ژن – عەبدۆڵلا پەشێو

(۱)
به بینینت
من ده‌بمه‌وه بنیاده‌می چاخی به‌ردین؛
ده‌چمه‌وه ناو ئه‌شکه‌وتی تار، جه‌نگه‌ڵی چڕ؛
گوێ شل ده‌که‌م
بۆ برووسکه و گۆڵه‌ی هه‌ور و بارانی خوڕ؛
شارستانیی دوگمه و وایه‌ر بزر ده‌بێ؛
ئاته‌شگه‌کان پڕ ده‌بنه‌وه له پێت وگڕ.
(۲)
چیت مه‌رام بێ، ده‌چێته سه‌ر:
تۆ ده‌توانیت، به نیگایه‌ک،
سه‌وزەڵانێک به ڕووته‌ن که‌ی.
له ده‌ستت دێ، به هێمایه‌ک،
به‌رده‌ڵانێک به چیمه‌ن که‌ی.
چیت مه‌رام بێ، ده‌چێته سه‌ر:
تۆ ده‌توانیت
باڵی زمانم ببه‌ستی و
دره‌ختی په‌نجه‌م بێبه‌ر که‌ی.
له ده‌ستت دێ
چه‌می ده‌نگم تژی ماسی و
هه‌ر په‌یڤێکم پڕ گه‌وهه‌ر که‌ی.
تۆ ده‌توانیت
بمکه‌یته کۆیله‌ی مل به تۆق.
له ده‌ستت دێ
تاجی سه‌روه‌ریم له سه‌ر که‌ی.
(۳)
له‌بن کۆمه‌ی خۆڵه‌مێشدا–
تۆ ژیله‌مۆی گه‌شی خولیای.
له گێژه‌نی تاریکیدا–
تۆ بریسکه‌ی به‌فری چیای.
له بیابانا – هاژه‌ی چه‌م و
له نه‌هاتا – هه‌ڵمی نان و
له غوربه‌تا – داڵده و په‌نای.
کلیلداری به‌هه‌شتی تۆ.
تۆ نه‌ک نیوه: هه‌موو دنیای!
۲۸/۱۱/۱۹۸۵ –ته‌رابلوس