتڕۆلی تلویزیونەکە هەڵدەگرێت و دەنگی دەگرێتەوە،دوو چایی تێ دەکات، لە سەر پلیکانی هەیوانەکە بە شێنەیی دێتە خوار / دایە دە زوو بە ئەخە مردین لە تینوان ..
ئەوە هاتم ڕۆڵە ..
سمایل چەکمە ڕەشی مێردی و ئاواتی کوڕی
خەریک قوڕ شێلانن و دێراو درووست دەکەن بۆ دارستانی نێو باغ ..
ڕەهاش
بە دەستێکی کەشەفی چای پێیە و بە دەستەکەی دیکەشی سینگ و بەرۆکی گرتووە …