یادداشت

زوو بوو، کاکه‌ هێشتا زوو بوو – ئەلا موراد جەباریان ( خەمبار )

هه‌واڵی کۆچی دوایی نووسه‌ری به‌توانای کورد، ڕۆڵه‌ی به‌جه‌رگ گه‌له‌که‌مان،له‌دایک بووی ناوچه‌ی کرماشان کاک عه‌لی‌ئه‌شره‌ف ده‌رویشیانم پێ گه‌یشت، هه‌واڵێکی دڵته‌زێن بوو، مه‌رگی ئه‌و ڕۆڵه‌ ئازا و نه‌ترسه‌ که‌ ماوای پێنجا ساڵ له‌ پێناوی ڕزگاری گه‌لی چه‌وساوە و زوڵم لێکراو وڵاته‌که‌ی خه‌باتی کردبوو زۆر به‌پەروشی کردم، باش له‌ بیرمه‌ ساڵێک به‌ر له‌ سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گەلە‌کانی ئێران به‌ بینینی کتێبی ئابشووران له‌ ته‌ک به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م شۆڕه‌ سواری گۆڕه‌پانی چیرۆک نووسیدا ئاشنا بووم.

زۆر جار له‌ کاتی خوێندنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ خۆ‌م له جێ پاڵه‌وانی چیرۆکه‌کان دا ده‌نا. له‌ ته‌ک خه‌م و نه‌هامه‌تییه‌کانی ئه‌واندا خه‌مم ده‌خوارد، له‌ ته‌ک ئه‌واندا ده‌گریام، هاوکات خه‌مێکی قورس له‌ سه‌ر دڵم که‌ڵه‌که‌ ده‌بوو. هه‌ستم به‌ هاوخه‌می ئه‌وان ده‌کرد، ئێش و ئازاره‌کانی ئه‌وانم به‌ ئێش و ئازاری خۆ‌م ده‌زانی،ئه‌و نووسه‌ره ‌هه‌ر وه‌کوو نگارکێشێکی به‌توانا دۆخی ناڵه‌باری چینی چه‌وساوەی ئه‌و سه‌رده‌مه‌‌یه‌ تەرسیم ده‌کرد.

ئه‌و پیاوه چاکه‌ زۆر هه‌ستی به‌ به‌رپرسایه‌تی له‌ به‌رامبه‌ر گه‌له‌که‌ی ئه‌کرد، هه‌ر به‌ هۆی ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ چاکەی کە هه‌بوو، زۆر حه‌زم ئه‌کرد له‌ نزیکه‌وه‌ ببینم و له‌ ته‌کیا بدوێم، به‌داخه‌وە له‌‌و کاته‌دا دەر‌فه‌تم بۆ نه‌ڕه‌خسا. هێدی هێدی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌ ڕئالیسته‌ ئاشنا ‌بووم، ده‌مخوێند، به‌ خوێندنی [یادمان سه‌مه‌د] سه‌مه‌دم ناسی، له‌ ناو مه‌ته‌ڵه‌ کوردییه‌کانی ئه‌ودا تێگه‌یشتم دژمن له‌دوای دەر‌فه‌تێکدا ده‌گه‌ڕێ تا کوو ده‌سکه‌وته‌کانم به‌ تاڵان بیبا، له‌گه‌ڵ خوێندنی چیرۆکی [کی بر میگردی داداش] زانیم کاتێک ئه‌ستوونده‌کی بنه‌ماڵه‌یک ده‌ڕووخێ چۆن ئه‌و بنه‌ماڵه‌یە تووشی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ ده‌بێت.

به‌ خوێندنی [ابر سیاه‌ هزار چشم] زانیم په‌ڵه‌هه‌ورێکی ڕه‌ش ئاسمانی وڵاته‌که‌می داپۆشیوه‌، هه‌وه‌ڵین به‌ردی بناخه‌ی فێکری من له‌ سه‌ر ‌بیروباوه‌ڕی ئه‌و دانرا، ڕێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ژیانی ئه‌و به ‌من ناساند، دەهەیەک به‌ر له‌ ئێستا ئه‌و ئاواته‌ مێژینه‌ی منه‌‌ به‌دی هات، له‌ فستیواڵی گه‌لاوێژ ک هه‌موو ساڵێک لە شاری سلێمانی به‌رێیه‌وه‌ ئه‌چێ ئه‌وم بینی، ئه‌و کاته که به ‌دیداری شاد بوومه‌وه‌، له‌سه‌ر گه‌لێ بابه‌ت قسه‌ و باسمان کرد، هه‌ستم به‌ گه‌وره‌یی و بلیمه‌تی ئه‌و پیاوه‌ مه‌زنه‌‌ کرد، چه‌ن وێنه‌یکمان پێکه‌وه‌ گرتووه‌ کە هه‌موویانم له‌سه‌ر دیواری دڵ هه‌ڵواسیوه‌

به‌داخه‌وە بیستوومه به‌ره‌ی پاوانخواز چاوچنووک نه‌یان‌هێشتووه‌ ته‌رمه‌که‌یشی بگه‌ڕێتەوه‌ بۆ زێد و ماواکه‌ی و‌ هه‌ر له‌وێدا نێژراوه‌،
ڕێگه‌ی هه‌ر به‌رده‌وام بێت….!!!!

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

برای امنیت ، استفاده از سرویس ریکپچای گوگل الزامی است که منوط به خط مشی رازداری و شرایط استفاده گوگل است.

دکمه بازگشت به بالا