چیرۆک

ڕاوان – ڕزگار لوتفی

هسارە – هێندە نەبوو تەلەفوونی بۆ کردبووم و وتبووی: “تا خۆت ئەگەیەنیتە ئێرە، من بە میواندارییەتی ئەیخافڵێنم و ناهێڵم بڕوا، بەڵام تۆش هەوڵ بدە زوو ڕاپەڕێیت”. هێشتا مابووی تەلەفوونەکەی ببڕێ سەدان وێنە و دیمەنی جۆراوجۆر هاوکات، هورووژمیان بۆ هێنابووم و لەبەر دەمی دەرگای ژووری فۆتۆگڕافی زێهنمدا بارگە و بنەیان خستبوو و ماتڵی مۆڵەت‌پێدان بوون تا بەسەر بکرێنەوە و لە پێشبڕکێکەدا بەشداری بدرێن؛ هەر لە دیمەنی کەشیەکەی سەریڕا تا شێوە و شەماییلی سیمای و، کەوا و سەڵتە ئاودامێنە دێرینە فارسییەکەی و جۆری پێڵاوە چەرمەکانی بگرە هەتا قەبارەی کتێبە کۆن و هەلالابووەکەی بن دەستی، دیمەنی پیاوێکی چوارشانەی کەڵەگەتی پێست‌سووتاوی تەمەن پەنجاساڵەی پیشان ئەدام. دیمەنی دووەم پیاوێکی چوارشانەی باڵا مامناوەندی لووت‌زلی پێ‌پانی پەنجاوپێنج ساڵەی ئەخستە بەر چاوم. دیمەنی سێیەم پیاوێکی بڕۆنزەی کەڵەگەتی لاوازی پیری ئەنواندەوە و .. .

لە ناو هەموو وێنەکاندا حەزم لێبوو وێنەی ئەو پەیکەرە هەڵبژێرم کە دەیان ساڵە ناوەندی یەکێك لە مەیدانە سەرەکییەکانی “تاران”ـی داگیر کردووە و لە قەڵافەت و جوامێریدا کەم وێنەیە، بەڵام هەرچیم ئەکرد نەمئەتوانی ئاوەزم بەلاڕێدا بەرم و چەواشەکاری لە گەڵ بکەم و، پێی بقەبڵێنم کە ئەم وێنەیە هەمان وێنەی دڵخوازی منە و بە پێی ناوبانگە بەرزەکەی، پێدەچێ سیما و ڕواڵەتیشی وەك وی وابووبێت؛ کەچی دوای هەوڵ و تەقەلایەکی زۆریش نەمتوانی بە قەناعەتی بگەیێنم کە وێنەی ئەو پەیکەرە دەستکردە نموونە ڕاستەقینەکەیەتی و بە موو لێی لا نادات.

بەیانیان تا بێم خۆم ئامادە بکەم و لە خەو هەستابێتم و ئاوێکم بە خۆمدا کردبێ و چووبێتمە سەر سفرەی ناشتا یان بە پێوە سێ چوار پارووم خواردبێ و چارەکەسەعاتێکیش بە لەبەرکردنی جلوبەرگ و چوونەبەر ئاوێنەوە خەریك بووبێتم هەتاو دەرکەوتووە و بە بێ ئیجازەش خۆی پەستاوتۆتە ناو ژوورەکەم و دووبارە و سەدبارە ئاوێکی ساردی بە بەژنی ئەم ئاواتەمدا ڕژاندووە کە “ڕۆژێ لە ڕۆژان، بەر لە پژانی تیرێژی خۆر بە ئۆتۆمبیلەکەمەوە بگەمە سەر شەقام و سووڕێکی باش لە بەیانی شاردا بخولێمەوە و پاشان زووتر لە هەر دراوسێیەکم فەنەری دووکانەکەم هەڵبدەمەوە!” بەڵام ئەم بەیانییە کاتێك ئەمویست ئۆتۆمبیلەکەم لە گاراژ بەرمە دەرەوە نە ئەو خولیا دێرینەیەم بە زێهندا هات و نە بیرم لە بوونەوەرێك کردەوە کە خوانەخواستە لە کاتی بەپاشەوپاش چوونە دەرەوەمدا ئاگام لێی نەبێ و بکەوێتە بەر ئۆتۆمبیلەکەم و بەڵایێکی بەسەر بێ و بۆ هەمیشە ئاڕاستەی ژیانم بگۆڕێت. دڵنیاشم کە ئەم جووتە فەرامۆشکردنەش هەروا بە ئاسانی دابین نابێ مەگەر بەو تەلەفوونەی کە دراوسێ دووکانەکەم لە چەند خولەکی ڕابوردوودا پێی ڕاپەڕیبوو و بۆی کردبووم. تەلەیفوونێ کە زەنگەکەی، دەربڕی هۆشداریدانی بڕینی سنووری نێوان دوو دونیایە بە ناونیشانەیلی “واقیع” و “خەون”. بڕینی ئەو سنوورەی کە ڕۆژێك لە ڕۆژەکانی بەهارێکی بەسەرچوودا هەڵیداشتبوومە ناو دنیایەکی قێزەونی واوە کە ئێستاشی لە گەڵ بێ نەمتوانیوە ڕێڕەوی ئەو هەرێمە بدۆزمەوە کە پیای هەڵداشترابوومە ناو ئەم دۆزەخەوە، تاکوو لەوێوە پێوەندی دووبارە بگرمەوە بە دونیا ڕاستەقینەکەمەوە. ئەو دونیایەی مەکۆی خەمڵینی هەزاران بیرەوەری شیرین و تاڵی ژیانمەوە و وەك هێشووی دەمارەکانی لەشم لە بوونمدا ڕەگاژۆ بوون و تانوپۆیان تەنیوم؛

ــ “ئەلۆ!”

ــ “ئا نیشتمان ! .. کارت بوو؟!”

ــ “هیوا! .. کابرایەك بە جلوبەرگێکی سەیرەوە لە پشت دەرگاکەمان ڕاوەستاوە .. ئەڵێ من ئەبوولقاسمی فردەوسییم!”

ــ “ئەبوولقاسمی فردەوسیی؟!”

ــ “ئەرێ .. کتێبێکی گەورەی کۆنیشی بەدەستەوەیە.”

ــ “باشە خۆ ئەبوولقاسم فردەوسی سەدان ساڵە مردووە و تۆزەکەشی نەماوە، مەگەر نازانی؟! ئەی چی ئەوێ؟!”

ــ “ئەڵێ تا ئێرە ماڵ بە ماڵ هاتووم و، ئەمەوێ بە بێ پاداشت ئەفسانە و بەیتەکانی “شانامە”تان بۆ بخوێنمەوە!”

ــ “کچە نیشتمان، نەخەڵەتابی دەرگای ماڵەوەی بەڕوودا بکەیتەوە، بێتونەبێ  پیاوخراپە و مەرامێکی هەیە!”

ــ “نا هیوا! بۆ ئەوەندە بەدگومانی؟ بەخوا لە پیاوخراپ ناچێ .. سیمایەکی هێند نوورانی هەیە مەپرسە!”

ــ ” … “

لەو ڕۆژە بەهارییە بەسەرچووەدا تا گەییشتمەوە ماڵ ئەتگووت چی ئۆتۆمبێلی سەرانسەری وڵات هەنە بە ئەنقەست هێناوتن لە سەر ڕێگای چوونەوەمدا ڕیزت کردوون تا بەشکوو من کاتژمێرێك درەنگتر بگەمەوە و “ئەبوولقاسم فردەوسی’”ـیش دەرفەتی تەواوی هەبێ بۆ شانامەبێژی لە حوزوری “نیشتمان”ـ‌‌دا.

لەوەدوا من چیتر ئارامیم بە خۆمەوە نەدی و ئەم چەمکە گرانبەهایەی ژیان، وەك مرواریدێکی دانسقە چووەوە ناو قاپووڕەکەی خۆی و لە دەریای بووندا بزڕ بوو. ونبوونێك کە هەڵوەدای دیتنەوەی، پەیکەرێکی گەڕۆکی لە من تاشی و ڕەوانەی کۆڵان و شەقامەکانی شاری کردم تا بەشکوو لە سوچێکەوە هەواڵێ، ئاسەوارێ، سۆراغێکی بگرم و خەشی دڵمی پێ بڕێژم. ئەو خەشەی، دوای تێپەڕبوونی زڕ”ئەبوقاسمی فیردەوسی” بە هەر گەڕەکێکدا لەوانەیە تەنها لە دڵی چەند کەسێکدا تەشەنە بکا و وەك گوڵەچەسپییەکان هەموو بوونیان بگرێتەوە.

ــ” کەیوان! ئامان برا نەهێڵی بڕوا! .. ئەوە لە خیابانی ئیمامم .. هێندەم نەماوە بگەمە لات!”

ــ”نا هیوا، بێخەم بە .. ئێستا لە دووکانەکەی “هاوڕێ”ی دراوسێمانە .. بە شانامەبێژییەوە سەرقاڵە .. نیگەران مەبە ناڕوا”.

هێشتا پاشووی قەتارەی وشەکان لەو ڕەهۆڵە ساختە موخابەراتییەی نێوانمان تێنەپەڕیبوو کە من لەم شەقامە باریکە دێرینەیەدا چەقیم و دڵەکوتێ قەراری بڕیم. نەدەبوا تەنها متمانەم بە کەیوان کردبا و بە بەڵێنییەکەی دڵخۆش بووبام؛ چون ئەو ئاقارە دۆزەخییەی کە من لەم ماوەیەی ڕابوردوودا پێیدا تێپەڕیبووم لەوانە نەبوو ئەو، تەنانەت بە خەونیش لێیەوە گوزەر و چەرمەسەرییەکانی ئەزموون کردبێت؛ تا مارانگەزانە قەدری ساتەکان بزانێ و لەو بارودۆخەی لە ئێستەدا بۆی ڕەخساوە بە دانسقەترین شێوە کەڵکی لێ وەربگرێت. دەبوا من لانیکەم دوو سێ دراوسێ دووکانی‌ترم ئاگادار کردبان و بەرپرسیارییەتی خافڵاندن و ڕاگرتنی ئەو غەریبەیەم پێ بسپاردانایە تا تێکڕا ڕێژەی میزانیەتی ڕیسکەکەمیان هەڵکشاندبا و لە بەرزترین پلەدا جێگیریان کردبا. بەڵام ئەوە گریمان ئەم قایمکارییەشم ئەنجام دابا و یەك بە یەکی دراوسێ دووکانەکانی تریشم وەخەبەر هێنابان، ئایا هیچ گەرەنتییەك هەبوو کە ئەوانیش بە هەمان دەردی کەیوان نەچووبان و لە بەجێ گەیاندنی ئەو پێ سپێردراوەدا کەمتەرخەمیان نەنواندبا؟! ئەزموون پیشانی دابوو گەر من بۆ قەناعەتپێهێنانی کەسێك دەستەودامێنی گێڕانەوەی سەربوردەی “ئەبولقاسم فردەوسی” و “نیشتمان” بووبام و ویستبام لەو ڕێگایەوە قووڵایی کارەساتەکە بنوێنم، هیچ کە نووکەدەرزییەك لە بێخەیاڵی گوێگرەکانم کەم نەدەبووەوە و ڕووخستنی ئەو بەڵگانەیان بە “ڕاوان”‌ـدن دەزانی، تازە گەلێک جاریش وەك پیاوێکی دڵپیس و بەدگومان لێمیان دەڕوانی و بەخراپە بە سەرمدا دەشکایەوە!

کاتێك بە هەزار ئومێد و ئارەزووەوە پێچ و خەمی کۆڵان و شەقامەکانی نێوان ماڵەوە و دووکانەکەم بڕی و لە پارکینگی پاساژەکەماندا ئۆتۆمبێلەکەم مۆڵاند و بە هەڵەداوان پیلکانە کارەباییەکانم کردە چەند هەنگاو و وەكوو جن لەبەر دەرکی دووکانەکەمدا سەوز بووم، هیچ کە ئاپۆڕەیەکم بەدی نەکرد تا “فردەوسی” شانامەبێژ حیکایەتخوێنی بێت، فەزای ئەو دەڤەرەشم هێند ئارام و هێمن هاتە بەرچاو کە دەتگوت هەزار ساڵی ڕەبەقە نەك خودی “ئەبولقاسم فردەوسی”، بەڵکوو بە دڵنیاییەوە تارماییەکەشی بە ئەم باژێڕەدا گوزەری نەکردووە!

سەرچەوە : ماڵپەڕ چیرۆک

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

برای امنیت ، استفاده از سرویس ریکپچای گوگل الزامی است که منوط به خط مشی رازداری و شرایط استفاده گوگل است.

دکمه بازگشت به بالا