باوشی کرد بە سەمای پەردەکەدا و ئەم لاو ئەولای پەنجەرەکەی ماچ کرد.
نا بۆ ئەوەی ڕووناکی و تیشک ئەبەخشێ بە هزر و هەناوی، بۆ ئەوەی تەنیا لەم سەمایەدا ئەیوێرا نهێنییەکانی مێشکی بێ ترس بدرکێنێ…
پاڵی دەدا بە ناسکی و بێ کێشی پەردەکەوە و داڵۆسکەی هەورەکان دەبوو.
هەناسەی باراناوی هەورەکان، چیمەنی گیانی پیت و وشە و ڕستەکانی هەناوی دەحەساندەوە و دەمبۆڵە و ناونیتکەکانی کوێستانی سەردڵی دەشۆردەوە…
هاوسەری پیشی دەخواردەوە و دایدەخوڕی بەسەر کتێبەکانیا: مەردم ژنی هەیە و منیش…ئاااااااخ!!!
– لە دەست خوام بڕی، سەیریکە، ئێژی گەریلایە. تەنیا دەمەو قۆپانێکی کەمە!
نازانم بۆچ کوێراییم داهات و ئەو هەمووە جیاوازییەم نەبینی؟
هیچ فەن و فێڵێک کاری لێ ناکا. تەنانەت کۆڵانەکانیی مناڵییش نایبات بە پیرایی مەکرێکی ژنانەوە!
چ داماو نەحەساوەم من.
خۆت بێژە گەلاوێژ!
تاوانی من چییە؟
نەرم و نیانی بە میوانییش بە لاتا نەهاتووە.
ئااااخ… ئاخر بێژە: هەڵوا بۆ نەرمی، بۆ گەرمی، بۆ چەوری!
وەڵاااا نازانم بۆ چیی؟
لووس و لەبەر دڵانی؟
نەوەڵاااا
فێڵ زان و تەڵەکە بازی؟
نەبیلااااا.
بۆنی سمڵ و مێخەکەکەت، دەمباتەوە لای سینگی قوپاو و مەمکە چرچەکانی دایە گەورەم.
مۆڕی دەبردەوە لە وێنە تاکەکەسیی و ئەو مێخەک و سمڵانەی کە گەلاوێژی بە سینگی دیوارەکەوە دەدواند.
– ڕقم لەهەرچی مێخەکە و سمڵە. بۆنی
نەحەساوەیی دایکم و سەرکۆنەیی باوکمی پێوە دیارە.
پەردەکە دەیڕوانییە کۆڵانێکی تەسک و شی لێداو. لەبەر چاو چنۆکی پەنجەرە مێزەرە بەسەرەکانی دەور و بەر، چاوی گەڕەک بەڕووی مانگ و خۆردا هەڵنەدەهات!
پەردە و کۆڵان،
لە ماتڵی گازێ لە خۆر پشتاوپشت ڕاکشابوو.
گەلاوێژ، بیری لە لای گوڵدانەکاندا چاندبوو و پەنجە باریک و ئاوسەکانی لە کۆ کردنەوەی تووی گوڵەکاندا جێمابوو.
کەس نەیدەزانی هەموو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، چاوی بەسەر توو چنینی گەلاوێژەوە نووقاندووە و تەمێکی تەسک بیرەوەرییە هاوبەشەکانی گەلاوێژ و زاگرۆسی لە ئامێز گرتووە و کاریان کێشاویەتە دەڕوونناسی و شیکاری مێشک و هەڵدانەوەی عوقدە سەر کوتکراوەکان…
– ڕاوێژکاری چی!؟
گەوجێکی وەک خۆی بوو.
هەرچی وتم:
وەڵاااا ژن ئەبێ لووس و بەڕۆژ بێت نەک خوێنەوار و شەیدای بۆنی کتێب!
ئەو هەر بە مەنەکەی خۆی ئەیپێوا و گوێی بۆ قسەکانی من لینج بوو…
بتبڕم بۆ سەر و شکڵت.
بۆنی کاغەز و وشە ئەدا.
بۆنی دێڕ و کتێب!
تۆ ڕقت لە جگەرە و چەرخە، منیش کتێب و نووسین!
هیچ هیچکاممان. بەڵام نا، خوا یار بێ کتێبەکان ئەکەم بە کڵ بۆت و بەم چەرخە گڕت تێ بەر ئەدەم: هەرواکە تۆ بە خوێندنەوە و پشت کردن لە من، ئاگرم تێ بەر ئەدەی.
سەیریکە!
هەمیسان کتێب! نان و کتێب ئەخۆین!
خۆ ماڵ نییە، قەبرستانی کتێبە!
گەلاوێژ چاوی کردەوە، سەری قورس بوو و تامێکی تاڵ زاری دەپێوا.
پەنجەکانی بەدووی تووی گوڵەکاندا لاڵ داکەوتبوو، دەنگێکی وەڕەزکەر لە مێشکیدا دەخولایەوە.
-کتێب… کتێب…
ناو شانی خووسی ئاو و هارەق ببوو و نەیدەزانی کوێنەی ئێشێ!
دڵی بۆ زاگرۆس و کتێبەکانی دەسووتا. ئەوان هیچ تاوانێکیان نەبوو.
تاوان لە مێشک و ئەندێشەی ئەمدا بوو، درگای دڵی بۆ تێنووسەکەی دەکردەوە و سکاڵا نەوتراوەکانی بۆ ڕەوایەت دەکرد؛ ڕەوایەتی تۆزقاڵی ڕازیانەی دڵ ئێشە لە ژیان، پرووشێک لە نەباتی خەندەی زاگرۆس، تۆزێ زەڕە شیرینی شێعرەکانی « ئیمیل دیکینسۆن» و حەقیقەت و بوێری کەلامی« سیلڤیا پلاس»
کەوچکێ لە…، ئیتر نەیوێرا هیچ بڵێ …
زەردەیەکی کاڵ بردیەوە.
– ئەمزانی حەزت لە پەردەی حەریرە!
ناهەقت نییە، مانگەشەو لە پشت ئەم حەریرەوە نەرم و هێورتر دیارە، وەک خۆت کە دوورە پەرێزی.
گەلاوێژ، مەلافەکەی کێشا بە سەر خۆیا و شریتی ڕۆژانی مناڵی و شەولەبانی ترسە زەرد و سوورەکانی تا دوا هێڵی گیرۆدەیی لە چوارخانەی کراسێکی پیاوانەدا ڕشاند بە خانەی فەرامۆشی و تەنیاییەکانیدا و لە پەلەقاژێی کێژۆڵەیەکی چاو گەشەدا چێشتخانەکەی بەجێهێشت.
قۆڵ لەقۆڵی باویکە و گەمەی بادا، کوێستان و زاگرۆسی خولیاکانی بە دیوەخانی دڵیەوە نووساند.
کۆڵان و گەڵا، لەسەر شایەتحاڵی باویلکە و سەمای پەنجە ڕووشێنەرەکانی با، شانیان لە شانی دیوارەکە خشاند و هەر پەنجەرە بوو لە ئامێزی ئاسماندا، گەلاوێژ و پەردەی هەڵدەوەراند…
