ڕەزا عەلیپوور رۆماننووس و شاعیر لە ساڵی 1977 لە شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. یەکەم رۆمانی لە ساڵی 2020 بە ناونیشانی (ئەلف/یا) بڵاو کردووەتەوە. بەر لە نووسینی رۆمان پێشتر چەند کۆمەڵەشیعر و کۆمەڵەوتاری چاپ کردووە. رۆمانی (لەوێ مەمرە) دوایین رۆمانیەتی و لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ کراوە.
لەم گفتوگۆ کورتەدا, عەلیپوور دەربارەی کتیبە نوێیەکەی و چەند پرسی پەیوەست بە نووسین و کارەکانییەوە، دەدوێت…
– چەند ساڵ کارتان لە نووسینی ئەم رۆمانەدا کرد؟ بیرۆکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەی و چەندتان پێویست بوو لە چوارچێوەی رۆمانێکدا بیخەنەڕوو؟
به‌م لایف ستایلە (شێوە ژیان)ـەی ئێستای منه‌وه ناکرێت و بۆم نالوێت یه‌کبین دابنیشم و کار له سه‌ر ڕۆمان بکه‌م، ناچارم پچڕپچڕ کاتی بۆ ته‌رخان بکه‌م و لە ئەرک و کاری دیکه کاتی بۆ بدۆزمه‌وه، دیاره ئەمە کاریگه‌ریی له سه‌ر فۆڕمی نووسینیش داده‌نێت. من له نووسیندا خۆم وا ڕاهێناوه زۆر متمانه به خۆم نه‌که‌م، هه‌ر ئەمه لە کاتی نووسیندا ڕاڕایی و وه‌سواسم ده‌کات. تێکەڵبوونی ئەو پچڕپچڕییە لەگەڵ وەسواس و هەستیاربوونی خۆم، واده‌کات ماوه‌یه‌کی زۆرتر و ماندوو‌که‌ر به ده‌قه‌وه خه‌ریک بم. سه‌باره‌ت به بیرۆکە، من له‌و نووسه‌رانه‌م له کاتی نووسین و له ناو ده‌قدا و به‌ره‌به‌ره شته‌کانم لێ ڕوون و لێڵ ده‌بێت، ڕووداو و‌که‌سێتی و ئایدیا و… له ڕەوتی نووسیندایه ده‌گۆڕدرێت، هەر ئەمه واده‌کات به دیاریکراوی چرکه‌ساتی لەدایکبوونی بیرۆکەی ده‌قێک بۆم دیار نه‌بێت.
– ئەمە دووەم ئەزموونی نووسینی رۆمانی بەڕێزتانە، ئایا رۆمانی (لەوێ مەمرە) درێژە بە هەمان هێڵی رۆمانی یەکەمتان دەدات؟ یاخود لە زۆر رووەوە جیاوازە؟
من نووسه‌رێکی ئەزموونکارم، نووسه‌رانی ئەزموونخواز له به‌ر ئەوەی به پاره‌ی خوێنه‌ر و بڵاوگه و… ناژین له چاو نووسه‌رانی له ده‌قدراو و ڕەسمی و ژانری‌نووس (که به چاوه‌ڕوانی و عاده‌تی خوێنەر و چاپ و‌په‌خش و… ده‌به‌سرێنه‌وه) ئازادترن و سه‌ر به زۆر شوێندا ده‌که‌ن، دیاره ئەو سەرەڕۆییە هه‌ندێ مه‌ترسیش له سه‌رڕێیاندا داده‌نێت، بەڵام ڕەنگه بەگشتی دەرگا و په‌نجه‌ره‌ی تازه و جیاوازیان بۆ بکرێته‌وه. له‌ملایشه‌وه ئەفسانه‌یه‌ک هەیە له ناو نووسه‌راندا، ده‌ڵێ هه‌ر نووسه‌رێک هەرچی بنووسێت دواجار هه‌مووی یه‌ک کتێبه. له لێکدرانی ئەو دوو دۆخە، ده‌توانم بڵێم ڕۆمانی “له‌وێ مه‌مره” ئه‌زموونی جیا و دابڕانە له ده‌قی ‘ئەلف/یا”، بەڵام له‌وانەیە هەندێ خاڵ، یان داڵغه‌ی هاوبەشیش لە هەردوویاندا ببێت که به دوو چه‌شنی جیا ده‌ربڕابێتن و ده‌رخرابێتن.
– مێژووی ئەدەبی کوردی زیاتر شیعری بووە، کەمتر پەخشان دەبینرێت، ئایا رۆمان دەبێت سوود لەو نەریت و پاشخانە شیعرییە وەربگرێت، یاخود دابڕانێک لەگەڵیدا دروست بکات؟
له ڕۆماندا من به چه‌ند باردا سوودم له شیعر گرتووه و ده‌یگرم. کارکردن به شیعر له گێڕانه‌وه‌دا وریایی ده‌وێت، من نازانم چه‌نده وریایانه کارم به شیعر و ئیمکان و پوتانسیه‌لی شیعر کردووه، به‌ڵام گرنگیدان به “وشه” وه‌ک یه‌که و یونیت، له شیعره‌وه فێر بوومه، ڕیتم و خه‌یاڵ و وێنەسازی به دیوی باش‌دا هه‌ر له شیعره‌وه فێربوومه، به‌ڵام بۆ ڕۆمان و چیرۆک دژوارییەکە ئەوەیە هه‌مووی ئەمانه ده‌بێ ببنە په‌خشان و له گێڕانه‌وه‌دا بتوێنه‌وه و ئەرکی جیا له شیعر جێبه‌جێ بکه‌ن. هه‌ست ده‌که‌م شیعر ده‌توانێ زۆر پێشنیار بدات به ڕۆمان، به‌مه‌رجێک دواجار ڕەگەزگەلی گێڕانه‌وه و داستان زاڵ بێت، نه‌ک وه‌سفی جوان و زمانی شیعریی بێ چیرۆک.
– پێشتر چیرۆک و شیعر و وتارتان بڵاوکردووەتەوە، ئایا مەرجە بۆ نووسینی رۆمان، نووسەر پێشتر ئەزموونی ژانرەکانی دیکەی کردبێت؟
نا، مه‌رج نییه، ڕەنگه ڕۆماننووسان باشتر له ڕۆمانناسان ئەمه بزانن که ڕۆمان له چاو دیکه‌ی ژانره‌کان چه‌نده ژانرێکی بێ مه‌رج و بێ ڕێسا و یاسایە. ئەمه کار سانا ناکات، دژواری ده‌کات. تۆ نه‌خشه‌ت له به‌رده‌ستا نییه و ده‌بێ بێ نه‌خشه و یاسا و ڕێسا جیهانۆچکه‌یه‌ک دروست بکه‌یت زیندوو، وەک مرۆڤ و جیهازێکی ئاڵۆز هەموو پارچه‌یه‌کی هاوئاهه‌نگ و له جێی خۆیدا کاربکات و بجووڵێت. کەواته ده‌توانم بڵێم تاقه مه‌رجی نووسینی ڕۆمان خودی ڕۆمانه‌که دیاری ده‌کات، که من پێموایه گرنگه ده‌قه‌که زیندوو بێت و وەک بوونه‌وه‌رێکی تایبه‌ت و یونیک له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوەستێت و خۆی بژیەنێت.
– ئایا مەرجە بۆ نووسینی رۆمانی مۆدێرنیستی، ناوەرۆکیش بەزەروورەت باس لە جیهان و ژیانی مۆدێرن بکات؟
نەخێر، مه‌رج نییه.
ده‌کرێ نموونه بێنینه‌وه که ده‌قی مۆدێرنیستی له سه‌ر ژیانی گوندی و گوندنشین نووسراوه وه‌ک زۆر به‌رهه‌می فاکنه‌ر، ڕۆمانی مۆدێرنیستی مەرج نییە هه‌ر لەسەر جیهانی مۆدێرن (ماشین، شار، سەرمایەداری، تەنیایی مرۆڤی هاوچەرخ و هتد) بێت، بەڵکو سەبارەته به شێوازی بینین و ئەزموونکردنی جیهان. مۆدێرنیزم پێش هەموو شتێک شێوازێکی تێگەیشتن و نواندنه‌وه‌یه نەک بە تەنێ بابه‌ت. زۆر گشتی بڵێم ڕۆمانی مۆدێرنیستی کاتێک مۆدێرنه که جیا له نیگا، فۆرم و زمانەکەی مودێڕن بێت نه‌ک بابه‌تی.
سەر چاوە: کوردسات
