من ئەمبینی دایکم نە، من ئەمبینی باوکم نە، من ئەمبینی یان پێتان وایە وڕینە دەکەم؟ وانیە، نە.
من باسی شەوێکی تایبەت دەکەم، شەوێک بەردەوام درێژ… من هەمیشە ئێرەم تێکەڵ بە بۆنێکی خەست و لینج دەهاتە بەرچاو، ئەوانی کە… نازانم. بۆنە کە زۆرتر دەبینرا، بۆنێک تەڕ و لمتاوی. تەنیا پەنجەرەی ئەم ماڵە کە بەرەو حەوش و کۆڵان دەکرێتەوە تەلبەند کراوە، دیواری کەڵک و سەربانەکەیش هەروا، تەنانەت لق وپۆی دارتووەکەش ئاسمانی حەسارەکەی داگرتووە، دەتگوت لمۆزی کەلاوەیەکی نەپۆڕە بۆیە لەم ماڵە ئەوەندە ناتوانی بۆ دوور بڕوانی. ئێوە نازانن ئەو قین و ئازارە قورسە لە دڵی باوکمدا وەکوو ژەحرێکی خەست و کوشندە تریفەی مانگیشی ڕووشاندبوو. کە هاتەوە، شەوژەنی دەرگای حەوشەکەی داخست، من بینیم هەر لە حەوشەکەوە هەتا ناو ماڵەکە وەکوو دەعبا چراکانی یەک لەدوای یەک کوژاندەوە و تف ولەحنەتی لە گۆڕێ کێ و کێ دەکرد هەتا گەیشتە ناو هۆڵەکە، چاوچاوی نەئەبینی، دایکم بەدەم دووراندنی کراسە پوولەکەدارەکەوە خەوی لێ کەوتبوو، باوکم بە دەم چزەی جنێوداننەوە جگەرەی دەکێشا و لەسەر کورسییەکە دانیشت و چرکەی لەخۆی بڕی، سوتووەکان دائەکەوتنە ناوقژەکانی دایکم کە بەسەر تەختەخەوەکەدا پرش وبڵاو ببوون، هەزاران هەزار مێلوورە سەریان کردبووە ناو قژەکانی دایکمدا، من باش ئەمبینی چزەی قژ و مێلوورە دۆزەخێکی ترسناکیان ڕێی خستبوو.
لەم تاریکستانە باوکم دیسان بە ئاهوناڵەیەکی شوومەوە بانگی کرد تەولان…تەولان…چما لە قووڵایی بیابانێکەکەوە دەیقیڕاند و خۆی لوول ئەدا… ژنێ لە پەنجەرەیەکی قاوەیی ئاچووخەوە بەرانبەر بە کۆڵانە داخراوەکەی ئێمە پەردەکەی لادا و چما چغە لە سەگێک بکا باوکمی ڕاونا… باوکم ئەتگوت گڕی گرتووە، بێدەنگییەکی مەرگبار و هەوایەکی گەرم و خەفەکەره ئەوناوەی داگرت، باوکم بەدەم هەناسەبڕکێوە چاوی کردەوە و بینی دایکم زەردەخەنەیەکی شیرین کەوتووەتە سەرلێوی.
دەتگوت مارێکە و ئەیهەوێ شکارەکەی لوول بدات، دایکم بێزووی بەئاوەوە دەکرد پاڵکەوتبوو و پیاوە قژکاڵەکە خەریک بوو دوایین ماسی لەسەر چینی کراسەکەی بنەخشێنێ کەچی ماسییەکە دەخزایە سەر قاڵییەکە و دایکم پێدەکەنی… باوکم لەپڕێکا پڕ بە زاری فیشکاندی و بەلەونێکی وەحشییانەوە لەپی دایکمی گرت و ڕایوەشاند، دایکم سڕوکاس هێشتا لە شیرین خەودا بوو. لەو وەهمە لێڵە فڵچەکەی دەخزاندە سەرزگی، دایکم سەرشێتانە کوتومت فریشتەیەک لە بنی بیرێکەوە قاقای دەکێشا باوکم فیشکاندیی: عفریتە کێ ختووکەت ئەدا وا خەوت لێم زڕاندووە؟ بۆ ئەوەندە شادومانی دەڵەدێو؟ دایکم تەنیا وشەیەک کە دەیگوت ئاو… ئاو… بوو، پەلاماری داو پەلکێشی کرد، لە ژووری خەوتن بۆ ڕاڕەو و ناو هۆڵەکە و بەرەو ناوتاریکییە دزێوەکەی حەوش و لەژێر دارتووەکەدا باوکم بە دەستێکی سەری ئاسنینی بیرەکەی هەڵگرت و لەو دەستیشی… لەپڕێکا دایکم قریشکاندی و لەو ساتەوەختەدا وەکوو ماسییەک لە چنگی باوکمدا هەڵخلیسکا و خۆی خستە ناو بیرەکە و ڕزگاربووین.
ئێوە هەر بە خەیاڵتانا نایەت، لەو شەوەوە باوکم بەو تەمتوومانە هەسەوە هەرکات میزی بێ دێتە سەر بیرەکە لەبەرا وەکی مار لوول دەخوا و میزی تێ ئەکا… من و دایکم لەم دنیا کڕ وکپ وشێدارەدا قووڵ لێ خەوتووین بەڵام ماسییە ڕەنگاوڕەنگەکانی سەر کراسەکەی دایکم شایلۆغانیانەو لە ئاوێنە بچووکەکەی گیرفانی سوخمەکەی دایکم کە ئێستا لە بێخی بیرەکەدایە بریقەبریقیانە.. باوکیشم هەر ئەفیشکنێ و میز دەکا…هەرئەفیشکنێ ومیزدەکا…
