وتار

زمان چییە؟ / نووسینی: سەعید الغانمی

وەرگێڕانی: د.دانا ئەحمەد مستەفا *
سوسێر شۆڕشی کوبرنیکی لە زماندا هەڵایسان، کاتێک کە پێناسی کرد بەوەی کە «سیستمێکە لە ئاماژە(۱)».
ئەمەش ئەو پێناسەیە بوو وایلێکرد کە بگەڕێ بە شوێن تایبەتمەندییە رووکارییەکانی زمان، و هەوڵبدات کە وابەستەی سیستمی ئەبستراکتی بێت کە کار لەسەر زمان دەکات لە میانەی ئەو بەهایانەی کە بۆی دیاریکراوە. سوسێر دەڵێت: «لە راستیدا، زمان لە بنەچەدا بریتییە لە سیستمێکی بیستن لە هێما(۲)»، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە وا تەماشای زمان بکرێ کە رووکارێکی بەدوایەکدا هاتووە لەو ئاماژانەی کە هیچ بەهایەکی ئەرێنیان نییە لە دەرەوەی شکڵدا. هەر ئەمەش بوو کە وای لە سوسێر کرد، کە واز لە توێژینەوەی گۆڕانکارییەکانی زمان بێنێت، و بچێتە نێو توێژینەوەی زمان لە خودی خۆی و بۆ خودی خۆی، واتا جیاکاریی لە نێوان رەهەندی بەدوادا هاتندا، چونکە تێبینی هەموو گۆڕانکارییە زمانەوانییەکان دەکات لە چاخێکەوە بۆ ئەویتر، هەروەها رەهەندی هاوکات بوونیش کە تیایدا پرۆسەی بێلایەنی و قەتیسکردنی لە «هەنووکە و لێرە»دا، تێدا بەڕێوە دەچێت.
تێڕامان لەو شتانەی کە زمان پەیان پێدەبات لە ئاوێتە بوون و فرەیی جۆرەکان وای لە سوسێر کرد کە هەوڵبدات بۆ پۆلێنکردنی ئەم ئاڵۆزییە سەیرە و هەڵهێنجانی ئەوەیکە دەکرێ ببێتە بابەتی توێژینەوەی زانستی. چونکە زمان، لە یەکەم دیقەتدا، وەک ئەو ئارایە دەردەکەوێ کە ناتوانرێ پۆلێن بکرێ، لە بەشێکیشیدا دەگەڕێتەوە بۆ تاکگەرایی و سۆسیۆ و سایکۆ و فیزلۆژی  و فیزیاوی. بۆیە دەبوو سوسێر هەموو ئەم ئاستە ئاڵۆزاوانە پاکسازی بکات و دەست بخاتە سەر بابەتی کۆمەڵایەتی پوخت کە شایستەی توێژینەوەیە بەو پێیەی شتێکی بابەتییە. و هەروەها دەبوو وریای دوالیتی زمان و قسەکردن بێت. چونکە زمان، هەر زمانێک بێت، بەچەمکە گشتییەکەی، لە دوو رووکاردا رۆدەچێت کە دەکرێ بە جیا لێیان بکۆڵینەوە، ئەگەرچی ئەوکارە شتێکی ئەستەمە لەڕووی پراکتیکییەوە، ئەوانیش دوانەی زمان و قسەکردنە. زمان کۆی یاساگەل و نەریتە کۆمەیەتییەکانە کە کۆمەڵی زمانەوان دەیخولقێنن و تاک ناتوانێ بە تەنها دروستی بکات یان تەوەرسازی بکات. پرۆسەی قسەکردن بریتییە لە هەڵبژاردنی بە ئاگا و سیستمێکی تاکی ئازادە لە نەریتەکانی دامەزراوەی زمان. زمان پەیمانێکی کۆمەڵایەتییە کە تیایدا تاکەکان کۆک دەبن لە چوار چێوەی دامەزراوەیەکی زمانەوانیدا، پرۆسەی قسەکردنیش کردەیەکی ئازادانەیە کە تیایدا تاکی قسەکەر دەچێتە نیو کۆوە و سیستمێکی تایبەت بۆ خۆی فەراهەم دەکات کە بۆ خۆی سیستمێکی رەمزی  بەکاریدەهێنێ بۆ گوزارشتکردن لە بیرۆکەکەی. لێرەوە زمان دامەزراوەیەکە بەبێ کردار، لە کاتێکدا قسەکردن سیستمێکی کردەییە. زمان رووتەواڵەیەکی زانستییە کە دەکرێ قەتیس بکرێ، لە کاتێکدا زمان پیادەکردنێکە سنووری نییە.
بەڵام نە زمانی بێ قسە هەیەو نە قسەی بێ زمانیش. چونکە زمان هەمیشە پێویستی بە قسەکردنە بۆ دەرخستن و ئاماژە بۆ کردنی. قسەکردنیش پێویستی بە زمانە کە لێی هەڵهێنجێ و خۆی دروست بکات. هەردووکیشیان لە پەیوەندییەکی ئاڵوگۆڕی بەردەوامدان لەگەڵ یەکتردا.
بۆ جیاوازیکردن لە نێوان زمان و قسەکردندا، رەنگە نموونەیەکی تر رێنموونیمان بکات لە جیاوازیکردن لە نێوان دەنگسازی یان فۆنۆتیکا و زانستی سیستمی دەنگی یان فۆنۆلۆژیا، بۆ نموونە پیتی نونی عەرەبی فۆنیمێکی تاکە کە دەنگسازی لێی دەکۆڵێتەوە بەو پێیەیکە دەنگێکە جیاکارییەک دەنێتەوە لە واتادا کە جودایە لە گشت فۆنیمە عەرەبییەکانی دیکە. بۆ نموونە کاری (نال) جودایە لە (مال) و (سال)(مەبەست دەنگی نونە کە یەک دەنگە و بەڵام لە کۆی وشەکەدا واتای وشەکە دەگۆڕێت-وەرگێڕ).. یان لە شتەکانی تر، خۆ ئەگەر پیتی نون چووە ئەو جێگەیە ئەوا ئەوانی تر بێ بایەخ دەبن. کەچی لە سیستمی دەنگیدا دەبینین کە ئاڵوگۆڕکردنی پیتی نون لە وشەی (تنقیط)دا بە نونی وشەی (ینفی) هیچ جیاکارییەک ناگەیەنێ لە واتادا، وێڕای ئەوەی ئەم دوو نونە زۆر لە یەکتر جودان لە رووی گۆیاوە، بەبێ ئەوەی ئەم جیاوازییەیان ببێتە هۆی گۆڕینی واتا. کەواتە دەتوانین بڵێین زمان دەمانخاتە بەرانبەر هەڵبژاردنی ئاڵوگۆڕکاریی لە نێوان فۆنیمەکاندا لە کاتێکدا کە قسەکردن دەمانخاتە بەرانبەر دابەشکردنی تەواوکاریی نێوان هەزاراندا.
یەکێکی تر لە پراکتیزەکانی دیکە بۆ جیاکاری لە نێوان زمان و قسەکردندا لە شیعریەتدا بریتییە لە جیاکاری لە نێوان ئەوەی میراتە و ئەوەی کە مەوهبەی تاکە، چونکە دەنگی شاعیران دەچێتە نێو سیستمێکی گشتییەوە کە دەتوانین ناوی بنێین بە بلیمەتی زمانەوانی لەگەڵ ئەوەیکە هەر یەکەیان لەگەڵ ئەویدیکە جیاوازن بەوەی کە سیفاتگەلی جیاکەرەوەی خۆیان هەیە.
 بەم شێوەیە ئیمرئوالقیس و موتەنەبی و سەیاب و مەحمود دەروێش هاوبەشن لە نەریتەکانی هەمان زماندا، بەڵام جیاوازن لە پراکتیککردنی نموونە قسەییەکاندا کە هەریەکە و جودایە لەویتر.
سوسێر و دواتریش سابیر، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە زمان دامەزراوەیەکی ناهەستییە، کە مرۆڤ ناچار دەکات بۆ ملکەچ کردن بۆی، و ئەوانەی دەوروبەری چوارچێوەیەکی رۆشنبیریی گشتگیری بۆ دادەنێن کە هەموو ئەندامانی گروپی زمانەوانییەکانی دەچنە ژێر. یەکێک لەو دەرئەنجامانەی لێی کەوتەوە بریتی بوو لە گشتاندنی ئەو باسەبوو لە کایەگەلێکی خوێندندا هەتا ئەوەی شتراوس گەیشتە ناهەستی بونیادی ئەنترپۆلۆژی، و یەکێک لە بۆچوونەکانی ئەوەبوو کە «ناهەست ناوەرۆکەکان نییە بەڵکو شکڵەکانە، واتا ئەرکی هێماگیرییە، ئەم بیرۆکەیەش نزیکە لە لەوەی لاکانەوە کە پێی وایە خودی ئارەزوو بونیادگیرە وەک سیستمێک لە واتاکان، ئەمەش ئەو شتەبوو کە بووە هۆی، یان پێویستە ببێتە هۆی پەسنکردنی خەیاڵی دەستەیی لە میانەی جۆر و ئەرکەکانییەوە، نەک بە هۆی بابەتەکانییەوە». با بە چۆنییەتییەکی گشتگیرتر بەڵام روونتر بڵێین: بەهۆی ئاماژەکانییەوە، نەک بە هۆی واتاکانییەوە(۳)». کەواتە ناهەست لە زماندا سەقامگیر دەبێت نەک لە قسەدا، مادەم زمان دامەزراوەیەکی ئیلزامییە و قسەکردنیش هەڵبژاردەیە لێی، ئەگەرچی ئەم ئاستە ناکرێ جودا بکرێنەوە. خۆ ئەگەر بمانەوێ ئەمە کێشکەینە نێو شیعرەوە ئەوا رەنگە راست بێت کە بڵێین: ناهەست ئەوەیە کە دەکەوێتە ژێر چەتری بەشە گشتییەکەوە لە جێماوەی دەستەیی و بلیمەتی شکڵیی زمانەوە، نەک لە شێوازی تاکی شاعیرێک یان ئەویتر. کەواتە ناهەست لە ئاماژەکاندایە نەک لە واتابەخشەکان، یان لە سیستمی هێماییدایە نەک لە پەیامەکان.
سوسێر سوسەی کردوە بۆ توانستی زمان کە دەبێتە نێوەند لە نێوان زیهن و جیهانی دەرەوەدا. ئەگەرچی ئەم تیۆرە هەر لە کۆنەوە زانراوە و فەیلەسوف و بیریارە یەکەمینەکان چوونەتە نێو باسی پەیوەندی ناوەکان بە شتەکانەوە، هەر لە ئەفلاتونەوە هەتا ئیبن جنی، ئەوەندە نەبێت کە سوسێر و رتشاردز و ئۆغدن هەڵاوێردەن لەم بارە.
سوسێر وای بۆ دەچێت کە ئاماژەی زمانەوانی لە دوو رەگەز پێک دێت کە بریتین لە ئاماژە و ئاماژە بۆ کراو، یان وێنەی دەنگی و چەمکەکەی. هەردووکیشیان بە رایەڵەیەکی وابەستەیی دەروونی بەیەکەوە بەستراون. چونکە چەمکە وێناییەکان هەریەک لە دەنگە دەچووەکان و ئەو جیهانەی دەریشەوە کە باسی لێوەکات، پێچەوانە دەکاتەوە. دوو سیفەتی جەوهەریشی بۆ ئەم ئاماژەیە داناوە، ئەوانیش: هەڕەمەکی و هێڵگیریی.
هەرمەکی واتا هیچ پەیوەندییەکی ناوەکی نییە لە نێوان ناو و ئەوەیکە ناونراوە. بیرۆکەی (أخت) کە ئەرکێکی ئاماژەیی لە خۆ دەگرێ لە زمانی عەرەبیدا هیچ وابەستەییەکی نییە لەگەڵ بەدوایەکداهاتنی دەنگیی پیتەکاندا (أ-خ-ت)، ئەم بیرۆکەیە دەکرێ بە دەنگگەلێکی زۆر گوزارشتی لێبکرێ، و روونترین بەڵگەش لەسەر ئەوە بریتییە لە زمانە جیاوازەکان، لە زمانی عەرەبیدا (أخت)ە لە ئینگلیزیدا (sister)ە لە فەرەنسیدا (soeur)ە لە کوردیدا (خوشک)ە.. هتد.
ریتشاردز و ئوغدن ئەم سیفەتە بە هێڵکاریەک شیکدەکەنەوە کە ناویان ناوە (سێگۆشەی واتایی). کە تیایدا هێما رەگەزی زمانی دەنوێنێ-وشەیەک بێت یان رستەیەک.. هتد- و ئاماژەبۆکراویش بابەتە دەرەکییەکە دەنوێنێ لە جیهانی بابەتی ئەزموونی، ئاماژەکە یان بیرۆکەکە وێناکردنەکە دەنوێنێ. بەپێی ئەوەی ئەم دوو بیریارە بۆی دەچن هیچ وابەستەییەکی راستەوخۆ نییە لە نێوان هێما و ئاماژەبۆکراودا نییە (واتا لە نێوان زمان و جیهانی دەرەوەدا(۴) بیرۆکە یان ئاماژە بۆ کراوهێما بەچاوپۆشین لەو کێشە راڤەکارییانەی ئەم وێناکردنە لە خۆی دەگرێ، لەگەڵ ئەوەشدا دەمانگێڕێتەوە بۆ پێکهاتەی زمان کە بوونی تایبەتمەندی سروشتی یان گشتگیریی بۆ شتەکان رەتدەکاتەوە، کە ناوزەندکەدنەکەی پشتی پێدەبەستێت، جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە واتا شکڵێکی گشتگیری نییە، بەڵکو هەمیشە تایبەتییە، بەواتای بەتێکڕایی بەراوردناکرێ بە وشە و رستەکان، بەڵکو بەم و بەو لە وشە و رستەکان.
بەڵام هەرگیز ئاماژەکان بە تەنها نابن بەڵکو لە سیاقێکی دیاریکراودا دەبن. و وابەستەی سەرجەم ئاماژەکانی تر دەبن کە پێش یان پاشیان دەکەون لە رستەدا بە پەیوەندییەکی شوێنکەوتەیی کە بریتییە لە پەیوەندی ئامادەگی، هەروەک وابەستەی سەرجەم ئەو ئاماژانەشە کە ناکەونە نێو رستەکە یان پەیامەکە بە پەیوەندییەکی ئاڵوگۆڕکراو، کە ئەویش پەیوەندی نائامادەگییە. وشەی (پیاو) لە رستەیەکی وەک (پیاوەکە هات) وابەستەی پەیوەندییەکی شوێنکەوتییە لەگەڵ وشەی (هات)دا و هەروەها وابەستەی پەیوەندییەکی ئاڵوگۆڕە لەگەڵ وشەی (کوڕ) و (پاس)دا. چونکە دەکرێ بڵێن (کوڕەکە هات) یان (پاسەکە هات) بەڵام ناکرێ بڵێین (ئافرەتەکە هات-ئەمە زیاتر لە زمانی عەرەبیدا دەردەکەوێ کە جیاوازی دەکرێ لە نێوان نێر و مێدا-وەرگێڕ). کەواتە لە زماندا جیاوازی هەیە، نەک سنووری ئەرێنی. چونکە وشەیەکی دیاریکراو واتاکەی وەرناگرێ تەنها لە سیستمێکی گشتگیردا نەبێت کە رەونەق یان تاریکی خۆی بداتێ لە سیاقێکی دیاریکراودا.
چۆمسکی جیاکارییەکەی سوسێر لە نێوان زمان و قسەکردندا دەگەڕێنێتەوە، ئەو جیاکاری دەکات لە نێوان توانست و جێبەجێکردنی زمانەوانیدا. لە دیدی ئاڵۆگۆڕگیریی چۆمسکیدا هەنگاوی بنەواشەیی بریتییە لە دیارخستنی سێ پێکهاتەکەی سینتاکسی نوێ کە تێکڕایان پێکهاتەی واتایی، و دەنگیین، کە ئەوانیش پێکهێنی راڤەکارین، پێکهێنی سینتاکسی پێکهاتەیی کە جیادەبێتەوە لە هەردوو پێکهێنی دیکە بەوەی کە سروشتێکی داهێنەرانە یان پەیداکەری هەیە، یاسایەک لە خۆ دەگرێ بۆ پەیداکردنی کۆمەڵێک لە زنجیرەی بنچینەیی. هەروەها پێکهێنە دروستەکەرییەکان پێکهاتەی لاوەکی ئاڵوگۆڕی لە خۆ دەگرێ کە بونیادی رووکاریی دروست دەکات لە بونیادی قوڵ لە رێگەی پرۆسەیەکی رووکارییەوە کە پێی دەوترێ ئاڵوگۆڕەکان. چونکە بونیادی قوڵ بریتییە لە شوێنی چوونە نێو پێکهاتەی واتاییە، و بونیادی رووکاریش شوێنی چوونە نێو پێکهاتەی دەنگییەوەیە «وپێکهێنەری دروستکەریش یان سینتاکسی لە بنەمایەک پێک دێت بۆ دروستکردنی بونیادی قوڵ، و بەشێکی ئاڵوگۆڕکاری بۆ دەرخستنی لە بونیادی رووکاریدا. هەروەها بونیادی قوڵی رستەیەک بەرەو پێکهێنی واتای دەگوزەرێت بۆ راڤەکردنی لە رووی سیمانتیکەوە، لە کاتێکدا کە بونیادە رووکارییەکەی بەرەو پێکهێنی فۆنۆلۆژی دەگوزەرێت، و راڤەکاری فۆنەتیکی لە هەناو دەگرێ. چونکە کاریگەری دووەمینی رێساکان بریتییە لەوەیکە وێنای واتایی بەراورد بکرێ بە وێنای دەنگی.. ئەرکی سەرەکی رێسای ئاڵوگۆڕکاریی لەوەدا قەتیس دەبێت کە بونیادی قوڵی ئەبستراکت کە گوزارشت لە ناوەرۆکی رستە دەکات بگۆڕێ بۆ بونیادێکی رووکەشی دیاریکراو کە شکڵەکەی پێ دەبەخشێت(۵)».
کەواتە سینتاکسی ئاڵوگۆڕکاریی جودایە لە سینتاکسی بونیادی لەوەدا کە (سینتاکسی ئاڵوگۆڕکاری لە رستەوە دەست پێدەکات بەو پێیەی بچووکترین یەکەی شیکارییە لە زماندا لە کاتێکدا بونیادگەرەکان وا دڕواننە وشە کە بچووکترین یەکەی شیکارییە. ئەمەیە کە رێگە بە ئاڵوگۆڕخوازان دەدات سەر لە نوێ چاوبخشێننەوە بە واتادا و سەنگ بۆ زۆرێک لە چەمکە زمانەوانییە کۆنەکان بگەڕێننەوە وەک سەلیقە و گشتگیریی زمانەوانی و داهێنان و شتی تر. ئەگەرچی سینتاکسی پەیداکەر رێگە بە شیکارکردنی زمان دەدات بەشێوەی بەدوایەکدا هاتن، بەڵام لێکۆڵینەوەی شێوەزار و زمانە لقییەکان بەشێوەی هاوکاتی، چەسپاندنێکی تری وەرگرتووە، چونکە بە جەختکردنەوەی لە پەیداکردن و دانانی بە بەردی بناغە لە زماندا وایکردوە کە پێویستی لێکۆڵینەوەی زمان بچەسپێت لە رووی توانستی قسەکەر لەسەر داهێنانی. چونکە تەنها تێگەیشتن بەس نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی زمان. مادەم پەیداکردن، نەک تێگەیشتن، رەگەزێکی بنچینەیی بێت تیایدا. لێرەوە پێویستی ئەوە دێتە گۆڕێ کە پشت بە قسەکەرێک ببەسترێ کە زمانی توێژراوی زمانی دایکی بێت، و هەروەها پێویستی ئەوەی کە وا تەماشای شێوەزار بکرێ کە زمانێکی لقییە.
*مامۆستای زمانناسی لە کۆلێجی زمان/بەشی عەرەبی/ زانکۆی سلێمانی
………………………………………………………………………………………….
پەراوێزەکان:
۱-fredinand de Saussure: course in general linguistics  p. 10
۲-edward sapir: language p. 17
الترجمە العربیە: د.یوئیل عزیز یوسف ص۲۸
۳-رولان بارت: مبادئ علم الدلالە ص۴۹
۴-richrds and ogden: the meaning of meaning
۵-noam Chomsky: acpect of the theory of syntax> p. 135
سەر چەوە : ” کوردستانی نوێ ” 

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا